تەندروستی
بودی گونادی سادیکین، وەزیری تەندروستیی ئیندۆنیزیا. وێنە: لە لووتکەی تەندروستیی جیهانییەوە تایبەت بۆ رووداو نێردراوە.
رووداو - تەندروستی
بودی گونادی سادیکین، وەزیری تەندروستیی ئیندۆنیزیا دووەم وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەیە کە نە پزیشکە و نە تەندروستکار، بەڵام بەرپرسیارێتیی وەزیری تەندروستی دراوەتێ.
بودی گونادی سادیکین، تەمەنی 61 ساڵە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی فیزیایی هەیە و وەکو کارمەند و بەرپرسی بانکینگ کاری کردووە. لە ساڵی 2016ـەوە چووەتە نێو حکومەت و بووە بە ئەندام و یاریدەدەری وەزیری کۆمپانیاکانی ئیندۆنیزیا.
لەماوەی پەتای کۆڤید-19دا فەرمانگەکەی دەبێت بە یەکەی دابینکردنی ئۆکسجین بۆ کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە، بە فەرمی لە ساڵی 2020 بە وەزیری تەندروستی دەستنیشان دەکرێت و لەو کاتەوە بەردەوامە لە کارەکەی.
یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەو وەزیرە، ئەوە بوو کە هیچ منداڵێکی ئیندۆنیزی نەهێشت کوتانی وەرنەگرتبێت و ئێستا ئیندۆنیزیا چووەتە ریزی ئەو وڵاتانەی، زۆرترین منداڵی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەم ساڵ بودی گونادی سادیکین وەکو وەزیرێکی سەرکەوتوو بانگهێشتی لووتکەی تەندروستیی جیهانی کرا و گوتی، کاریان کردووە بۆ باشترکردنی تەندروستیی گشتی و بایەخدان بە رێگەکانی خۆپارێزی و رێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوە و نەگوازراوەکان بە پەیڕەوکردنی یاساکانی تەندروستیی گشتی.
بەگوێرەی دواین ئاماری WHO، لە ئیندۆنیزیا باوترین هۆکاری مردن لەنێو پیاوان و خانمان کۆڤید-19ـیە و دووەم و سێیەم هۆکاریش جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ