زانکۆی کالیفۆرنیا: لەڕێگەی هەستەوەرێکی پێستەوە کێشەکانی گورچیلە و جگەر دەستنیشان دەکرێن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا، هەستەوەرێکی (sensor) نوێیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت، چاودێریی ئاستی دەرمان لە جەستەدا بکات و زانیاریی ورد لەسەر تەندروستیی گورچیلە و جگەر بخاتەڕوو.
 
زانکۆی کالیفۆرنیا ئاماژە بەوەدەکات هەستەوەرێکییان پەرەپێداوە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام و بە کەمترین زیان  بۆ ماوەی 6 رۆژ بە بەردەوامی کاربکات و چاودێریی چڕیی دەرمانەکان بکات و لە رێگەی پێوانەکردنی خێرایی دەرکردنی دەرمانەکان لە جەستە، زانیاری لەسەر کاری گورچیلە و جگەر بدات.
 
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات هەستەوەرەکە لە مایکرۆدەرزنییەک (microneedle) پێکدێت کە بە رووپۆشێکی زێڕین داپۆشراوە و کونیلەیەکی بچووکی لەسەرە، ئەم دیزاینە رووبەری هەستکردن بە مۆلیکولەکان نزیکەی 100 جار زیاتر دەکات و لە هەمانکاتدا دەیانپارێزێت.
 
پڕۆفیسۆر د. سام ئیمامینەژاد  ئەندازیاریی کارەبا و کۆمپیوتەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەوە دەری دەخات کە پێوانەکردن تەنیا یەک ملیمەتر لەژێر پێستەوە دەتوانێت زانیاریی گرنگی کلینیکی لەسەر ئەو ئەندامانە ئاشکرا بکات کە لە قووڵایی جەستەدان."
 
زانکۆی کالیفۆرنیا جەختیکردووەتەوە ئەم هەستەوەرەیان بۆ چاودێریی دوو جۆر دەرمان بەکارهێناوە، دەرمانێکی کیمیایی کە لەلایەن جگەرەوە چارەسەر دەکرێت و دژەزیندەیەک کە لەلایەن گورچیلەکانەوە دەپاڵێورێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە