رووداو - تەندروستی
مژاری ئەمجارەی بەرنامەی دکتۆر ئاراس لەبارەی بایەخی کوتانی منداڵان بوو و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاشکرای دەکات، کۆتایی کوتانەکانی منداڵ لەنێوان تەمەنی 5 بۆ 6 ساڵییە و زۆرترین کوتانەکانیش لەنێوان تەمەنی دوای لەدایکبوون تاوەکو 5 ساڵیدایە.
د. کاوێس زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان میوانە و دەڵێت: هەندێک کوتان هەن کە دژی جۆرە نەخۆشییەکن دەشێت ببنە هۆی ئیفلیجبوون و پەککەوتنی منداڵ کە هەتا ژیانی ماوە پێوەی دەناڵێنێت.
ئەو باسی یەکێک لە ڤاکسینەکان دەکات کە بۆ نەخۆشیی سیلە و دەڵێت: ئەوەیە کە شوێنەکەی لەسەر شانی هەمووان دیارە، لەژێر پێست دەدرێت و ئەگەری ئەو کوتانە نەبووایە، بەهۆیەوە کەسێک تووشی کۆکەی درێژخایەن کە لەگەڵیدا خوێنی لەگەڵە تووشی دەبێت و کەسەکە لاواز دەکات، دەشێت ببێتە سیلی مێشك و بە گیانلەدەستدانی کەسەکە کۆتایی بێت. (بەڵام بەهۆی ڤاکسینەوە ئەو مەترسییانە کۆتاییان دێت).
زەنگەنە روونی دەکاتەوە، کەسێک تووشی سیل بوو لە ماوەی 6 مانگدا پێویستە 780 دەنکە حەب وەربگرێت و هەندێکجاریش بۆ چاکبوونەوەی تەواو لە نەخۆشییەکە دەگاتە پێنج هەزار دەنکە حەب. (بەڵام ئەگەر کەسێک بە ڤاکسینەکە کوترابێت، ئەوا ئەمانەی هەموو لەکۆڵ دەبێتەوە).
پەیامێکی دکتۆر ئاراس برادۆستی لەبارەی وێنەیەکی دایک و باوکی لەنێو ستۆدیۆ
دکتۆر ئاراس دەڵێت: باوکم لە ساڵی 1995 تووشی سیل بوو، کەوتە ماڵەوە و ماوەیەکی زۆر لەژێر چارەسەریدا بوو، دەرمانی بە زەحمەت دەستدەکەوت، بەڵام لە کۆتاییدا دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەدەست نەخۆشییەکەوە ناڵاندی، خۆشبەختانە خودای گەورە یارمەتیدەر بوو و چاک بووەوە. خەریک بوو ماڵباتێک بەهۆی نەخۆشکەوتنی باوکمەوە بێباوک بن. ئەگەر باوکم لە سەردەمی منداڵیدا ڤاکسین هەبووایە و ڤاکسینی وەربگرتایە، نەدەکەوتە نێو ئەو هەموو ئازار و نەخۆشییە.
ئەوەشی گوت، ''ئێستا من کە تووشی سیل نەبووم، لەبەر ئەوە بووە کە دایک و باوکم سوور بوون لەسەر ئەوەی کە ڤاکسینەکەم بۆ بکەن''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ