بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بۆ رووداو: پێکهێنانی حکومەت ئەرکی پارتی و یەکێتییە، نەک واشنتن

دوێنێ کاژێر 06:47
تەنیا ئەحمەد
ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران
ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات، بەڵام "ئەرکی واشنتن نییە دوو پارتەکە لێک نزیک بکاتەوە" بۆ پێکهێنانی حکومەت و جەختی کردەوە، "لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر هەردوو پارتەکە خۆیان کە بگەنە سازان." 
 
ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، رایگەیاند، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی راگیرانی بڕیار و چالاکییە گرنگەکان، لە کاتێکدا کردنەوەی گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، پەیامێکی روونی "هاوبەشیی ستراتیژی و درێژخایەن"ـە.
 
"ئەرکی پارتی و یەکێتییە حکومەت پێکبهێنن"
 
سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا لە لێکنزیککردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڤیکتۆریا تایلەر گوتی، "پێموانییە ئەوە ئەرکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت کە دوو پارتەکە لێک نزیک بکاتەوە. هەرچەندە بێگومان، ئەمریکا هەمیشە بەردەوام بووە لە هاندانی دیالۆگ لەنێوان هەردوو لایەندا. کاتێک ئەمریکا بتوانێت بەو شێوەیە یارمەتیدەر بێت، ئەو کارە دەکات. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر هەردوو پارتەکە خۆیان کە بەردەوام بن لە دیالۆگ بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ سازشکردن، بۆ ئەوەی بتوانن حکومەت پێکبهێنن."
 
تایلەر، کە ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی هەولێر و دهۆکی کردووە، ئاشکرای کرد کە پرسی سەرەکیی گفتوگۆکان "پێکهێنانی حکومەت" بووە و جەختی لە گرنگیی خێراکردنی پرۆسەکە کردەوە: "لە کاتێکدا کە هاوبەشییەکەمان بەهێزە، پێموایە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت لە بەغدا، لە ماوەی داهاتوودا گرنگ دەبن. هەمیشە هەندێک چالاکی و بڕیار هەن کە دەرناکرێن تاوەکو ئەو حکومەتە لە شوێنی خۆی نەبێت."
 
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی رێکنکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە.
 
کۆنسووڵخانە نوێیەکە؛ هێمای هاوبەشیی ستراتیژی
 
سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییە سیاسییە نێوخۆییانە، تایلەر کردنەوەی کۆنسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکای لە هەولێر، کە بە گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا دادەنرێت و تێچووەکەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە، بە پەیامێکی سیاسیی گەورە وەسف کرد و گوتی: "پێموانییە ئێمە یەکێک لە گەورەترین کۆنسووڵخانەکانمان لە جیهاندا لە کوردستان بکردایەتەوە ئەگەر رێڕەوێکی درێژخایەن و رەهەندێکی ستراتیژی بۆ ئەم هاوبەشییە بوونی نەبوایە."
 
ئەو گوتیشی، ئەم هاوبەشییە "پشتیوانییەکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری واشنتن هەیە، لە کۆمارییەکانەوە، لە دیموکراتەکانەوە و لە خەڵکیشەوە."
 
باڵەخانەکە بە تەنیا بەس نییە
 
لەگەڵ ئەوەشدا، تایلەر هۆشداریی دا کە خودی باڵەخانەکە بە تەنیا ناتوانێت دەنگی کورد لە واشنتن بەهێزتر بکات، بەڵکو ئەمە پێویستی بە هەوڵی زیاتری لایەنی کوردی هەیە.
 
تایلەر گوتی: "پێموانییە خودی باڵەخانەکە ئەو کارە بکات. بۆ زیادکردنی هاوکاری و هێنانی روانگەیەکی زیاتری کوردی بۆ واشنتن، پێویستی بە تێوەگلانی چالاکانە هەیە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی حکومەت، بەڵکو لەنێوان بازرگانییەکان، خەڵک و هاوکاریی کولتووریدا. بۆیە گرنگە بۆ بەرپرس و بازرگانە کوردەکان کە بێن بۆ واشنتن و لێرەش تێکەڵ بن."
 
تایلەر ئاماژەی بەوە کرد، کۆنسووڵخانە نوێیەکە دەرفەتی زیاتر بۆ چالاکیی کولتووری و دیپلۆماسی دەڕەخسێنێت کە پێشتر لە "خانووە بچووکەکانی عەنکاوە"دا ئەستەم بوو و هیوای خواست ئەم شوێنە نوێیە ببێتە پردێکی پەیوەندیی بەهێزتر لەنێوان هەردوو گەلدا، بەڵام دووپاتی کردەوە کە کلیلەکە لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی و سازان، سوود لەم هاوبەشییە ستراتیژییە وەربگرن.
 
دەقی قسەکانی ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران
 
رووداو: ئەم باڵەخانەیە بۆچی ئەوەندە گەورە دروستکراوە؟
 
تایلەر: پێموایە گرنگە لە سەرەتاوە دەستپێبکەین. بێگومان، کۆنسووڵخانەی پێشوو لە زنجیرەیەک خانوودا بوو لە گەڕەکی عەنکاوە، بۆیە هەمیشە گونجاوتر بوو کە باڵەخانەیەکی تایبەتمەند بە کۆنسووڵخانە هەبێت، هاوشێوەی ئەوانەی لە سەرتاسەری جیهاندا هەمانە. بەداخەوە، دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە ماوەیەکی زۆر زیاتری خایاند لەوەی کە دەبوو بخایەنێت. بەڵام پێموایە، دروستکردنی ئەم کۆنسووڵخانە گەورەیە رەنگدانەوەی ئەو هاوکارییە زۆر چالاکەیە کە لەنێوان حکومەتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها  گرنگیی ئەو پەیوەندییەیە کە لەنێوان هەردوو گەلەکەماندا هەیە. بۆیە بوونی باڵەخانەیەکی تایبەتمەند بە کۆنسووڵخانە، رێگە بە کارمەندانی کۆنسووڵخانەکە دەدات کارەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەرتر بکەن
 
رووداو: کردنەوەی ئەم کۆنسووڵخانەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: بێگومان، پێموانییە ئێمە یەکێک لە گەورەترین کۆنسووڵخانەکانمان لە جیهاندا لە کوردستان بکردایەتەوە ئەگەر رێڕۆیەکی درێژخایەن و رەهەندێکی ستراتیژی بۆ ئەم هاوبەشییە نەبووایە. بۆیە بێگومان، ئەمە هاوبەشییەکە کە لەسەر بنەمای چەندین ساڵ بنیات نراوە و پەیوەندی لەگەڵ کوردستاندا پشتیوانییەکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری واشنتن هەیە، لە کۆمارییەکانەوە، لە دیموکراتەکانەوە و لە خەڵکیشەوە.
 
رووداو: ئەم باڵەخانەیە گەورەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات؟
 
تایلەر: پێموایە ئەوەی باڵەخانەکە دەیکات، ئاماژەیەکی گرنگ دەنێرێت لەبارەی پەیوەندیی درێژخایەن، لەبارەی سرووشتی بەردەوامی هاوبەشییەکە، هەروەها رێگە بە کۆنسووڵخانەکە دەدات کارەکانی بە شێوەیەکی کاریگەرتر بکات. بەڵام پێموایە لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر حکومەتی ئەمریکا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هاوبەشییەی نێوان هەردوو گەلەکەمان بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە بەهێزکردن و بنیاتنانی ئەو هاوبەشییە. هاوبەشییەکە بەهێزە، بەڵام پێموایە هەمیشە رێگە هەن کە ئەمریکا و خەڵکی کورد بتوانن پێکەوە کاریان لەسەر بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بنیاتی لەسەر بنێن، لەوانەش لەڕێگەی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرهێنان، لەڕێگەی هاوکاریی ئەمنییەوە. پێموایە هەموو ئەمانە بابەتی کاری بەردەوام دەبن.
 
رووداو: کردنەوەی ئەم کۆنسووڵخانەیە وادەکات کە دەنگی کورد زووتر و زیاتر بگاتە ئەمریکا؟
 
تایلەر: پێموانییە خودی باڵەخانەکە ئەو کارە بکات. پێموایە، بۆ زیادکردنی هاوکاری، بۆ هێنانی روانگەیەکی زیاتری کوردی بۆ واشنتن، پێویستی بە بەشداریکردنی چالاکانە هەیە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی حکومەت، بەڵکو لەنێوان بازرگانییەکان، لەنێوان خەڵک، لەسەر هاوکاریی کولتووری. بۆیە بێگومان، پێموایە گرنگە بۆ سەردانکەرانی کورد، بۆ بەرپرس و بازرگانە کوردەکان کە بێن بۆ واشنتن، بۆ ئەوەی لێرەش تێکەڵ بن.
 
رووداو: پێتانوایە ئەم کۆنسووڵخانەیە چالاکیی کولتووری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات؟
 
تایلەر: پێموایە باڵەخانەکە ئەگەری ئەمە زیاتر دەکات. پێموایە زۆر قورس بوو لەو خانووە بچووکانەی لە عەنکاوە بوون، کە میوانداریی ئەو جۆرە بۆنانە بکرێت، پێموایە کۆنسووڵخانەکە دەتوانێت لە داهاتوودا میواندارییان بکات. بۆیە، من بەڕاستی هیوادارم کۆنسووڵخانەکە بتوانێت سوود لەم شوێنە جوانە وەربگرێت بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بهێنێتە ژوورەوە، میوانداریی بۆنەی زیاتر بکات، رەنگە نوێنەری کولتووریی ئەمریکیی زیاتریش بهێنێت.
 
رووداو: هەفتەیەک لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا چۆنە و لە چ ئاستێکە؟ چاوەڕوانییەکانیان چۆن دەبینن؟
 
تایلەر: وەک گوتم، پەیوەندیی ئێستای نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەمریکا بەهێز دەمێنێتەوە. بێگومان، لە کاتێکدا کە لە هەولێر و دهۆک بووم، بابەتی گفتوگۆ پێکهێنانی حکومەت بوو. بۆیە لە کاتێکدا کە هاوبەشییەکە بەهێزە، پێموایە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا، لە ماوەی داهاتوودا گرنگ دەبن. هەمیشە هەندێک چالاکی و بڕیار هەن کە دەرناکرێن تاوەکو ئەو حکومەتە لە شوێنی خۆی نەبێت. بۆیە هیوادارم پارتی و یەکێتی بتوانن پێکەوە کۆببنەوە و رێگەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی بدۆزنەوە.
 
رووداو: ئەمریکا چەند کار دەکات بۆ لێکنزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟
 
تایلەر: پێموانییە ئەوە ئەرکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت کە دوو پارتەکە لێک نزیک بکاتەوە. هەرچەندە بێگومان، پێموایە ئەمریکا هەمیشە بەردەوام بووە لە هاندانی دیالۆگ لەنێوان هەردوو لایەندا. کاتێک ئەمریکا بتوانێت بەو شێوەیە یارمەتیدەر بێت، پێموایە ئەو کارە دەکات. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر هەردوو پارتەکە خۆیان کە بەردەوام بن لە دیالۆگ بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ سازشکردن، بۆ ئەوەی بتوانن حکومەت پێکبهێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد.

ئەمین شوان: یەکەمین هەنگاوی بە عەرەبکردن لە سەردەمی ئینگلیز دەستیپێکرد

لە بەشی دووەمی هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد، ئەمین شوان، پەردە لەسەر کۆمەڵێک راستیی مێژوویی شاری کەرکووک هەڵدەداتەوە، ناوبراو بە پشت بەستن بە بەڵگەنامە و یادەوەرییە زیندووەکانی خۆی، باس لە دۆخی دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی شارەکە دەکات لە نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوودا و تیشک دەخاتە سەر رەگ و ریشەی پرۆسەی تەعریب و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان.