رووداو - تەندروستی
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، باس لە کەڵەشاخ دەکرێت و چۆنیەتی ئەنجامدانی رووندەکرێتەوە، لە بەشێکی بەرنامەکەدا باس لە جۆرەکانی قژ و پێستی سەر دەکرێت، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن رایدەگەیێنێت، لەهیچ توێژینەوەیەکدا نەسەلمێندراوە کەڵەشاخ بۆ نەخۆشییەکی تایبەت بەکاربێت.
تیمێک لەنێو ستۆدیۆ کەڵەشاخ بۆ دوو کەس دەکەن و دکتۆر ئاراس لە پزیشکێکی پسپۆڕ دەپرسێت، ''ئایا لەڕووی زانستییەوە کەڵەشاخ باسکراوە؟'' پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێنیش لەوەڵامدا دەڵێت: ''توێژینەوەی زۆر لەبارەی کەڵەشاخ کراون، بەڵام لە هیچیاندا نەسەلمێندراوە کە بۆ نەخۆشییەکی تایبەت بەکاربێت.''
دکتۆر بڕیار سەباح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن روونی دەکاتەوە، کەڵەشاخ توێژینەوەی زۆری لەسەر کراوە، بەڵام بەڵگەی زانستی ورد لەبارەیەوە نییە و بۆ هیچ نەخۆشییەک بەکارنەهێندراوە، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ هەندێک پشکنینی وەکو ڤایرۆسەکان بکرێن.
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی خوێن دەڵێت: ''تووشبووانی شێرپەنجە بەهیچ جۆرێک کەڵەشاخ نەکەن''، لەبارەی پرۆسەکەشەوە دەڵێت: ئەگەر بەزانستی نەکرێت ئەوا دەشێت پاشهاتی مەترسیداری هەبێت و کەسەکە تووشی هەوکردن ببێت، بۆیە جەختدەکاتەوە کە پێویستە تەنیا کەسانی شارەزا کەڵەشاخ بکەن.
لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی کەڵەشاخێکی تەندروست، شارەزایەکی بوارەکە میوانە و باسی بنچینەی کەڵەشاخی تەندروست دەکات و رایدەگەیێنێت، دوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ دەبێت سەرجەم کەلوپەلەکان فڕێبدرێن و کەرستەکان بۆ یەک کەس بەکاربێت.
ئیسماعیل مشیر، شارەزای کەڵەشاخە و لەنێو بەرنامەکەدا دەڵێت: ''ئەنجامدانی کەڵەشاخ پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردن و رێکخستنە''، داوا دەکات ''تەنیا کەسانی شارەزا کەڵەشاخ بکەن''، هەروەها ئاشکرای دەکات، لە هەرێمی کوردستان بەفەرمی ناوەندەکانی کەڵەشاخ رێگەپێدانیان نییە و ئەوەی هەیە تەنیا لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگییە، بەجۆرێك لە هەندێك شوێن بەبێ رێنمایی و مەرج سەنتەری کەڵەشاخ دەکرێتەوە و هیچ بەدواداچوونێکیشیان بۆ ناکرێت.
لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا پسپۆڕێکی پێست باس لە جۆرەکانی قژ دەکات و پشکنینێک بۆ زانینی جۆری پێستی سەر ئاشکرادەکات و دەڵێت: ''هەندێک خانم پێستی سەریان چەورە بەڵام قژیان وشکە.''
دکتۆر سایە دەڵێت: ''شامپۆ دەبێت لەژێر سەرپەرشتی پزیشک بەکاربێت، چونکە هەندێک جۆری شامپۆ هەیە دەشێت ببنەهۆی شێرپەنجە بەتایبەت ئەو شامپۆیانەی مادەی فۆرماڵدیهایدیان تێدایە، هەروەها هەندێکیان دەشێت هەستیاری دروستبکەن لەوکەسانەی هەستیارییان بە پێکهاتەکانی شامپۆ هەیە.''
پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری لەنێو ستۆدیۆ پشکنینێکی سادە بۆ دەستنیشانکردنی چەوری و وشکیی پێستی سەر باسدەکات؛ ''کلێنکسێک لە پێستی سەر دەدرێت و بۆ ماوەی چەند چرکەیەک پەستانی دەخرێتە سەر، ئەگەر کلێنکسەکە هیچ دڵۆپێکی چەوریی لەسەر نەبوو واتە پێستی سەر وشکە، بەڵام ئەگەر دڵۆپی چەوری لەسەر کلێنکسەکە هەبوو ئەوا دەرخەری ئەوەیە کە پێستی سەر چەورە.''
پسپۆڕەکە باس لە بەکارهێنانی سابوون دەکات و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان، ''سابوون بەهیچ شێوەیەک بۆ پێستی سەر نابێت و بەکارنەهێندرێت''، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پێستی سەر ناوەندێکی ترشی هەیە، بەڵام سابوون تفتە و هاوسەنگیی ترش و تفتیی پێستی سەر تێکدەدات، سەرئەنجام پاشماوەی سابوونەکە لەسەر پێستی سەر دەمێنێتەوە یاخود دەبێتەهۆی تێکشکانی کیراتینی قژ.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: ''تەنانەت سابوونی رەقیش نابێت بۆ قژشۆردن بەکاربێت، بەڵکو لەبری سابوون، شامپۆ بەکاربهێندرێت''، هەروەها دەشڵێت: باشترە هەفتانە لانیکەم سێ جار قژ بشۆردرێت و شامپۆ پزیشکییەکان تەنیا لە دەرمانخانە بکڕدرێن و لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆر بەکاربێن.
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ