رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ خەڵاتەکەی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێندرێت؛ خەڵاتەکە ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای 'شێری سەراب'ـە و بە درێژایی ماوەی پڕۆژەکە نزیکەی 15 هەزار کەس ناویان تۆمار کردووە. بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە 100 بەشداربووی سەرکەوتوو تیروپشکیان بۆ دەکرێت.
ئەمشەو {شەممە 31-5-2025} کاژێر 21:00 لە هەولێر تیروپشک بۆ 100 بەشداربووی سەرکەوتووی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت کە بە تەواوی لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، جەستەیان لە تووتن پاک بووەتەوە، ئەم پڕۆژەیەش ئەمساڵ لە 1-1-2025 دەستیپێکرد و بەپێی بەرپرسێکی WHO، ''ئەنتیتۆباکۆ پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ وازهێنان لە تووتن و هاندانی خەڵک لە دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ''.
سەرپەرشتیاری زانستیی ئەنتیتۆباکۆ لەنێو نەخۆشخانەی پار کە ئەمساڵ کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ لەوێ بوو، رایدەگەیێنێت: ''بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەی بەشداربووان تەمەنی سییەکانیان 10 ساڵ لە تەمەنی خۆیان زیاتر بووە''.
د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سەرپەرشتیاری زانستیی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دەڵێت: لەکۆی 2889 کەس کە بە پشکنینەکانی کۆتاییدا تێپەڕیون، 100 کەسیان خراونەتە نێو تیروپشک بۆ ئەوەی ببنە براوەی ئۆتۆمبێلەکە.
تیروپشکی براوەی ئۆتۆمبێل کە بۆ 100 کەس دەکرێت و کەسێك ئۆتۆمبێلەکەی بۆ دەردەچێت بەشێوەی راستەوخۆ لە بەردەم ئامادەبووان دەکرێت، ناوی هەموو بەشداربووەکان کە وازیان هێناوە دەخرێتە نێو بۆکسێكی شووشە، کەسێك براوەکە هەڵدەبژێرێت و ناوەکە دەردەهێنێت، براوەکە دەبێتە خاوەنی ئۆتۆمبێل.
ئامارەکانی بەشداربووان
پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، تاوەکو 2020 نزیکەی 40 هەزار کەس لە شوێن و وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون، تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی 15 هەزار کەس بەشدارن، 2889 کەس لەوانە پشکنینەکانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و 100 کەسیشیان ناویان چووەتە نێو تیروپشک.
ئامانجی پڕۆژەکە
ئامانجی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دووربوونی هاونیشتمانییانە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان و بەرهەمهێنانی نەوەیەکە دوور لە جگەرە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان لە رێگەی پرۆژەکەوە بە سەرکەوتوویی وازیان لە جگەرە هێناوە و ئێستا لە تەندروستییەکی زۆرباش و دوور لە دووکەڵی جگەرە دەژین.
لە ماوەی رابردوودا سێ ساڵ بەسەریەکەوە، 2017 تاوەکو 2020 تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەم میدیا لە جیهاندا کەمپینی ئەنتیتۆباکۆی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد، لەو سێ ساڵەدا نزیکەی 40 هەزار کەس لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەش بەشدارییان تێداکرد و وازیان لە تووتن هێنا.
خەڵاتەکە چییە؟
شاڵاو حەسەن، رێکخەری بە بازاڕکردن و نوێنەری کۆمپانیای سەرابە و دەڵێت: ''وەکو ئەوەی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلین، دیارییەکەمان پێدانی ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفرە لە جۆری تیگۆ حەوت پڕۆ کە یەکێکە لە ئۆتۆمبێلە پڕفرۆشترینەکانی شێری، هەم لە جیهان و هەمیش لە عێراق، ئۆتۆمبێلێکی خێزانییە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئێمەش پێمان خۆش بوو کە دیارییەکی بەهادار پێشکێش بەم پڕۆژە بەهادارە بکەین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ