رووداو دیجیتاڵ
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارەم توشبووی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک گیانی لەدەستدا.
سامان یابە، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "توشبووەکە ئافرەتێکی تەمەن 36 ساڵان و دووگیان بووە، کارمەندی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک بووە و چەند رۆژێک لەمەوبەر تووشی نەخۆشییەکە ببوو".
بە گوتەی سامان یابە، "هەر ئەوکات منداڵەکەی سکی گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆش خۆی گیانی لەدەستدا کە پێشتر بەهۆی چارەسەرکردنی تووشبووانەوە ڤایرۆسەکەی بۆ گواستراوەتەوە."
گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی، "ئەمە چوارەم گیانلەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک".
تاوەکو ئێستا 6 کەس لە کەرکووک تووشی تای خوێنبەربوون بوونە و لەو ژمارەیە چواریان گیانیان لەدەستداوە؛ دوویان کارمەندی تەندروستی بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسان، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆی گشتیی تووشبووانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق گەیشتە 26 تووشبوو".
تووشبووەکان لە کەرکووک، زیقار، بەغدا، موسەننا، نەینەوا و بەسرەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ