رووداو - تەندروستی
تەندروستیی گەرمیان رایدەگەیێنێت، هەڵمەتی کوتان دژی سوورێژە 40 هەزار منداڵ لە سنوورەکە دەگرێتەوە و داوا لە دایک و باوکانیش دەکرێت کە ئەگەر لە قوتابخانەکان منداڵەکانیان نەکوترابن، ئەوا بیانبەن بۆ بنکەکان.
ئەمڕۆ 23ـی نیسانی 2024 سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی گوت، جگە لە باخچە و قوتابخانەکەن، دایک و باوکان دەتوانن منداڵەکانیان ببەن بۆ کوتان لە بنکەکان و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە منداڵانی قوتابخانە و باخچەکان بکوترێن.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان گوتی، هەڵمەتی کوتان دژ بە سوورێژە قوتابخانە و باخچەکان دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024 بەردەوامدەبێت، هاوکات گوتیشی، ئەگەر منداڵێک لە قوتابخانەکان ڤاکسینی بۆ نەکرێت، ئەوا دوو بنکەی سەرەکی لە گەرمیان هەن بۆ ئەوەی هەموو منداڵانی تەمەن پێنج تاوەکو 12 ساڵ ڤاکسینی دژ بە سوورێژە وەربگرن.
لە بەشێکی قسەکانیدا سیروان محەممەد دەڵێت: ''ڤاکسینەکانی ئەم هەڵمەتەی دژ بە سوورێژە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراق و رێکخراوی یونیسێفەوە دابینکراون و هەموو پێداویستییەکان بەردەستن''.
رۆژی سێشەممە، 16-04-2024، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی دژ بە سوورێژەی لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان و نەوەکانی ئایندە راگەیاند و هەڵمەتەکە 10 رۆژ دەخایێنێت، هەروەها لەرێگەی سێ هەزار و 280 کارمەندەوە نزیکەی 873 هەزار و 191 منداڵ دەکرێنە ئامانج کە قوتابییانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و باخچەکان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ