سەرۆکی فراکسیۆنی AFDـی ئەڵمانیا: دەبێ پەناخوازانی سووریا بنێردرێنەوە

28-11-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئاڵیس ڤایدڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا
ئاڵیس ڤایدڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا پەناخوازان بە هۆکاری زیادبوونی تاوان لە وڵاتەکەی دادەنێت، داوا دەکات ئەو پەناخوازانەی تاوانیان کردووە بنێردرێنەوە وڵاتەکەیان.
 
ئاڵیس ڤایدڵ سەرۆکیAFD کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی پەیامنێری رووداو داوای ناردنەوەی پەناخوازانی سووریا دەکات و دەڵێت :" ناچارین ئەوە بکەین." 
 
ڤایدڵ رەخنەی تووند لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەگرێت و دەڵێت:" خەڵکی نەشارەزا و بێ بڕوانامەیان بە لێشاو هێنایە نێو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانمانەوە.''
 
لەبارەی داوای راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ هێنانی دەستی کار، ئەو ژنە پەرلەمانتارە دەڵێت دەبوو راوێژکاری ئەڵمانیا دڵنیایی بدات لەوەی خەڵک لێرە خوێندن و راهێنانی باشیان هەبێت، بەڵام ئەمە ناکات، سیستەمی خوێندنی ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داتەپیوە،بەردەوام پاشەکشە دەکەین.''
 
ڤایدڵ هەندێک ژمارەش ئاشکرا دەکات و دەڵێت :" بودجەیەک کار دەکەین پێچەوانەی دەستوورە، لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی حکومەتی ئەڵمانیا، قەرزەکانمان لە 60٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەوە بۆ سەرووی 80٪ بەرز دەبێتەوە.''
 
داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا دەکات لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکە و هاوردەکردنی نەوت و گازی سرووشتی بە نرخێکی گونجاو، نموونەش بە سیاسەتی دۆنالد ترەمپ دێنێتەوە و دەڵێت:" ترەمپ هەوڵی رێککەوتنی ئاشتی دەدات چونکە دەبێت کۆنترۆڵی تێچووی ژیانی ئەمریکییەکان بکات.''
 
پارتی AFD لە کۆی 630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا 151 کورسی هەیە و دووەن گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایە.
 
ڤایدڵ روو لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەکات و رەخنەی لێدەگرێت لەسەر نەناردنەوەی پەنابەرانی سووری و دەڵێت " سوورییەکان لە هەموو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، تەنیا لە ئەڵمانیاوە نەبێت،هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەو هاوکارییە داراییە زۆرەیە پێشکێشیان دەکرێت." 
 
بەپێی قسەی ئەو ژنە بەرپرسەی ئەڵمانیا پەناخوازانی ئەفغانستانی، عێراقی و پەناخوازی تورکیایین و دەڵێت:" هاووڵاتییانی ئەم وڵاتانە پێشەنگن لە تاوانە گەورەکاندا، وەکو کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی".
 
دەقی گفتوگۆی ئاڵا شاڵی لەگەڵ ئاڵیس ڤایدڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی AFD لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا 
 
رووداو: دکتۆر ڤایدڵ زۆر سوپاس کە لەگەڵماندای، بەڕێزتان باسی ئەوە دەکەن ئەڵمانیا قەرزێکی زۆر دەکات بۆ بودجەی 2026، ئێوە پلانتان چییە کە باشتر‌ی بکەن؟
 
د. ئاڵیس ڤایدڵ: بێگومان، ئێمە ئێستا لە ئەڵمانیا لە دۆخێکداین بە بودجەیەک کار دەکەین پێچەوانەی دەستوورە, تەنیا لەم خولەی یاسادانانەدا، قەرزێکی زۆر کەڵەکە بووە کە لە مێژووی دوای جەنگ لە ئەڵمانیا وێنەی نەبووە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی (فریدریچ مێرتز)دا، قەرزەکانمان لە 60٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەوە بۆ سەرووی 80٪ بەرز دەبێتەوە، بازاڕە داراییەکانیش وەڵامیان بۆ ئەمە هەبووە، ئێمە دەبێت پارەیەکی زۆر زیاتر بدەین، واتە سوودی زیاتر بدەین بۆ قەرزە دەوڵەتییەکان کە ماوەکەیان 10 ساڵە، بەمەش تێچووی قەرزەکان گرانتر دەبێت، بارگرانیی ئەمەش دەکەوێتە سەر باجدەران و ئەوانەی بیمە دەدەن،لەگەڵ نەوەکانی داهاتوو، بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەم بودجەیە دەستووری نییە و لەسەر حیسابی خەڵک و نەوەی داهاتووە.
 
ئێمە چی باشتر دەکەین؟ ئێمە خەرجییە زیادەکان کەم دەکەینەوە، زۆر بڕگە هەن دەکرێت لاببرێن، بۆ نموونە لە سیاسەتی وزەدا، ئێمە بە روونی دەڵێین دەبێت پشتیوانیی دارایی (Subvention) بۆ وێستگەکانی وزەی با و خۆر ببڕدرێت، چونکە ئەڵمانیا ناتوانێت بە کارەبای ناجێگیر بەڕێوە بچێت، بۆ نموونە کاتێک خۆر و با نییە، ئێمە کارەبامان نییە و دەبینە هاوردەکار، واتە دەبێت بە تەواوی سەربەخۆ بین لە دەرەوە، ئەمەش تەنیا بە وزەی ئەتۆمی دەکرێت، واتە کۆتاییهێنان بە وێرانکردنی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەمان و دەستپێکردنەوەی بونیاتنانەوە وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی.
 
هەروەها ئەمە بەشێکە لەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ رووسیا دەستپێبکەینەوە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، تاوەکو نەوت و گازی سرووشتی بە نرخێکی گونجاو بەدەستبهێنین، من دڵنیام دۆناڵد ترەمپیش لەبەر ئەوە دەیەوێت گرێبەستی ئاشتی هەبێت، چونکە تێچووی ژیان لە ئەمریکا زۆر بەرز بووەتەوە، تەماشای ئەوە بکەن ئەمریکییەکان دەبێت چەند بدەن بە سووتەمەنی، هۆکارەکەشی ئەوەیە نەوت زۆر گرانە، دۆناڵد ترەمپ پێویستی بەم رێککەوتنە هەیە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێتەوە، چونکە دەبێت کۆنترۆڵی تێچووی ژیانی ئەمریکییەکان بکات، ئەو لە نیوجێرسی و نیویۆرک بەهۆی بەرزیی تێچووی وزە و ژیانەوە دەنگەکانی لەدەستداوە، بۆیە لەژێر گوشاردایە، پێموایە ئەمە رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت خۆی بیەوێت نەوت و گازی رووسی هەبێت،هەروەها دەیەوێت رووسیاش لە چین دووربخاتەوە، هەموو ئەمانە بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ئێمەی ئەڵمانیش نوێنەرایەتیی ئەمەمان نەکردووە، لەکاتێکدا ئێمەش بە هەمان شێوە پێویستمان بە گازی رووسییە، ئەگەرنا ناتوانین کێبڕکێ بکەین.
 
رووداو: لە گفتوگۆیەکی دیکەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن نایانەوێت پەنابەرە سوورییەکان رەوانە بکەنەوە، ئێوە دەڵێن چی؟
 
د. ئاڵیس ڤایدڵ: ئێمە دەبێت سوورییەکان رەوانە بکەینەوە، تەنانەتناچارین ئەمە بکەین، سوورییەکان لە هەموو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، تەنیا لە ئەڵمانیاوە نەبێت،هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەو هاوکارییە داراییە زۆرەیە پێشکێشیان دەکرێت، ئێمە زیاتر لە یەک ملیۆن سووریمان وەرگرتووە، یاساکانی ئێمە دەڵێن، تەنانەت ئەمە دۆخێکی یاساییە، کە هەرکاتێک هۆکاری هەڵاتن و پەنابەری نەما، دەبێت خەڵکەکە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە، جگە لەوەش، پێویستە ئەم خەڵکە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە، نازانم بۆچی وەزیرێکی دەرەوەی ئەڵمانیا دەگاتە ئەو بڕوایەی ئێمە ناتوانین رەوانەیان بکەینەوە، لەکاتێکدا یاسا دەڵێت دەبێت بنێردرێنەوە ، چونکە هۆکارێک نەماوە بۆ پەنابەرییان.
 
رووداو: زۆربەی پەناخوازان لە ئەڵمانیا دەڵێن هەموومان تاوانبار نین، ئێوە دەڵێن چی؟
 
د. ئاڵیس ڤایدڵ: راستە، هەمووشیان وا نین، پرسەکە ئەوە نییە هەموو بێ یان هیچ کەس بەڵکو  ئەوەیە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەوە، رێژەیەکی زۆر تاوان هاتووەتە نێو وڵاتەکەمان، ئەم تاوانکارییە هێنراوە لە ئامارەکانی پۆلیسدا رەنگی داوەتەوە، ئەڵمانیا بووەتە وڵاتێکی نائارامتر و تووندوتیژتر، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بیانییەکانەوەیە، وڵاتە سەرەکییەکانیش [لە تاوانکردن] بریتین لە ئەفغانستان، عێراق و تورکیا، هاووڵاتییانی ئەم وڵاتانە پێشەنگن لە تاوانە گەورەکاندا، وەکو کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی. ئەمە راستییەکە دەبێت بزانرێت، بۆیە ئێمە دەبێت خۆمان لەو تاوانبارانە و ئەو کەسانەی بوونەتە تاوانکار جیا بکەینەوە و بۆ زێدی خۆیانیان بیاننێرینەوە.
 
رووداو: راوێژکاری ئەڵمانیا باس لە پلاتفۆرمێک دەکات ناوی (ۆرک ستەیت ئەیجنسی)ـە، ئەوان دەیانەوێت هێزی کار لە دەرەوەی وڵات بێنن، فراکسیۆنەکەی بەڕێزتان دەڵێن چی؟
 
د. ئاڵیس ڤایدڵ: ئەمە هەنگاوی پێنجەمە پێش هەنگاوی یەکەم، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە دەبوو راوێژکاری ئەڵمانیا دڵنیایی بدات لەوەی خەڵک لێرە خوێندن و راهێنانی باشیان هەبێت، بەڵام ئەمە ناکات، بۆیە ئێمە خەمی ئەوە دەخۆین، سیستەمی خوێندنی ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داتەپیوە،بەردەوام پاشەکشە دەکەین. ئێمە دەبێت خەڵکە گەنجەکەمان، منداڵان و خوێندکارانمان لێرە بە باشی فێر بکەین و رایانبێین کە چیدیکە ئەمە ناکەین، ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ ئەوەی دەستی کاری شارەزامان دەستبکەوێت.
 
ئەم حکومەتە و پێشتریش پارتی (CDU) لە سەردەمی ئەنجێلا مێرکڵ دەستیپێکرد، رێک پێچەوانەکەیان کرد، خەڵکی نەشارەزا و بێ بڕوانامەیان بە لێشاو هێنایە نێو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانمانەوە، هاتنی خەڵکی شارەزا هەر شوێنەواری دیار نییە، تەنانەت کاریگەریی پێچەوانەی هەبووە، واتە تاوەکو زیاتر خەڵکی نەشارەزا بێن، زیاتر خەڵکی خاوەن بڕوانامە و شارەزا کۆچ دەکەن و وڵات جێدەهێڵن، ئەمەش لە ژمارەکاندا دیارە، چونکە لای ئێمە تێچووی کۆمەڵایەتی و باجەکان زۆر بەرز بوونەتەوە و چیدیکە توانای ئەوە نییە ئەم خەرجییانە دابین بکرێن، لەبەر ئەوە خەڵکە زۆر شارەزا دەچنە دەرەوەی وڵات، ئێمە دەبێت ئەمە بوەستێنین و ئەڵمانیا وا لێ بکەینەوە بۆ خەڵکی بەتوانای هەموو جیهان جێگەی سەرنج بێت، بەڵام پێش هەمووی دەبێت خەڵکەکەی خۆمان بە باشی پێبگەیێنین.
 
رووداو: دکتۆر ڤایدڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئا ئێف دێ، زۆر سوپاس کە لەگەڵماندا بوویت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە