توێژینەوەیەک: زیادبەکارهێنانی شاشەکان ئەگەری جەڵتەی دڵ لەنێو منداڵان زیاد دەکات

31-08-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەک دەریدەخات زیاد بەکارهێنانی شاشە و کەمخەوی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە منداڵان زیاد دەکات.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک لەسەر 1000 منداڵ کراوە و دەرکەوتووە، بەکارهێنانی شاشە لەلایەن منداڵانەوە کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر زیادبوونی مەترسییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵ.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە کاژێرێک زیاد بەکارهێنانی شاشە لەلایەن منداڵی تەمەن 10 ساڵ، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 0.08 بەرز دەکاتەوە، ئەم رێژەیە لە هەرزەکاران بۆ 0.013 بەرز دەبێتەوە.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک ئاماژە بەوەدەکات، کەمخەوی و درەنگخەوتنی منداڵان کاریگەرییە نەرێنییەکانی شاشە بۆ دووهێندە زیاد دەکات، ئەمەش جگە لەوەی مەترسیی دەخاتە دڵ هۆڕمۆنەکانی جەستەی منداڵانیش تێکدەدات.
 
دەیڤد هۆرنەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆپنهاگن، رایگەیاند: "رەنگە کاریگەریی یەک کاتژمێر زیادە کەم دیار بێت، بەڵام کاتێک بەکارهێنانەکە دەگاتە سێ، پێنج یان شەش کاتژمێر لە رۆژێکدا، وەک لە زۆرێک لە هەرزەکاراندا دەبینرێت، ئەوا کاریگەرییەکی بەرچاو و کەڵەکەبوو لەسەر تەندروستییان دروست دەکات".
 
هۆرنەر جەخت دەکاتەوە کە "دانانی سنوورێک بۆ کاتی بەکارهێنانی شاشە لە قۆناخی منداڵی و هەرزەکاریدا، دەتوانێت تەندروستیی دڵ و مێتابۆلیزم لە داهاتوویەکی درێژخایەندا بپارێزێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە