رووداو - تەندروستی
پزیشکێک هۆشداریدەداتە رۆژووەوانان و دەڵێت: خۆماندووکردن هۆکارێکی سەرئێشە، سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوونی رۆژووەوانانە، هاوکات هۆشداریشدەدات لە کەمبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئاداری 2024 دکتۆر ئازری ساڵح، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، سەرئێشە و سەرسووڕان باوترین ئەو نیشانانەن کە رۆژووەوانان زۆرجار تووشی دەبن و هۆکاری سەرەکیش بۆ دابەزینی شەکر و پەستانی خوێن دەگەڕێتەوە.
دکتۆر ئازری ساڵح، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک دەڵێت: ''هەر سەرئێشەیەک بەردەوام بوو، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ ببیندرێت، چونکە دەشێت لێکەوتی مەترسیدار لەسەر کەسەکە دروستبکات''.
دکتۆر ئازری ئاماژە بەوەدەکات، دابەزینی پەستان و شەکری خوێن لەنێو رۆژووەوانان بەربڵاوە و دەکرێت دووچاری چەند نیشانەیەکیان بکات وەکو' سەرئێشە، سەرسووڕان، لاوازیی، لەرزین و تەنانەت لەهۆشخۆچوونیش'.
رێنوێنیی رۆژووەوانان دەکات، لەکاتی تێکچوونی باری تەندروستییان پشوو بدەن و ئەگەریش پێویست بوو رۆژووەکانیان بشکێنن بەتایبەت لەنێو بەساڵاچوواندا، هاوکات دەڵێت: ''تووشبووانی شەکرە لەکاتی بەڕۆژووبووندا پشکنینی بەردەوامی رێژەی شەکر و پەستانی خوێنیان بکەن، تاوەکو هەمیشە لەژێر چاودێریدا بن''.
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر ئازری ساڵح گوتی، رۆژووەوانان لە ئەگەری تووشبوونیان بە سەرئێشە و بێهێزبوونی تووند، پێویستە پشکنینی شەکری خوێن بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر کەم بوو، دەستبەجێ بە خواردنی پارچە شیرینییەک بەرزی بکەنەوە و بچنە بنکە تەندروستییەکان، ''چونکە کەمبوونەوەی شەکری نێو خوێن زۆر لە زیادبوونی مەترسیدارترە بۆ سەر جەستە و ئەندامەکان''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ