پزیشکێک بۆ ژنانی دووگیان: بە تووندی هەڵپەڕکێ مەکەن

28-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئامۆژگاریی ژنانی دووگیان دەکات و دەڵێت، لەکاتی چوون بۆ گەشت و سەیران، نابێت هەڵپەڕکێی تووند بکەن. دەشڵێت، ساڵی رابردوو بەهۆی هەڵپەڕکێی تووندەوە تەنیا لە سلێمانی 11 منداڵ بە ناکامی لەدایکبوون.
 
رۆژی سێشەممە، 28ـی شوباتی 2023، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی چوون بۆ گەشت و سەیران، نابێت ژنانی دووگیان هەڵپەڕکێی تووند بکەن، چونکە زیان بە کۆرپەکەیان دەگات".
 
پشدەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی سەیران و هەڵپەڕکێی "تووند"ـەوە ساڵی رابردوو تەنیا لە سلێمانی 11 منداڵی ناکام لەدایکبوون. گوتیشی: "ژنی دووگیان ئەگەر سکەکەی لە 24 هەفتە کەمتر بوو، منداڵەکەی لەباردەچێت و ئەگەریش زیاتربوو بە ناکامی لەدایک دەبێ".
 
ئەو پزیشکەی منداڵان رێنوێنیی ژنانی کرد بۆ وەرزشکردن لەکاتی سکپڕیدا و گوتیشی: "هەڵپەڕکێش لەسەرخۆ بکرێت زیانی نییە بۆ کۆرپەلە، بەو مەرجەی بەرزبوونەوەی زۆر و تووندی تێدا نەبێت".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە دەستپێکی ساڵی رابردوودا تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 600 منداڵی ناکام لەدایکبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە