لە ئەڵمانیا کڕین و بەکارهێنانی ڤەیپ بۆ کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەخەیە

22-10-2025
مەی دۆست
ڤەیپێک بەدەست کەسێکەوەیە. وێنە: رووداو
ڤەیپێک بەدەست کەسێکەوەیە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو گەنجاندا بووەتە ترێند و وەک شەپۆلێکی نوێی ئاڵوودەبوون بە نیکۆتین ناودەبرێت.
 
لە ئەڵمانیا کڕین و بەکارهێنانی بۆ کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەخەیە، بەڵام ئەمە چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
 
فوئاد حاجی خدر، فرۆشیاری کیۆسک دەڵێت: دێنە لام، پێیان دەڵێم ناسنامەکەتان. ناسنامەکەم نیشان دەدەن. ئەگەر 15، 16، 17 ساڵ بن، پێیان نادەم. بەڵام 18 ساڵ و بەرەو سەرەوە، پێیان دەدەم. هەندێک دێن، رۆژی 2-3 ڤەیپ دەکێشن، واتە لە کاژێرێکدا تەواوی دەکەن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە سەرانسەری جیهاندا 15 ملیۆن گەنجی تەمەن 13-15 ساڵ جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشن. لە ئەڵمانیاش، 22%ـی گەنجانی پۆلی 10ـی ئامادەیی ئەو جگەرانە دەکێشن یان تاقییان کردووەتەوە.
 
گەورەترین مەترسی لەسەر تەندروستییە. پزیشکان هۆشداری دەدەن کە ڤەیپیش بێ زیان نییە.
 
د. عومەر عوسمان، پزیشک لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئێسن و پسپۆڕی بواری خوێن و شێرپەنجە دەڵێت: مادەی خراپی تێدایە، وەک ئەسید ئەلدیهاید، فۆرماڵدیهاید، دایئەسیتایل، کرۆم، نیکڵ و قوڕقوشم. ئەم ماددانە، وەک دەزانین، شێرپەنجەیین. واتە دەتوانن شێرپەنجە دروست بکەن و کاریگەریی نەرێنییان هەیە.
 
لەسەر ئاستی سیاسیش، داواکارییەکان بۆ رێگریکردن و هۆشیارکردنەوە زیاد دەکەن. گوتەبێژی سیاسەتی تەندروستیی پارتی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفاڵن (NRW) بە رووداوی گوت، هێشتا پێداویستیی زۆر هەن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن.
 
مێراڵ تۆمس، گوتەبێژی سیاسەتی تەندروستیی پارتی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی NRW دەڵێت: سەرەتا دەبێت باسی بابەتی هۆشیارکردنەوە و رێگریکردن بکرێت. دەبێت منداڵان و گەنجان و بێگومان دایک و باوکیشیان، لە تەمەنێکی زۆر زوودا لەبارەی مەترسییەکانی ڤەیپەوە هۆشیار بکەینەوە. پێویستە بچینە قوتابخانە سەرەتاییەکانیش، چونکە دەزانین منداڵانی قۆناخی سەرەتاییش ڤەیپ بەکاردەهێنن. ئەمە گرنگترین هەنگاوە، کە منداڵان بە شێوازێکی گونجاو لەگەڵ خۆیان و گەنجانیش بە هەمان شێوە هۆشیار بکەینەوە. هەروەها لەو شوێنانەی کە ئەوان لێی دەگەڕێن، واتە بچینە نێو سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمەکانی دیکەش بۆ ئەوەی هۆشیاری بدەین کە لە رێگەی 'ئینفلۆنسەرەکانەوە' ریکلام بۆ ڤەیپ نەکرێت.
 
ترێندێکی نوێیە، بەڵام مەترسیدارە. دەگوترێت ڤەیپ نەوەیەکی نوێی ئاڵوودەبووانی نیکۆتین لەنێو گەنجاندا دروست دەکات.
 
فرۆشیاران لەنێوان بەرپرسیارێتی و بازرگانیدان، پزیشکان باسی زیانە تەندروستییەکانی دەکەن و سیاسەتیش بەدوای وەڵامدا دەگەڕێ، بەڵام تاوەکو گەنجان لە بەکارهێنانی بەردەوام بن، پرسیارەکە ئەوەیە: کێ بەڕاستی دەیانپارێزێت؟
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە