رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی هەناو دەڵێت، نەوەک تەنیا خۆراک، بەڵکو شێوازی دانیشتن و باری دەروونیش پەیوەندییان بە تووشبوون بە قەبزییەوە هەیە.
دکتۆر حلمی میسری، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی هەناو و دڵ باسی دیارترین هۆکاری قەبزبوون دەکات و دەڵێت، نەخواردنەوەی ئاوی پێویستی رۆژانە سەرەکیترین هۆکاری دروستبوونی قەبزییە.
هەروەها پسپۆڕەکە دەشڵێت، ''خواردنەوەی بڕێکی زۆر چا، قاوە، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان دەشێت ئەگەری تووشبوون بە قەبزی زیادبکەن و وا باشترە رۆژانە بەشێوەیەکی سنووردار بخورێنەوە، بەتایبەت چا و قاوە.''
دکتۆر حلمی میسری لەبارەی وەرزش و چالاکیی جەستەییەوە گوتی، پێویستە رۆژانە 30 بۆ 50 خولەک بەپێ رۆیشتن یاخود وەرزشی مامناوەند بکرێت، چونکە یارمەتیدەرە لە باشترکردنی فەرمانەکانی کۆئەندامی هەرس.
سەبارەت بە قەبزبوون وەکو نیشانەیەکی نەخۆشی، دکتۆر حیلمی گوتی، قەبزبوون دەکرێت بەڵگەیەکی گرژبوونی کۆڵۆن بێت؛ هەروەها لەبارەی ناڕێکیی باری دەروونییەوە دەشڵێت: ''گوشاری دەروونی هۆکارێکە بۆ سستبوونی دەمارەخانەکانی ریخۆڵە، ئەوەش وا دەکات جووڵەی ریخۆڵە کەم ببێتەوە و کەسەکە قەبزبێت.''
بە گوتەی دکتۆر حلمی، لەکاتی هەستکردن بە بەردەوامبوونی قەبزی بۆماوەی هەفتەیەک یان 10 رۆژ، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە دەشێت هۆکارەکەی گیرانی کۆم، کۆڵۆن و ریخۆڵەکان بێت.
پسپۆڕەکەی هەناو رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، بەبێ راوێژی پزیشک دەرمانی دژە قەبزبوون بەکارنەهێنن، چونکە دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ خراپتربوونی دۆخەکە؛ هەروەها بایەخ بەو خۆراکانە بدەن کە رێژەیەکی زۆر ریشاڵیان تێدایە وەکو سەوزە و میوە؛ هاوکات بایەخ بە وەرزشی رۆژانە بدەن و بۆماوەیەکی زۆر لەسەر کورسی دانیشتن نەمێننەوە.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا، قەبزبوون بریتییە لەوەی هاووڵاتی لە هەفتەیەکدا کەمتر لە سێ جار پیسایی بکات، هاوکات ئازار و ئاوسانی سکیشی دەبێت.
هەروەها ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، قەبزبوون لە خانمانی دووگیان ئاساییە و دواتر کەمدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ