زانکۆی باشووری ئوستڕالیا: گوێز دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە

18-12-2022
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

زانکۆی باشووری ئوستڕالیا رایدەگەیێنێت، گوێز تەندروستیی مێشک دەپارێزێت و گوشاری دەروونیی قوتابیان کەمدەکاتەوە بەتایبەت ئەگەر لە ژەمەکانی رۆژانەدا بخورێت.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری مادە خۆراکییەکان بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، رۆژانە خواردنی گوێز کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی ریخۆڵە دەبێت، وادەکات دەرووندروستیی قوتابیان لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا باشتربێت و دڵەڕاوکێیان کەمببێتەوە، هاوکات سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: گوێز دەوڵەمەندە بە میلاتۆنین کە هاندەرێکە بۆ خەوی تەندروست. 
 
توێژینەوەکە بە بەشداری 80 قوتابی کرا، بەشێکیان گوێز لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا نەبوو، بەشێکی دیکەیان بۆ ماوەی چوار مانگ رۆژانە گوێزیان دەخوارد، دەرکەوت دەرووندروستیی ئەوانەی رۆژانە پێنج بۆ 10 گوێزیان دەخوارد، چالاکتر و ئاسوودەتر بوو.
 
ماورتیز هێرسێڵمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''قوتابیان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا تووشی دڵەڕاوکێی زۆردەبن، کە دەبێتەهۆی لاوازبوونیان و کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای مێشکیان دەبێت.'' 
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، خواردنی گوێز دەتوانێت گوشاری دەروونیی قوتابیان کەمبکاتەوە، خەوێکی باشتر و دەروونێکی ئاسوودەتریان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا پێببەخشێت.
 
دەزگەی خۆراک و دەرمان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، گوێز دەوڵەمەندە بە مادەکانی وەکو 'ئۆمێگا سێ، دژەئۆکسێنەرەکان، میلاتۆنین، پۆلیفینۆڵ، ڤیتامین E و فۆڵەیت'. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێنوێنییە خۆراکییەکان لە ئەمریکا، 28 گرام گوێز کە دەکاتە نزیکەی 12 گوێز، بڕی 'دوو گرام ترشی لینۆلیک، چوار گرام پڕۆتین، دوو گرام ریشاڵ، دوو گرام ئۆمێگا سێ و 45 مللیگرام مەگنسیۆمی' تێدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە