نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە: پزیشکی نەشتەرگەرییەکانی منداڵانمان نییە

30-01-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نێو نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە. وێنە: رووداو
نێو نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان لە هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، ئەو منداڵە ناکامانەی پێویستیان بە هەناسەدانی دەستکرد هەیە دەنێردرێنە سلێمانی، چونکە کەلوپەلی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان نییە.
 
رۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2024  د. دەلیا محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداوی گوت، بەشێك لە چارەسەرییەکان بۆ منداڵی ناکام لە هەڵەبجە بەردەست نین و ئەوانەی دۆخیان ئاڵۆزە دەنێردرێنە سلێمانی.
 
د. دەلیا محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: لە هەڵەبجە هەر منداڵێک پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، دەبێت بچێتە سلێمانی، چونکە لە هەڵەبجە پزیشکی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان نییە.
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداریدەدات و دەڵێت: ئەو منداڵە ناکامانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن زۆرینەیان گیرۆدەی کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەناسەتەنگین، هەندێکجاریش ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ دادەنرێت.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوون لە هەڵەبجە بۆ ساڵی رابردوو؛ لەکۆی هەزار و 576 منداڵبوون، 753ـیان بە نەشتەرگەری بووە کە دەکاتە 47.7٪ـی منداڵبوونەکان.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رێژەی ستاندارد بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون بەراورد بە لەدایکبوونی سرووشتی لەنێوان 10٪ بۆ 15٪ دەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە تەنیا لە نەخۆشخانە حکومییەکانی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ئەوەندەیە کە نزیکەی 38٪ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە