رووداو - تەندروستی
لە زاخۆ سەتان دەرزیی جوانکاری دەستیان بەسەردادەگیرێت و سەنتەرێک دادەخرێت؛ ''چەند جارێک سەنتەرە داخراوەکان بە پاڵپشتیی کەسانی بەرپرسی زاخۆ کراونەتەوە''.
لیژنەی بەدواداچوونی تەندروستی و قایمقامیەتی زاخۆ تەنیا لە سەنتەرێکی جوانکاری، دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 مادەی جوانکاری و زیاتر لە 250 دەرزیی فیلەر و بۆتۆکسی ماوەبەسەرچوو گرت کە پێشووتر بۆ خەڵک بەکارهێنراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ گوتی، ئەو خاوەن سەنتەرانەی کە دەرمانە ماوەبەسەرچووەکانیان تێدابووە گوتویانە کە ئەو مادانەیان هەڵگرتووە و بەکاریان نەهێناوە، بەڵام کە لیژنەکە بینیویانە دەستیان بەسەردا گرتووە.
غەریب مەجید دەڵێت: ''لە بەغداوە دەرزییەکان هاوردەکراون و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵییەوە دروستکراون''، دەشڵێت: چەند جارێکە سەنتەرە سەرپێچیکارەکان کە دادەخرێن، لەلایەن کەسانی بەرپرسی زاخۆوە دەکرێنەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە سنووری ئیدارەی زاخۆ نزیکەی 20 سەنتەری جوانکاری هەن کە 13ـیان مۆڵەتیان نییە و یەکێک لەوانە دوێنێ داخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ