رووداو - تەندروستی
کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی پزیشکی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکیش خستنەڕووی نوێترین توێژینەوە و پێشکەوتنە پزیشکییەکانە، رێکخەری کۆنفرانسەکەش دەڵێت: ''20 توێژەری بیانی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن و باسکردنی سیستمی فێرکاریی پزیشکیی مژارێکی سەرەکی دەبێت.''
دکتۆر ئەڤین مەعرووف، رێکخەری کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆمەڵێک داهێنانی پزیشکی و توێژینەوەی نێوخۆیی و بیانی لە کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان پێشکێشدەکرێن، هاوکات تاوتوێی سیستمی فێرکاریی پزیشکی بۆ خوێندکارانی کۆلێژە پزیشکییەکان و بۆردی کوردستانی دەکرێت، تاوەکو بتوانن هاوتەریب بن لەگەڵ سیستمە فێرکارییە جیهانییەکان.
رێکخەری کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان لە بوولتەنی نوورۆژدا دەڵێت: ''کۆنفرانسەکە لە سێ تەوەر پێکدێت؛ 'سیمپۆزیۆم، وۆرکشۆپ و پیشکێشکردنی توێژینەوەکان' دەگرێتەوە، بە ئامادەبوونی 20 توێژەر و پسپۆڕی بیانی لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، تورکیا و چەندانی دیکە توێژینەوە پێشکێشدەکەن.''
دکتۆر ئەڤین روونی دەکاتەوە، بەشێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تایبەتە بە خوێندکارانی پزیشکی بەتایبەت ئەوانەی خوێندکاری بۆردی کوردستانین، هەروەها باسکردنی سیستمی فێرکاریی پزیشکی یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکان و پانێڵێک لەبارەیەوە پێشکێشدەکرێت، دکتۆر ئەڤین گوتی، ''پێویستە سیستمی فێرکاریی پزیشکی هاوتەریب بێت لەگەڵ سیستمە نێودەوڵەتییەکان.''
لە بارەی توێژینەوە پەسندکراوەکانی کۆنفرانسەکە دکتۆر ئەڤین دەڵێت، توێژینەوەکانیان بەدەستگەیشتووە و سەرجراکێشترینیان لەبارەی نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەو بابەتانەن کە تەندروستیی گشتی دەگرنەوە، تەنانەت ئەو توێژینەوانەش دەخرێنەڕوو کە باس لە تەکنەلۆژیای نێو نەشتەرگەری دەکەن.
نەخۆشیی رۆماتیزم یەکێکە لە نەخۆشییە بەربڵاوەکانی نێو هاووڵاتییان، دکتۆر ئەڤین وەکو پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم باس لە نەخۆشییەکە دەکات و دەڵێت: ''لە کۆنفرانسەکە بایەخێکی زۆر دراوە بەو توێژینەوانەی لەسەر نەخۆشییەکە کراون و هەندێکیان باس لەو چارەسەرە بایۆلۆژییانە دەکەن کە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی رۆماتیزم دەشێت بەکاربێن''، هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات، نەخۆشییەکە درێژخایەنە و چارەسەری نییە، بەڵکو بە وەرگرتنی دەرمان و راهێنان دەتواندرێت دۆخی نەخۆشەکە باشتربکرێت.
لە کۆتاییدا رێکخەری کۆنفراسەکە گوتی، ''تاوەکو ئێستا 54 توێژینەوە پەسندکراون و 650 بەشداربوو ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن، تەنانەت ناوتۆمارکردن لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەش بەردەوامدەبێت.''
کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان لە رۆژانی یەک تاوەکو سێی ئادار لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی 'تۆڕی میدیایی رووداو' بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسەکە لەلایەن 'کۆلێژی پزیشکی زانکۆی کوردستان' و 'کۆمپانیای ئیڤێنت بۆکسەوە' رێکخراوە، هەشت بابەتی سەرەکی باسدەکرێن و حەوت کۆمەڵەی پزیشکی و 20 کۆمپانیای نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداریان تێداکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ