رووداو - تەندروستی
گرووپی کاری ژینگەیی (EWG) نەخشەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەوڵی ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا بۆ قەدەخەکردن و سنووردارکردنی مادە کیمیاییە زیانبەخشەکانی نێو خۆراک دەخاتەڕوو.
بەپێی راپۆرتی EWG، هەزاران مادەی کیمیایی لە خۆراک و خواردنەوەکاندا لە ئەمریکا بەکاردەهێنرێن، کە هەندێکیان پەیوەستکراون بە کێشەی تەندروستیی مەترسیدارەوە. لە ساڵی 2023دا، ویلایەتی کالیفۆڕنیا یاسایەکی گرنگی دەرکرد کە چوار مادەی کیمیایی ژەهراوی قەدەخەکرد، لەوانە "پۆتاسیۆم برۆمەیت"، "پرۆپیل پارابین"، "رەنگی سووری ژمارە 3" و "رۆنی رووەکیی برۆمینکراو".
لەدوای ئەم هەنگاوەی کالیفۆڕنیا، حکومەتی چەندین ویلایەتی دیکە وەک نیویۆرک، نیوجێرسی و پێنسلڤانیا دەستیان بەم کارە کردووە بۆ دەرکردنی یاسای هاوشێوە. بۆ نموونە، لە نیویۆرک پڕۆژەیاسایەک پێشکێشکراوە بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتنی ئەو خۆراکانەی کە ماددەی وەک "رەنگی سووری ژمارە 3"، "تیتانیۆم دایۆکساید" و چەندین رەنگی دەستکردی دیکەیان تێدایە، بەتایبەتی لە قوتابخانە گشتییەکاندا.
گرووپەکەی EWG رێنوێنیی بەکارهێنەران دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنیان بەم مادە زیانبەخشانە، پشت بە بەرهەمە سرووشتی ببەستن و خواردنی خۆراکە پرۆسێسکراوەکان سنووردار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ