رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە و وەرزشی ئۆگەندا بە مەبەستی رێگریکردن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا، بڕیاری داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەدات و کۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ دێنێت.
جانیت کاتاها، وەزیری پەروەردە و وەرزشی ئۆگەندا بڕیاریدا، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، لە 25ی تشرینی دووەم کۆتایی بە خوێندنی سەرجەم ناوەندەکانی فێربوون و قوتابخانەکان بهێنێت.
وەزیری پەروەردە و وەرزشی وڵاتەکە دەڵێت: ''بە داخستنی قوتابخانەکان تێکەڵاوبوون کەمدەبێتەوە، وادەکات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هێواشتر بێت یاخود رێگری لێبکرێت.''
وەزیری تەندروستیی ئۆگەندا لە مانگی ئەیلوولی2022، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی راگەیاند و تائێستا 135 تووشبوو و 53 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون کە هەشتیان منداڵن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، رێژەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە لە ئۆگەندا 30%ی تێپەڕاندووە، هەروەها ڤاکسین، ئاوی پاک، تێکەڵاونەبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو بە رێگەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی ئیبۆلا دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکات "هاوکارییەکانیان بۆ وڵاتەکە بەردەوامە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ