رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، پەکەکە وەڵامی ئەرێنیی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی داوەتەوە و بە شێوەیەکی سیمبوولی ژمارەیەک چەکی سووتاند، بەڵام پێی وایە تورکیا هەنگاوەکانی بۆ چارەسەریی پرسی کورد "هێواش" دەنێ و هۆشداری دەدات لەوەی درێژەکێشانی پرۆسەکە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رۆژی هیوا جەمال، محەممەد ئەمین پێنجوێنی تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و رایگەیاند: "پەکەکە بە سووتاندنی چەکەکانی بە شێوەیەکی سیمبوولی، ئەرکی خۆی لەم قۆناخەدا جێبەجێ کرد و وەڵامی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانی دایەوە. ئێستا تۆپەکە بە تەواوی لە گۆڕەپانی تورکیایە."
پێنجوێنی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبن و دواتر پێشنیازەکانی ئاراستەی پەرلەمان دەکات، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە "هێواش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە" نیشاندا و گوتی: "بڕوام وایە پرۆسەکە درێژە دەکێشێت، بەڵام ئەگەر زۆر درێژە بکێشێت، ئەوا لەباردەچێت."
ئەو دەڵێت، لەبەردەم پرۆژەیەکی نوێی دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستداین... ئەمە پڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئیسرائیل بەرپرسی جێبەجێکردنیەتی. لەم دیزاینە نوێیەدا کورد خاڵێکی سەرەکییە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی، خاڵێکی بنەڕەتییە بۆ تێکشکاندنی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە. ئەوان لەبەر خاتری کورد ئەمە ناکەن، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی خۆیانە"
بە گوتەی پێنجوێنی، "دەیانەوێت کیانێکی کوردیی بەهێز هەبێت کە سنوورەکانی ئیسرائیل بپارێزێت و هاوسەنگییەک لە ناوچەکەدا دروست بکات بەرامبەر ئێران و تورکیا. بۆیە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەت و کیانی خۆی. تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە بەر ئەم گۆڕانکارییە دەکەوێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد ئەمین پێنجوێنی:
رووداو: مامۆستا، زۆر سوپاست دەکەم؛ رێگریی نێوخۆیی لەبەردەم سەرگرتنی پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لەنێو تورکیادا چییە؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: رێگری لە پرۆسەکە بۆ ئەوەی بەرەوپێش نەچێت، وەک بەڕێز ئەردۆغانیش خۆی گوتی، کەسانێک هەن کە کۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم پرۆسەیە دروست دەکەن و هەوڵ دەدەین بەسەریاندا سەرکەوین. ئەم قسەیەش بەڕێز باخچەلی شەوی رابردوو دووبارەی کردەوە کە بەشێک پێیان ناخۆشە و رێگری لێ دەکەن. بەڵام لە راستیدا، ئەگەر بە جیدی سەرۆککۆماری تورکیا بیەوێ، یان ئاکپارتی بیەوێ، بە هەموو شێوەیەک پرۆسەکە بەرەوپێش دەبەن و دەتوانن بەسەر ئەو کەند و کۆسپ و رێگرییانەدا سەرکەون کە خۆیان باسی دەکەن. بۆیە دەتوانم بڵێم، مەسەلەکە لای دەوڵەتی تورکیایە. ئەوەی ئەرک بوو لەسەر پەکەکە، وەک چەکدانان، سووتاندنی چەک، راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری بە شێوەیەکی فەرمی لە کۆنگرەدا هەمووی جێبەجێ کراوە. ئەوان بڕیاریان داوە شەڕی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەکەن و ئەو هێزەی هەیانە بیکەنە هێزێک بۆ خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی و جەماوەری، واتە خەباتی مەدەنی. ئەمانە داواکاریی دەوڵەتی تورکیا بوون کە لە بەڕێز ئۆجەلانیان کردبوو لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لە ئیمرالی لەگەڵیان کردووە یان وەک دەنگۆ هەیە کە هاکان فیدان و بەڕێز باخچەلی چەندین جار سەردانیان کردوو
ئەو داواکارییانەی لەلایەن ئەوان یان ئەو دەوڵەتە زلھێزانەی لە دوورەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و دەیانەوێ کێشەی کورد لە تورکیا بە ئاشتی چارەسەر بکرێ، هەمووی جێبەجێ کراوە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە. تورکیاش هەنگاوی زۆری ناوە؛ لیژنەیەکی لە پەرلەمان پێکهێناوە کە نوێنەری هەموو حیزبەکانی تێدایە. ئەو لیژنەیە کۆبوونەوە دەکات، گوێ لە خەڵک، کەسایەتی و سیاسەتمەداران دەگرێ، ئینجا پەیوەندییان بە پرسەکەوە هەبێت یان نا. دواتر لەسەر بنەمای هەموو راکان، پێشنیازێ ئامادە دەکەن و پێشکێشی پەرلەمانی دەکەن تاوەکو ببێتە بڕیارێکی یاسادانان بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراسیکردنی سیستمی تورکیا. ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت. بڕیارە تاوەکو مانگی 10 کارەکانیان تەواو بکەن و پێشنیازەکان ببرێنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن. چارەنووسی هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزبی دەسەڵاتدار (ئاکپارتی) و هاوپەیمانەکەی (مەهەپە)، چونکە زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکە لەو دوو حیزبەن. بۆ نموونە، کورد تەنیا پێنج ئەندامی هەیە، لە کاتێکدا ئاکپارتی 21 و مەهەپە 19 ئەندامیان هەیە. ئەندامانی لیژنەکەش لەسەر هەموو شتێک هاوڕا نین، چونکە حیزبی جیاوازن و رای جیاوازیان هەیە. ئەمەش وادەکات پرۆسەکە درێژە بکێشێت. بە رای من، تا پرۆسەکە درێژە بکێشێت و زوو چارەسەر نەکرێ، ئەگەری تووشبوونی بە تەگەرە و لەبارچوونی زیاتر دەبێت.
رووداو: قسەیەک هەیە کە دەوڵەتی تورکیا ئێستا گومانی لە پەکەکە هەیە، چونکە تەنیا ئەو چەک سووتاندنەی نیشان دا و دوای ئەوە هیچ هەنگاوێکی دیکەی نەنا، تەنانەت هەندێک دەنگۆ هەن کە دەڵێن چەکی نوێشیان کڕیوە. ئایا ئەمە راستە؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: پەکەکە بە هەزاران چەکدار و گەریلای لە شاخەکان هەیە، مەسەلەکە هەر ئەو 30-35 چەکە نەبوو. ئەوە شتێکی سیمبوولی بوو بۆ میدیای جیهانی و بۆ دڵنیاییدان بە تورکیا کە ئەگەر ئەوان بە جیدی بێنە پێشەوە، ئەوانیش ئامادەن چەکەکانیان بسووتێنن. راستە، نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار چەکداریان تەنیا لە ناوچەی قەندیل و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان هەیە کە من خۆم لە ساڵانی رابردوودا هاتووچۆم ئاسان بوو لەنێویاندا. چەکداری وا هەیە لە تەمەنی 18-19 ساڵییەوە چووەتە شاخ و ئێستا تەمەنی 50، 55 یان 60 ساڵە. ئەی ئەو کەسە چەکەکەی دابنێت، چی بکات؟ ئەوان چاوەڕێی پەرلەمان دەکەن. لە یەکەم نامەشیدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت،" "ئێمە چاوەڕێین کێشەکە بە شێوەیەکی دیموکراسی و بەپێی یاسا چارەسەر بکرێ،" واتە پەرلەمان کۆببێتەوە، لێبووردنێکی گشتی دەربکات بۆ هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بەم پرسەوە هەیە، ئینجا چەکدار بن یان نا، تاوەکو ئازاد بن و بگەڕێنەوە. کە گەڕانەوە، دەبێت حکومەت رێگە و شوێنیان بۆ دابین بکات. کاتێک ئەوان باسی ئاشتی و کۆمەڵی دیموکراسی دەکەن، ئەم کەسانە بەشێکی گەورەی کۆمەڵی تورکیان و دەبێت سەرلەنوێ تێکەڵاوی ژیانی مەدەنی ببنەوە. ئەمەش دەبێت بە یاسا رێک بخرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ئەم هەنگاوانە نەنێت و هەر بە قسە بێت، ئەنجامێکی نابێت. وەک خۆم لە کۆڕبەندەکەدا گوتم، بەڕێز باخچەلی قسەیەکی جوانی کرد کاتێک گوتی: "کورد و تورک بران، لە شەڕی مەلەزگرت و چاڵدێران پێکەوە سەرکەوتووین."
لە شەڕی مەلەزگرت، میرنشینی بابان هەزار سواری بە جلوبەرگی کوردییەوە بۆ یارمەتی سوڵتان نارد و بەهۆیەوە تورکەکان بەسەر بیزەنتینییەکاندا سەرکەوتن. کەواتە ئەگەر ئەم مێژووە هاوبەشە هەیە، دەبێت زەمینەیەکی یاساییش هەبێت بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە. ئەوان نیازی یاخیبوونیان لە پرۆسەی سیاسی نییە و لە فەرمانەکانی بەڕێز ئۆجەلانیش دەرناچن.
رووداو: ئایا لەنێو پەکەکەدا هیچ هەڵگەڕانەوە رووی داوە؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: ئەستەمە هەڵگەڕانەوە رووبدات، بەڵام ئەگەر حکومەتی تورکیا هیچ نەکات، ئەوانیش لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و چەکەکانیان لە شانیان دەبێت.
رووداو: لەنێو پەکەکەدا جگە لە خەڵکی باکووری کوردستان، خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەن. چارەنووسی ئەوان چی دەبێ؟ ئەوانەی باکوور دەگەڕێنەوە تورکیا، بەڵام ئەوانی دیکە چییان لێ دێت؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: ئەوەش یەکێکە لە کێشەکان کە دەبێ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا قسەی لەسەر بکرێ. بۆ نموونە، بۆ ئەو کەسانەی خەڵکی باشووری کوردستانن، دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکرێت. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی لە سەرەتای پرۆسەکەوە رۆڵیان هەبووە. بەتایبەتی من خۆم لە رێگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییەوە کە ئەو کاتە سەرۆکی حکومەت بوو و ئێستاش سەرۆکی هەرێمە، لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەکە بووم. ئەو لە سەرەتاوە هەوڵی زۆری داوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. هەروەها جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز بافڵ تاڵەبانیش، هەموویان پاڵپشتی پرۆسەکەن. کاتێک پرۆسەکە سەرکەوت و لێبووردنی گشتی بۆ کوردانی باکوور دەرچوو و گەڕانەوە بۆ چالاکیی سیاسی لە چوارچێوەی "دەم پارتی"دا، پێویستە حکومەتی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێم گفتوگۆیەکی جیدی بکات لەسەر چارەنووسی ئەو ئەندامانەی خەڵکی هەرێمن؛ چۆن یارمەتی دەدرێن و چییان بۆ دەکرێت. ئەمەش ئەرکی حکومەتی تورکیایە کە بە فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرسە بکەوێتە گفتوگۆ.
رووداو: جەنابت پێت باشە ئەوانەی لە چیان، کاتێک دەگەڕێنەوە شار، لەگەڵ "دەم پارتی" تێکەڵ بن یان خۆیان پارتێکی سیاسیی جیاواز دابمەزرێنن؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوانزەی پەکەکە ئەوە بوو کە بە ناوی پەکەکەوە کاری سیاسی و سەربازی ناکەن. لە پرۆسەی پێشووتریشدا کە لە ئۆسلۆوە دەستی پێکرد و دواتر لە سلێمانی بەردەوام بوو، من خۆم بە ناوی پەکەکەوە و بە ئاگاداریی جەنابی مام جەلال، هاتووچۆم دەکرد و لەگەڵ لایەنەکاندا لە گفتوگۆدا بووم. لە کۆتاییدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە حیزبی هەدەپ (کە ئێستا بووەتە دەم پارتی) ببێتە چەتری کۆکەرەوە. ئەم جارەش پێشنیازەکە هەر ئەوەیە کە ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە و لە چوارچێوەی "دەم پارتی"دا خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی و مەدەنی بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد. ئەوان دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن، بچنە پەرلەمان و وەک ئۆپۆزسیۆن کار بکەن، یان ئەگەر بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان توانیان، بەشداری لە حکومەتدا بکەن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێستا پرۆسەکە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت، وەک کیسەڵ دەڕوات. ئەمەش زەرەری زۆرە، چونکە ئەگەری هەیە گۆڕانکاری وا روو بدات کە تورکیا پاشگەز بێتەوە، یان پەکەکە پەشیمان بێتەوە. تورکیا لە دۆخێکی سیاسیی زۆر خراپدایە و گەمارۆدراوە. لەبەردەم پرۆژەیەکی نوێی دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستد
رووداو: واتە پێت وایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت بە زوویی جێبەجێ بکرێت؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: بەڵێ، ئەگەر تورکیا پرۆسەی ئاشتییەکەی پێش نەخات، تووشی ئەو بوومەلەرزە سیاسییە گەورەیە دەبێ. ئەمە بە راشکاوی دەڵێم و با ئیستخباراتی تورکیش بیزانێت؛ ئەگەر پرۆسەی ئاشتی زوو جێبەجێ نەکرێ و کورد نەکرێتە هاوبەشێکی راستەقینە لە دەسەڵاتدا، ئەوا تورکیا بەر ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەکەوێ و پارچە دەبێت. ئەو کاتە، چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر قورستر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ