کلیڤلاند: جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان زیادی کردووە

12-08-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان لە هەڵکشاندایە. پسپۆڕانیش هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست، هۆکارە بۆماوەییەکان و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەگەڕێننەوە.
 
بەگوێرەی پسپۆڕانی ناوەندی کلیڤلاند، شێوازی ژیانی ناتەندروست کە خۆی لە کەمبوونەوەی جووڵە، خۆراکی ناتەندروست و جگەرەکێشاندا دەبینێتەوە، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵە لە تەمەنی گەنجیدا. نەخۆشییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن، شەکرە، قەڵەوی و بەرزیی رێژەی کۆلیسترۆڵ کە پێشتر زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا دەبینران، ئێستا لەنێو گەنجانیشدا روویان لە زیادبوونن.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارە مەترسیدارەکان کە ناوەندەکە ئاماژەی پێکردووە، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانە، بەتایبەت کۆکاین، کە دەبێتە هۆی گرژبوونی لەناکاوی خوێنبەرەکانی دڵ رێگری لە گەیشتنی خوێن بە ماسوولکەی دڵ دەکات، ئەمەش راستەوخۆ مەترسی لەسەر جەڵتەی دڵ دروست دەکات.
 
د. کریستینا فینک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان لە ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت گەنجان نیشانەکان پشتگوێ بخەن و دەڵێت: "پێویستە گەنجان ئاگاداربن و لەکاتی بوونی هەر ئازارێکی لەناکاو یان گوشارێک لە سەر سینگیاندا، بەتایبەت لەکاتی وەرزشکردندا، راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە