رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری پێشنیاز دەکات، خانمان و پیاوان پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی پشکنینی توانای زایەندییان بکەن بە پشکنینی هێلکە و سپێرمیان، تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەک، بە ئاسانی چارەسەر بکرێن و دوای هاوژینداری، بە ئاسانی بتوانن منداڵ دروستبکەن.
د. تارا حەمید زەنگەنە، پسپۆڕی وردی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری لە کەرکووک تایبەت بە رووداو باسی حاڵەتێکی باو دەکات و دەڵێت: ئێستا دەبینین زۆربەی خانمان و پیاوان لە بیستەکانی تەمەنیاندا هێلکە و تۆویان کەمبووەتەوە.
د. تارا زەنگەنە ئەوە بە هۆکاری سەرەکیی نەزۆکبوون و لاوازیی توانای دروستبوونی منداڵ دادەنێت و دەشڵێت، پێش هاوسەرگیری پشکنینی هێلکە و تۆو (سپێرم) بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە تەندروستیی زایەندییان.
دەقی وەڵامەکانی د. تارا حەمید زەنگەنە، پسپۆڕی وردی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری IVF لەبارەی منداڵی بلووری و توانای زایەندی؛
رووداو: باوترین کێشەی دروستکردنی منداڵ (توانای زایەندی) لەنێو هاوژینە گەنجەکانی ئێستا چییە؟
د. تارا زەنگەنە: ئێستا دەبینین زۆربەی خانمان و پیاوان هێلکە و تۆویان کەمبووەتەوە، تەنانەت دەبینین لە تەمەنی 20 ساڵییەوە ئاوایان بەسەردا هاتووە، بۆیە هەمیشە پێیان دەڵێین، پێش هاوسەرگیری پشکنینی هێلکە و تۆو (سپێرم) بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە تەندروستیی زایەندییان، چونکە ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت، لە قۆناخی پێش هاوسەرگیرییان بە دەرمان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت.
رووداو: ئێستا هۆکارەکانی ئەوەی کە هاوژینان پەنا بۆ منداڵی بلووری ببەن چییە بەتایبەت لە کەرکووک؟
د. تارا زەنگەنە: ئەوانەن کە چوار یان پێنج ساڵی دوای هاوسەرگیرییان بە دەرمان و رێگەی چارەسەریش منداڵیان نەبووە، یاخود ئەو ژنانەی کە بۆڕیی هەردوولای منداڵدانیان داخراوە و بە هەناوبین ناکرێتەوە یاخود ئەوانەشی کە دەیانەوێت رەگەزی کۆرپەلە دیاریبکەن. تەنانەت بۆ ئەو دایک و باوکانەشی کە نەخۆشن و نایانەوێت منداڵەکانیان ئەو نەخۆشییەی ئەوانی هەبێت.
رووداو: ئایا ئەو هەڵانەی پێش پیتاندنی منداڵی بلووری دەکرێت لەلایەن هاوژینانەوە چین کە وا دەکەن پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبێت؟
د. تارا زەنگەنە: زۆرینەیان لە بەکارهێنانی دەرمانەکان کێشەیان هەیە، چونکە دەرزی و دەرمانەکان کات و ساتی تایبەت بە خۆیان هەیە و نابێت پێش و دوا بخرێن. هەروەها خانمان ئەگەر خەویان باش نەبێت یان خۆراکی باش نەخۆن، کواڵیتیی هێلکەکانیشیان باش نابێت و كێشە بۆ پیتاندنەکە دروستدەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کۆنتڕۆڵی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هاوسەرەکان بکرێت.
رووداو: لە چ کاتێکدا هاوژینان منداڵی بلوورییان ویستووە و بۆت نەکردوون؟ واتا ئەو هۆکارانە چی بوون؟
د. تارا زەنگەنە: ئەو خانمانەی هێلکەیان نییە یاخود پیاوەکە سپێرمی سفڕە، ئەوا بۆ ئەو جۆرە هاوژینانەی ناکەین.
رووداو: ئایا منداڵی بلووری لەنێو منداڵدانی دایکەکە ئەگەری لەبارچوونی زۆرە؟
د. تارا زەنگەنە: هەمیشە ئەگەری لەبارچوون لەو کەسانەی نەزۆکن یاخود بە زەحمەت منداڵ دروستدەکەن زۆرە، چونکە ئەو کەسانە ناڕێکییەکیان هەبووە لە منداڵدان و هۆڕمۆنەکانیان بۆیە هەستیارتر دەبن لەکاتی دروستبوونی منداڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ