بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی گەنجەوە نەخۆشخانەکانی گەرمیان چۆڵ بوون

19-08-2025
هونەر حەمید
نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری
نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێ خولاو، پلەبەند، پزیشکانی شارەزای گشتی و بەشێک لە پزیشکانی پایەبڵند لە پارێزگای سلێمانی بووەتە هۆی چۆڵبوونی بەشێک لە نەخۆشخانە گشتییەکان، فریاکەوتنەکان و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان.
 
لە گەرمیان هەریەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، فریاکەوتنی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری و نەخۆشخانەی قەڵا بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێ خولاو و پلەبەند بەبێ پزیشک ماونەتەوە.
 
ئازاد محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند،31 پزیشکی نیشتەجێی خولاومان هەیە کە دانەیاکیان سەر بە میلاکی خۆمانە و ئەوانی دیکە لە سلێمانییەوە بۆمان دەنێردرێت، زۆرینەی پزیشکانیش کە بایکۆتیان کردووە لە نەخۆشانەی قەڵا و نەخۆشخانەی شەهید هەژار و شەهید خالید گەرمیانی دەوام دەکەن.
 
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری دەڵێت: ئێستا بایکۆتی پزیشکان کێشەی گەورەی بۆ دروست کردووین و شوێنیان پڕ ناکرێتەوە، بۆیە هیچ ناتوانین بکەین.
 
هۆکاری بایکۆتکردنی پزیشکەکان بە هۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتی و دواکەوتنی دەستبەکاربوونیانە، کە نازناوی زانستیی پزیشکەکانی دیکەی دواخستووە، دکتۆر سۆزیار حەمەلاو، پزیشکی نیشتەجێی خولاوە لە سلێمانی و دەڵێت: کێشەی ئێمە بریتییە لە وەستان و چەقبەستنی سیستمی پلەبەندیی پزیشک و دانەمەزراندنی دەرچووانی پزیشکیی گشتیی ساڵی 2024ـە، ئەمەش کار دەکاتە سەر ئاستی پێشخستنی توانا و خزمەتگوزارییەکانمان.
 
دکتۆر زانیار عادل، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی دەڵێت: پلەبەندیی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو وەکو بەشەکانی دیکە نییە و لەبەر خاتری تەواوکردنی پلەبەندیی کارەکەمانە، چونکە ئێمە بەم جۆرە دەگەینە کۆتایی کارەکەمان کە زۆر دواکەوتووین.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 700 پزیشک بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە