سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بڕیارێک لەبارەی نوێنەری کۆمپانیاکانی دەرمان (مەندوب) دەدات

25-09-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
نێو دەرمانخانەیەک لە کەرکووک. وێنە: رووداو
نێو دەرمانخانەیەک لە کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە عێراق دەرمانساز دەبێت کاری نوێنەریایەتیی کۆمپانیاکانی دەرمان بکات و سەندیکای دەرمانسازانی عێراق دەڵێت: تەنیا دەرمانساز دەبێت نوێنەری زانستیی کۆمپانیاکانی دەرمان بێت.
 
دکتۆر محەممەد نوێنەری کۆمپانیای دەرمانە و بڕیارەکەی زۆر پێ باشە، بەڵام نیگەرانە لەوەی زۆربەی کۆمپانیاکان پابەند نەبوونە و جێبەجێ ناکەن. دکتۆر محەممەد دەڵێ ''دەیان هاوڕێم هەن بێکارن، بەڵام کەسانێک دەرمانسازیش نین بەڕێوەبەرن لەکۆمپانیاکانی دەرمان''.
 
لقی کەرکووکی سەندیکای دەرمانسازان لەپارێزگاکە چاودێرە بەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێکارەوە و ئەوان دەڵێن ''ئەگەر کۆمپانیاکان و کۆگەکان پابەند نەبن و لەبری دەرمانساز کەسانی دیکە بکەنە مەندووب سزا دەدرێن''
 
مەرجی ئەوان تەنیا بۆ بازاڕکردن لەڕووی زانستییەوەیە و بۆ رووە بازرگانییەکەی ئاساییە مەندوب دەرمانسازیش نەبێت.
 
دکتۆر سینان محەممەد، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق دەڵێت: "لە رووی زانستییەوە دەبێت هەموو ئەمانە پزیشکی دەرمانساز بن، تاوەکو لە لایەنی زانستیی و لایەنە ئەرێنییەکانی دەرمان تێبگەن، بۆیە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەستمان پێکردووە، ئەم بنەمایەمان جێبەجێکردووە، هەندێک کۆمپانیا پابەندبوونە و  هەندێ دیکەش تاوەکو ئێستا سەرپێچی دەکەن، ئێمەش رێکار دەگرینەبەر، ئەو کۆمپانیانەی پابەند نیین بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بە شێوەیەکی کارتی دەرمان و کەرەستەکانیان لێ قەدەخە دەکەین، تاوەکو پەیکەربەندییەکەیان بۆ دەهێنن و هەندێک کۆمپانیاشمان ناردووە بۆ لیژنەی بەرزەفت".
 
بەرکەوتنی راستەوخۆ مەندوب لەگەڵ پزیشکانی پسپۆڕە،ئەمان بەلایانەوە گرنگە ئەو کەسەی لایەنی زانستی دەرمانەکان روون دەکاتەوە بۆیان هەم پسپۆڕ و هەم شارەزابێت.
 
د. دلێر عومەر، پزیشکی پسپۆڕە و گوتی، ''ئێمە حەز دەکەین ئەوەی دێت بۆلامان لە رووی بازرگانییەوە باسی نەکات، لایەنە زانستییەکەی باس بکات کە ئەمە دەرمانێکی تازەیە، هەتا دکتۆرەکانیش شارەزاییان هەبێت لەسەر دەرمانەکان، بۆ نموونە دەرمانی تازە چی هاتووەو چی لەبازاڕدا هەیە''.
 
لەکەرکووک زیاتر لە 100 کۆمپانیای بواری دەرمان هەیە کە مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای دەرمانسازانیان هەیە، مەرجی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمپانیا و کردنەوەی دەرمانخانەش ئەوەیە خاوەنەکەی هەڵگری بڕوانامەی دەرمانسازی بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە