ژمارەیەک بەرهەمی چارەسەری زیپکە بەهۆی بوونی مادەیەکی دروستکەری شێرپەنجە دەکشێنرێنەوە

27-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ژمارەیەک کۆمپانیای گەورە لە ئەمریکا، بەرهەمەکانی چارەسەری زیپکەیان دەکشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوتووە رێژەیەکی بەرزی مادەی "بێنزین"یان تێدایە.
 
کۆمپانیاکانی وەک لۆریاڵ، واڵگرینز، واڵمارت و تارگێت، لەنێو ئەو کۆمپانیایانەدان کە بەشێک لە بەرهەمەکانیان کشاندووەتەوە. بەرهەمەکان پێکهاتەی "بێنزۆیڵ پێرۆکساید"یان تێدایە.
 
کێشەکە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێکهاتەی بێنزۆیڵ پێرۆکساید، بەتایبەت لە پلەی گەرمی بەرزدا، دەگۆڕێت بۆ ماددەی بێنزین، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن تاقیگەی سەربەخۆی "ڤالیشور"ەوە ئەنجامدراوە.
 
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA، رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات و داوای لە کۆمپانیاکان کردووە زانیاریی پێویست بخەنەڕوو، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە لەسەر تەندروستی "کەم"ە.
 
مادەی بێنزین، بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەک ماددەیەکی شێرپەنجاوییە بۆ مرۆڤ، رێنمایی بەکارهێنەران دەکات کە ئەو بەرهەمانەی بێنزۆیڵ پێرۆکسایدیان تێدایە لە شوێنی فێنک و دوور لە گەرما هەڵبگرن و لەناو ئۆتۆمبێلی گەرمدا بەجێیان نەهێڵن. هەروەها دەتوانن بەرهەمی جێگرەوە بەکاربهێنن کە پێکهاتەی وەک "ئەسیدی سالیسیلیک"یان تێدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە