رووداو - تەندروستی
دەرمانسازێکی دانەمەزراو رایدەگەیێنێت، دانەمەزراندنیان کارێکی نایاساییە و دەڵێت، گەورەترین کێشەیان تەواونەکردنی پلەبەندیی پزیشکییە کە رێگرە لەوەی بتوانن دەرمانخانە بکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-9-2025 دکتۆر هاوکار عومەر، دەرمانسازی دانەمەزراو و دەرچووی ساڵی 2017، لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "دانەمەزراندنی دەرمانسازان کارێکی نایاساییە، چونکە پلەبەندیی پزیشکییان تەواو نەکردووە و ناونیشانە پزیشکییەکەیان وەرنەگرتووە."
سەبارەت بە کێشەی هەلی کار، دکتۆر هاوکار عومەر گوتی، "هەلی کاری دەرمانسازان کەم بووەتەوە و بەشێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان کەسانی نادەرمانساز دەکەنە نوێنەری زانستی، ئەمەش زیان بە زانست و پیشەکە دەگەیێنێت." روونیکردەوە، "کۆمپانیا هەیە 10 نوێنەری هەیە، بەڵام هیچیان دەرمانساز نین، تەنانەت پارێزەر هەیە کاری نوێنەری زانستی دەکات."
ئەو دەرمانسازە ئاماژەی بەوەش کرد، "مافی پزیشکی دەرمانساز لە کەرتی تایبەت پارێزراو نییە، نە لە کۆمپانیاکانی دەرمان، نە لە دەرمانخانە و نە لە نەخۆشخانەکان."
دکتۆر هاوکار عومەر، پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نوێنەری زانستیی کۆمپانیاکان پێویست بە یاسای نوێ ناکات و دەڵێت، "هەر یاسایەک لە عێراق دەربچێت، راستەوخۆ دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویست ناکات یاسایەکی تایبەت دەربچێت، چونکە ئەو یاسایە لە عێراق هەیە."
لە کۆتاییدا، دکتۆر هاوکار عومەر داوای لە هاونیشتمانییان کرد، "نەخۆش دەتوانێت داوای ناسنامەی دەرمانسازی لەو کەسانە بکات کە لە دەرمانخانەکان کار دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ