لە سلێمانی بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی میکرۆبەکانی نێو نەخۆشخانەکان تاوتوێکرا

09-05-2024
شکار رێبوار
بەشێک لە بەشداربووانی پانێڵەکە. وێنە: رووداو
بەشێک لە بەشداربووانی پانێڵەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی بواری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان بە پێویستی دەزانێت، پێداچوونەوە بە رێگەکانی پاککردنەوە و پاکژکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بکرێت و پێشنیازێکیش بە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان دەدات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی ئایاری 2024 لە پانێڵێکدا پرسی کۆنتڕۆڵکردنی میکرۆبەکان و بایەخدان بە پاککردنەوەی نەخۆشخانەکان تاوتوێکرا و دکتۆر ڤارین تۆفیق، پسپۆڕی بواری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان گوتی، ئەو دەرمانانەی بۆ پاککردنەوەی نێو نەخۆشخانەکان بەکاردێت، دەبێت ناوە ناوە بگۆڕدرێن تاوەکو کاریگەرییان بمێنێتەوە بۆ کوشتنی میکرۆبەکان.
 
هاوکات د. شاهۆ عەبدولڕەحمان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی لەم بارەیەوە گوتی، هەوکردن و میکرۆبەکانی نێو نەخۆشخانەکان یەکێکە لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا، تەنانەت بە پێویستیشی دەزانێت کە هەموو نەخۆشخانە و بنکەیەکی تەندروستی بەشێکی تایبەتی هەبێت بە پاککردنەوەی میکرۆبەکان و نوێترین رێنوێنییە جیهانییەکانیش جێبەجێبکەن.
 
دکتۆر ڤارین تۆفیق بە پێویستی دەزانێت کە بە تیم کۆنتڕۆڵی میکرۆبەکانی نێو نەخۆشخانەکان بکرێت، تاوەکو ئەو دەرمان و ئەو شێوازی کارکردنەوەی بەکاردێت، کاریگەر بێت و ژینگەی نێو نەخۆشخانەکان پارێزراوبن لە بەهێزبوونی بەکتریاکان کە بە مەترسییەکی گەورە ناودەنرێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان دەڵێت: پێداچوونەوە بە رێگەکانی پاککردنەوەی نەخۆشخانەکان بکرێت و ناوە ناوە پاککەرەوەکانی نەخۆشخانەکان بگۆڕدرێن، تاوەکو پێشگیری بکرێت لە بەهێزبوونی بەکتریاکان و نەمانی کاریگەریی دەرمانەکان دژی میکرۆبەکان.
 
هەڵگورد نازم سەرپەرشتیاری چالاکییەکە و مامۆستای زانکۆ بە رووداوی گوت، کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکان و نەخۆشییەکان لەنێو نەخۆشخانەکان چەقی سێکتەری تەندروستییە و بە پێویستیشی زانی کە لە هەموو روویێکەوە جەختی لەسەر بکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە