هەڤپەیڤین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا
رووداو دیجیتاڵ
جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە شتوتگارتەوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پەیام ئاراستەی کورد دەکات و بەشداریکردنی لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکەدا بە "دەربڕینی رێز بۆ قوربانیانی دەستی داعش" ناودەبات.
ئۆزدەمیر لەم گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، بە تووندی رەخنە لە رێگریکردن لە بەیەکگەیشتنەوەی خێزانەکان و سیاسەتی رەوانەکردنەوەی کوردانی ئێزدی دەگرێت و دەڵێت "تێناگەم بۆچی ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە، بەڵام ئیسلامییەکان و نەتەوەپەرستەکان لە ئەڵمانیا دەمێننەوە".
ئەو هەروەها بەڵێن دەدات هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی لێکدابڕاون، بۆ ئەوەی بەیەک بگەنەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێزتان بە زمانی کوردی و بە سۆرانی و کورمانجی بەخێرهاتنی میوانەکانت کرد، چۆن بوو خۆت فێری کوردی کردووە؟
جێم ئۆزدەمیر: وام پێ باش بوو بە زمانی خۆیان قسە بۆ خەڵکەکە بکەم، بە سۆرانی و کورمانجی. ئەمەش وەک دەربڕینی رێزێکە بۆ ئەو خەڵکەی ئەوەندە ئازاریان چەشتووە.
رووداو: هێشتا ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارنەکراون، لەو رۆژانەدا ژنە کوردێکی ئێزدی رزگارکرا، کەچی لە ئەڵمانیا دیپۆرت دەکرێنەوە، ئایا ئەمە رەوایە؟
جێم ئۆزدەمیر: هیواخوازم هەموو ئەوانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدا دیلن یان لە هەر شوێنێکی دیکەن، بتوانن بگەڕێنەوە باوەشی خێزانەکانیا، زۆر باشە کە بادن-ڤویرتێمبێرگ ئەم بەرنامەیەی کرد، بەڵام ئەوەی ئێمە لێی تێناگەین بەداخەوە (CDU) رێگری لە بەیەکگەیشتنەوەی خێزانەکان دەکات، باسەکە تەنیا لەسەر 20 حاڵەتە، تێناگەم، ئەوەی ئێزدییەکان لەلایەن بەرلینەوە رەوانە دەکرێنەوە، هیچ مرۆڤێکی ئاسایی لێی تێناگات، نەتەوەپەرستە تورکەکان و ئیسلامییەکانمان لێرە هەن و هیچیان لێ نایەت، کەچی ئێزدییەکان رەوانە دەکرێنەوە. ئەمە گونجاو نییە.
رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بە خاڵێکی گرنگ دا، گوتتان خۆتان بەربژێر کردووە بۆ سەرۆکوەزیرانی ئەم هەرێمە، ئەگەر ببنە سەرۆکوەزیران چ دەکەن بۆ کورد؟
جەم ئۆزدەمیر: ئەوەی ئێزدییەکان دەیانەوێت ئەوەیە بێنە لای خێزانەکانیان، پڕۆسەی بەیەکگەیشتنەوەی خێزانەکانیان بۆ بکرێت؛ من هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، چونکە بە سادەیی ئێمە قەرزاری ئەو خەڵکەین کە کەسوکاریان بتوانن بێن.
رووداو: چالاکی هاوشێوەی ئەوەی کرا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جێم ئۆزدەمیر: زۆر خۆشە گرووپەکە دواجار توانی لە ئامەد میوزیک بژەنێت، بەڵام بەلامەوە زۆر نایابە دەکرێت لێرە لە شتوتگارت سازکرا، لە بەشداریی خەڵکەکەوە دیارە خەڵک چەندە تامەزرۆی ئەوەن شتی وا ساز بکرێت و ئازاری ئەو خەڵکە لەبیر نەکەین کە بە دەستی داعش ناخۆشیی زۆریان بینی. دەبێت بڕۆم. سوپاس. هەموو شتێک باش بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ