رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی خوێن تایبەت بە منداڵان رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هۆکاری پاڵنەر هەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەکانی منداڵان، شێوازی ژیانی ناتەندروست لە بەربڵاوترین هۆکارەکانە.
د. غازی عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن تایبەت بە منداڵان ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە پاڵنەری جیاواز بۆ شێرپەنجەکانی منداڵان هەن، بەڵام دەکرێت تەنیا بە رێكخستنی خەو و خۆراک، کەمکردنەوە و نەخواردنی خۆراکەکانی وەکو چپس، ئەندۆمی، خواردنەوە گازییەکان و خۆراکە خێراکان مەترسییەکە کەمبکرێتەوە.
د. غازی عەلی روونی دەکاتەوە کە دەبێت دایک و باوک زۆرتر بایەخ بە جووڵەی رێكی رۆژانە و خەوی منداڵەکانیان بدەن، ئەو دەڵێت: منداڵانی ئێستا خەویان زۆر خراپە، دەبێت منداڵان لانیکەم پێش کاژێر 8:30ی شەو خەوتبن.
بەپێی ئەو پسپۆڕە، ئەم نیشانانەی خوارەوە دەشێت هی شێرپەنجەی نێو منداڵان بن؛
- خوێنبەربوون
- تا
- کێش دابەزین
- بێهێزی
- گرێ
- تێكچوونی بینین
- زەرد هەڵگەڕان
- ژانی ئێسکەکان
- گەشکە
- رشانەوەی بەردەوام
- لەناکاو چاو خێلبوون
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەم رۆژەدا، رایدەگەیەنێت؛ دەبێت لە جیهاندا رێژەی چاکبوونەوە شێرپەنجە بەرزبکرێتەوە و ناهاوسەنگی لەنێوان رێژەی چاکبوونەوەی وڵاتە دەوڵەمەند و هەژارنشینەکان نەهێڵدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ