رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 28 نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلیی هەولێر، ئامێری تیشکی تاودەری هێڵ تەنیا لە نەخۆشخانەی رزگاری هەیە کە ئێستا لەکارکەوتووە؛ تووشبووانی شێرپەنجە گرفتی چارەسەریان بۆ دروستبووە و چارەسەرەکانیان وەستاوە.
فەوزیە عەبدوڵڵای تەمەن 50 ساڵان، ساڵێکە بەدەست شێرپەنجەی مەمکەوە دەناڵێنێت، دوای وەرگرتنی چارەسەری کیمیاوی، چوار مانگە بۆ چارەسەری تیشک نۆرەی گرتووە؛ ئێستا نۆرەی هاتووە، بەڵام ناتوانێت چارەسەر وەربگرێت.
فەوزیە عەبدوڵڵا دەڵێت "هەفتە نییە دوو بۆ سێ رۆژ لە تەواری نەبم، زۆر بە ئازارم، لە مانگی سێوە نۆرەمان گرتووە لێرە بۆ لێزەر، ئێستا نۆرەی لێزەرمان هاتووە و لێزەرەکە شکاوە، هەزاران نەخۆشی وەکو من ئاوا راوەستاون و تەندروستییان باش نییە".
عەبدولجەبار سەلیم، هاوژینی فەوزیە داوادەکات رێگەی ئێران، تورکیا یان سلێمانییان بۆ بکەنەوە بۆئەوەی بچن چارەسەر وەرگرن.
ئامێری تاودەری هێڵی هەولێر یەکێک لە مۆدێلە کۆنەکانی کۆمپانیای سیمینزی ئەڵمانییە، کە لەدوای ساڵی 2022 هیچ پارچەیەکی یەدەگی ناخاتە بازاڕەوە؛ بەڵام بەهای بەرزی ئامێرەکە کە لەنێوان چوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلارە، وایکردووە هێشتاش بیر لە چاککردنەوەی بکرێتەوە.
بێستوون سەیفەددین، پزیشکی پسپۆڕ لە چارەسەرکردنی شێرپەنجە بە تیشک دەڵێ، ئەو پارچەیەی لەکارکەوتووە پێی دەڵێن سایرۆ ترۆپ، دەبێت ئەو پارچانە لە دەرەوەی وڵات بهێنرێن، دواکەوتنیان باش نییە، ئەگەر ئەو دواکەوتنە هەفتەیەک بێت لەوانەیە کێشە نەبێت، بەڵام ئەگەر درێژتربێت رەنگە کێشە دروست ببێت.
لە هەرێمی کوردستان، سێ ئامێری تیشکی تاودەری هێڵ هەن، ئامێرە تاودەرە هێڵەکەی هەولێر لەکاتی ئاسایی، رۆژانە چارەسەری بۆ نزیکەی 80 نەخۆش دەکرد، هەر تووشبوویەک پێویستی بە نزیکەی 25 جار سەردانکردن هەیە و ئێستا زیاتر لە 350 نەخۆش لە نۆرەدا چاوەڕوانی چارەسەرین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ