رووداو - تەندروستی
لەنێو یەکەمین پێشانگە و کۆنفرانسی گەشتیاریی پزیشکیی عێراق پڕۆژەی دەستپێکردنی کارگەیەکی ئەنسۆلین لە عێراق راگەیێندرا و سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی پێشانگەکەش دەڵێت: دەمانەوێت لەمەودوا لە عێراق نەخۆشانی وڵاتانی دیکە چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-4-2025 د. ئەحمەد ساڵەیی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی یەکەمین پێشانگە و کۆنفرانسی گەشتیاریی پزیشکیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دوو گەورەترین کۆمپانیای ئەورووپی بەشدارن لە سەرپەرشتیکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین لە عێراق.
د. ئەحمەد ساڵەیی دەڵێت: ''لە جیهاندا نزیکەی 15 کارگە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش یەک کارگەی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین هەیە''، هەر بۆیە ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت لە زیادکردنی کواڵیتیی چارەسەرەکانی تووشبووانی شەکرە.
لەبارەی پێشانگە و کۆنفرانسەکەوە گوتی، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کەرتی تەندروستی بگاتە ئاستێک کە ئامادە بێت بۆ پێشوازیکردنی گەشتیارانی پزیشکی لەپێناو وەرگرتنی چارەسەرەکان لە عێراق، نەشی شاردەوە کە پێویستە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان لەگەڵ کارمەند و ستافی پێشکەوتوو هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبێت.
بۆ یەکەمین جار کۆنفرانس و پێشانگەیەکی تایبەت بە کەرتی گەشتاریی عێراق لەڕووی چارەسەرە پزیشکییەکانەوە سازدەکرێت و لە ئەمڕۆوە {27ـی نیسان} تاوەکو {29ـی نیسان} لە بەغدا بەردەوام دەبێت.
پێشانگەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەبێت و دەیان کەسانی بەرپرسی تەندروستی و کارگێڕیی سیستمی تەندروستیی عێراق بەشدارن، چەندان پانێڵ بۆ بەهێزکردنی کەرتی گەشتوگوزاریی پزیشکی و باشترکردنی کواڵیتیی چارەسەرییەکان بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ