پسپۆڕێکی میزەڕۆ لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس: نیوەی پیاوانی سەروو 40 ساڵ گرفتی رەپنەبوونی چووکیان هەیە

27-02-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر رەنج باسی پرۆسەی رەپبوونی چووک دەکات لەنێو ستۆدیۆ. وێنە: رووداو
دکتۆر رەنج باسی پرۆسەی رەپبوونی چووک دەکات لەنێو ستۆدیۆ. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراسدا مەرجە تەندروستەکانی شووشتنی جلوبەرگ باسکران و پسپۆڕێک ئاشکرای دەکات، پاککەرەوە شلەکان لە پاککەرەوە تۆزەکان تەندروستتر و باشترن، هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەدا پسپۆڕێکی میزەڕۆ باس لە هۆکارەکانی رەپنەبوونی چووک دەکات و دەڵێت: ''نیوەی پیاوان کێشەی رەپنەبوونی چووکیان هەیە و تەنانەت لەنێو گەنجانیشدا بەربڵاوە.''
 
پسپۆڕێکی کیمیای ژیانی مەرجەکانی جلشۆردنێکی تەندروست دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، دەبێت جلی رەنگاوڕەنگ لەگەڵ جلی رەش و سپی جیابکرێنەوە و تەنانەت جلی منداڵان و جلی گەوران بە جیا بشۆرێن.
 
د. سۆما ماجدی، پسپۆڕی کیمیای ژیانی لە بارەی جۆری پاککەرەوەکانەوە دەڵێت: ''دەبێت بەگوێرەی پێکهاتەی جلوبەرگەکە بەکاربهێندرێن''، هەروەها روونی دەکاتەوە، پاککەرەوەی تایبەت بە جلوبەرگی منداڵان و گەوران دەبێت جیاوازبێت.
 
بە گوتەی د. سۆما ماجدی، لەکاتی شۆردندا پێویستە جلی منداڵ و گەورە جیابکرێنەوە و پێشنیازدەکات کە گوڵاو لەجیاتی بۆنخۆشکەری کیمیایی بۆ جلەکان بەکاربێت، سەبارەت بە هەڵخستنی جلوبەرگیش گوتی، ''لەکاتی هەڵخستن دوو دیوی جلەکە بەریەکدی نەکەون، چونکە دەبێت هەوا بەر هەردوو دیوەکە بکەوێت.''
 
هاوکات ئاماژەش بە تایدی دەستی دەکات و دەڵێت: ''تایدی دەستی بۆ جلشۆری ئۆتۆماتیک بەکارنەهێندرێت''، هەروەها ئاماژە بە مادەیەکی نێو تاید دەکات بەناوی 'فۆسفەیت' کە دەبێتەهۆی دروستبوونی قەوزەی نێو ئاوەڕۆکان، سەرئەنجام هۆکارێک دەبێت بۆ پیسبوونی ژینگە.
 
لە بڕگەی دووەمی بەرنامەکەدا پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ و نەزۆکی باس لە چەند هۆکارێکی رەپنەبوونی چووک دەکات و رایدەگەیێنێت، کێشانی جگەرە و نێرگەلە یاخود خواردنەوەی کحول هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە رەپنەبوونی چووک. 
 
دکتۆر رەنج بیلال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ و نەزۆکی دەریدەخات، ناڕێکیی لە هۆرمۆنەکان بە هۆکارێکی سەرەکیی رەپنەبوونی چووکە و دەڵێت: ''لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، رێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن کەمدەبێتەوە و هۆرمۆنی شیردان 'پرۆلاکتین'یش زیاددەکات کە راستەوخۆ کار لەسەر رەپبوونی چووک دەکەن.''
 
پسپۆڕەکەی میزەڕۆ گوتی، لەگەڵ بەساڵاچوون گرفتی رەپنەبوونی چووک زیاددەکات، بەجۆرێک 52٪ـی پیاوانی سەروو 40 ساڵان گرفتی رەپنەبوونی چووکیان هەیە، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە 10٪ـی پیاوانی خوار 40 ساڵان گرفتی رەپنەبوونی چووکیان هەیە.
 
دکتۆر رەنج ئاماژە بە چەند هۆکارێکی دیکەی باو دەکات بۆ رەپنەبوونی چووک وەکو 'ناڕێکیی دەروونی، خراپی شێوازی ژیان، خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرە و نێرگەلە، قەڵەوی و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن'.
 
دکتۆر رەنج پەیوەندیی جگەرە، نێرگەلە و کحول بە رەپنەبوونی چووکەوە رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''جگەرە، نێرگەلە و کحول لوولەخوێنەکانی چووک تەسکدەکەنەوە، بەمەش خوێنێکی کەم بۆ چووک دەچێت''، هەروەها رایدەگەیێنێت، کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکانیان لە ماوەی درێژخایەندا دەردەکەون.
 
سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆنەکان لەلایەن ئەوانەی راهێنانی لەشجوانی دەکەن پسپۆڕەکە هۆشداری دەدات، بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان لە داهاتوودا هۆکارە بۆ رەپنەبوونی چووک، چونکە توانای بەرهەمهێنانی تێستۆستیڕۆن لەلایەن گونەکانەوە کەمدەکاتەوە و دواجار بە نەزۆکی کۆتاییدێت.
 
''قەڵەوەکان زۆرتر تووشی گرفتی رەپنەبوونی چووک دەبن''، پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، کەسانی قەڵەو زیاتر تووشی کەمیی تێستۆستیڕۆن و لاوازیی سێکسی دەبن.
 
لە بارەی رێگەکانی پێشگیریکردن لە رەپنەبوونی چووک، پسپۆڕەکە رێگەکانی وەکو 'کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن، کێشڕێکی، وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست' بە مەرجی سەرەکیی بۆ پێشگیریکردن لە رەپنەبوونی چووک دادەنێت.
 
لە کۆتاییدا دکتۆر رەنج وەکو پسپۆڕی میزەڕۆ و نەزۆکی رایدەگەیێنێت، رەپنەبوونی چووک چارەسەری هەیە و یەکێک لە رێگە نوێیەکانی چارەسەریش بریتییە لە نەشتەرگەری، هەروەها ئومێدێکیش بە پیاوان دەدات و دەڵێت: ''ئەگەر پیاو تەندروستبێت، ئەوا تاوەکو تەمەنی 70 ساڵی توانای رەپبوونی چووکی دەبێت.''
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە