پسپۆڕێک: نەخۆش هەبووە، بە گەورەبوونی پڕۆستاتی نەزانیوە و گورچیلەکانی پەکیان کەوتووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ و گورچیلەکان رایدەگەیێنێت، گەورەبوونی پڕۆستات زۆرجار لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە باوە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیشدا نیشانەکان زیاد دەکات. لەم راپۆرتە چیرۆکی مەترسیدار باس دەکات.
 
د. شەماڵ محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ و گورچیلەکان بە رووداوی راگەیاند، هەموو پیاوێک پڕۆستاتی هەیە، چونکە ئەوە رژێنێکە بۆ دروستبوونی تۆواو، هەروەها مەرج نییە هەموو پیاوێک کێشەی پڕۆستاتی هەبێت.
 
د. شەماڵ محەممەد باسی شێرپەنجەی پڕۆستات دەکات و دەڵێت: ئەوانەی لە ماڵباتەکەیان شێرپەنجەکە هەیە، پێویستە زوو زوو پشکنینی پڕۆستات بکەن، بەتایبەت دوای تەمەنی 40 ساڵی.
 
وەڵامی ئەو پزیشکە لەبارەی گەورەبوونی پڕۆستات و چیرۆکێکی مەترسیدار
 
رووداو: باسی دۆخی نەخۆشێکتمان بۆ بکە کە بەهۆی پشتگوێخستنی نیشانەکانی پڕۆستاتی، تووشی لێکەوتەیەکی مەترسیدار بووبێت و هاتبێتە لات؟ ئایا چی لێهاتووە؟
 
د. شەماڵ محەممەد: پیاوێکی 70 ساڵ بە کەمی ناڕێکیی میزکردنی هەبوو، کە شەوانە زوو زوو دەچووە توالێت، هیچ نیشانەیەکی کتوپڕ و مەترسیداری نەبوو، بەڵام پشگوێی خستووە و بەهۆیەوە قاچەکانی ئاوسابوون، کە پشکنینی گورچیلەشمان بۆ کرد، کریاتینی بەرز بوو و گورچیلەکانی سست بوو بوو، لێدانی دڵی ناڕێک بوو و ئاویش لە قاچەکانی کۆبووبووەوە. هۆکارەکەش هی ئەوە بووە، پڕۆستاتی گەورە بووە، پێش میزەڕۆی گرتووە بۆیە کاتێک میزڵدانی پڕ دەبێت، هەستی پێناکات، بۆیە پەستانی لەسەر گورچیلەکانی دروستکردووە و یوریا و کریاتینی بەرز کردووەتەوە. لە ئەنجامدا بەهۆی گەورەبوونی پڕۆستاتەکەی، گورچیلەکانی سستبووبوون. لەو ئاستەشدا بڕیاری نەشتەرگەریی پڕۆستاتمان بۆی کرد و ئێستاش تەندروستە. تەنانەت نەخۆشی دیکەش هەبووە، کە هەمان دۆخی هەبووە، بەڵام بەرد لە میزڵدانی دروستبووە. ئەمانە دەکران بە دەرمان یاخود بەبێ نەشتەرگەری چارەسەر بوونایە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنیان، نەشتەرگەری تێکەوت.
 
رووداو: ئایا گەورەبوونی پڕۆستات دوای تەمەنی چەند ساڵییەوە روودەدات و نیشانەکانی چین؟
 
د. شەماڵ محەممەد: گەورەبوونی پڕۆستات زۆرجار لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە باوە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیشدا نیشانەکان زیاد دەکات، بەڵام تاوەکو تەمەنەکە بەساڵاچوو بێت، نیشانەکانی زیاد دەبن.
 
رووداو: گەنج ئەگەر تووشی کێشەکانی پڕۆستات بێت، هۆکار چی دەبێت بۆ ئەو گەورەبوونە؟
 
د. شەماڵ محەممەد: باوترین هۆکاری کێشەکانی پڕۆستات لەنێو گەنجاندا زیاتر بەهۆی هەوکردنەوەیە، واتە هەوکردنی بۆڕیی میز و میزڵدان لەڕێگەی نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکانەوە. کە نیشانەکان کاتین و لەگەڵ چارەسەر و زوو دەستنیشانکردن، نامێنن.
 
رووداو: ئایا لاوازیی سێکسی بەهۆی کێشەکانی پڕۆستاتەوە چۆن هەستی پێدەکرێت؟
 
د. شەماڵ محەممەد: گەورەبوون و هەوکردنی پڕۆستات نابنە هۆی لاوازیی سێکسی.
 
رووداو: باشترین رێگەکانی پێشگیریکردن لە کێشەکانی پڕۆستات کامانەن؟
 
د. شەماڵ محەممەد: ئەمانە باشترین رێگەکانن بۆ پاراستنی پڕۆستات
 
* پشکنینی پێشوەختە بەتایبەت ئەوانەی لەنێو ماڵباتەکەیان تووشبووی نەخۆشییەکانی پڕۆستات هەیە
* خۆراکی تەندروست
* کێشڕێکی 
* وەرزش و چالاکیی جەستەیی
* خەوی رێک
* پاکوخاوێنی
* بەکارهێنانی کۆندۆم بۆ رێگری لە نەخۆشییە گوازراوەکان
* سێکس
* ئاوخواردنەوەی پێویست
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە