رووداو - تەندروستی
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و هەردوولا هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە، پسپۆڕانی دەروونیش هۆشداری دەدەن کە گوێگرتن لە هەواڵەکان و سەیرکردنی ڤیدیۆکانی جەنگ سنووردار بکرێن و کۆنتڕۆڵی منداڵ بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 14-6-2025 د. ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی راگەیاند، پێویستە منداڵانی خوار 12 ساڵان سەیرکردنی تەلەڤزیۆن لە ماڵەکاندا و بەتایبەتیش لە دانیشتنی خێزانیدا سنووردار بکەن.
بەگوتەی د. ئازاد خۆشناو، نابێت منداڵی خوار 12 ساڵان تێکەڵ بە بیرکردنەوە و لایەنداریی دایک و باوکی ببێت، چونکە جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە و باشترە سەرقاڵی یاریکردن و چوونە گۆڕەپانی یاری و رۆتینی ئاسایی رۆژانەی ببێت. بەڵام ئەوەی گوت کە ئەگەر منداڵەکە پرسیاری کرد ئەوا بە شێوەیەکی سادە بۆی روون بکرێتەوە لە دۆخی ئێستا.
د. موسڵیح سابیر، پسپۆڕی پەرستاریی دەروونی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆ بە رووداوی گوت، ''منداڵ و گەنجان زیاتر دووچاری گوشاری دەروونی دەبن بەهۆی ئاڵۆزیی جەنگ بەراورد بەوانەی سەروو 50 ساڵانن، چونکە پێشووتر ئەزموونی دۆخەکەیان نەکردووە''.
جەختیشی لەوە کردەوە، ''سەیرکردنی هەواڵەکان و ڤیدیۆکانی جەنگ سنووردار بکرێن، ئەگەریش منداڵ دانیشتبوو باشترە هەواڵەکان نەکرێنەوە''.
د. موسڵیح سابیر بۆ هاونیشتمانییان پێشنیاز دەکات، پێش خەوتن سەیری هەواڵەکان نەکرێت، بۆ ئەوەی کواڵیتیی خەو تێکنەچێت و کەسەکە دووچاری دڵەڕاوکێ نەبێت.
ئەگەری فراوانبوونی جەنگ بەهێز دەبێت و ئێران هۆشداری بە سێ وڵاتی زلهێزی جیهان دەدات {لێرەوە هەموو شتێک لەسەر جەنگەکە بزانە}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ