توێژینەوەیەک: وەرزشی کاردیۆ مەترسیی 9 جۆری شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

30-08-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید لەگەڵ پەیمان ئەحمەد، راهێنەر وەرزشی کاردیۆ دەکەن. وێنە: رووداو
دکتۆر لونا خالید لەگەڵ پەیمان ئەحمەد، راهێنەر وەرزشی کاردیۆ دەکەن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

زانکۆی گۆتنبێرگ لە سوێد رایدەگەیێنێت، وەرزشی کاردیۆ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، راهێنەرێکی وەرزشیش دەڵێت: کاردیۆ لێدانی دڵ زیاددەکات و سووڕی خوێن چالاکدەکات. 
 
پەیمان ئەحمەد، راهێنەری وەرزشی لە بڕگەیەکی مەیدانیدا لەگەڵ دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکاری هەواڵە تەندروستییەکان رایگەیاند، رۆیشتنی ماوە درێژ باشترین جۆری وەرزشی کاردیۆیە. 
 
پەیمان ئەحمەد گوتیشی، دەتواندرێت لە ماڵەوە بەبێ بەکارهێنانی ئامێر وەرزشی کاردیۆ بکرێت، بەڵام بە مەرجێک کە رۆژانە دووبارە بکرێتەوە.
 
پەیمان ئەحمەد ئاماژە بەوەشدەکات کە وەرزش لەنێو شوێنی کراوەدا بەراورد بە هۆڵە داخراوەکان بەسوودترە و جەستە زیاتر سوودی لێ وەردەگرێت، هەروەها دەشڵێت: بەپێ رۆیشتن لە ژینگەی دەرەوەدا بایەخی زیاتری پێبدرێت. 
 
لەبارەی راکردنی ماوە درێژەوە گوتیشی، لێدانی دڵ زیاددەکات، بەمەش ئۆکسجینی زیاتر بە ئەندامەکان دەبەخشێت، هەروەها یارمەتیی سووتانی چەوریی جەستەش دەدات. 
 
 ئەو راهێنەرە وەرزشییە پێشنیازدەکات کە ''دوای راهێنانی وەرزشی کاردیۆ بکرێت، ئەگەر کەسێکیش بیەوێت کێشی داببەزێت ئەوا بەیانیان وەرزشەکە بکات''.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی گۆتنبێرگ لە سوێد دەریدەخات، وەرزشی کاردیۆ مەترسیی تووشبوون بە نۆ جۆری جیاوازی شێرپەنجە لە پیاواندا کەمدەکاتەوە.
 
پسپۆڕانی زانکۆی گۆتنبێرگ دەریدەخەن، ئەو کەسانەی رۆژانە وەرزشی کاردیۆ ئەنجامدەدەن 42٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بەتایبەتیش شێرپەنجە کەمدەبێتەوە.
 
بە گوێرەی توێژینەوەکە وەرزشی کاردیۆ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی 'سەر، مل، کۆڵۆن، سوورێنچک، گەدە، پەنکریاس، جگەر، گورچیلە و سییەکان' کەمدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە