رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتیدا جێگەی "رەزامەندی و چاوەڕوانیی" رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد، "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردووەوە هاوکار و پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتییە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ شوێنێک وەک هەرێمی کوردستان لە مانای ئاشتی تێناگات و گوتی، "چی بکەوێتەسەرمان هاوکار دەبین بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو:
رووداو: هەستێکی چۆنە کە لێرەن؟ لەم کۆنفرانسەی ئیستەنبووڵ کە پارتێکی کوردی رێکیخستووە، لە چوارچێوەی یەکێتی و هەستی یەکبووندا مانای ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
دڵشاد شەهاب: زۆر سوپاس. بە بڕوای ئێمە قۆناخێکی زۆر گرنگە، دەستپێکێکی پڕ بەهایە کە لە تورکیا پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچێ. پەیامی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، لە کوردستان بێ، لە بەغدا بێ، لە ئیستەنبووڵ و یان لە هەرجێیەکی جیهان بێ، ئەزموونی خەباتمان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی پیشانداوە کە شەڕ و گرژیی جگە لە پەشیمانی و زیانی زۆر بۆ مرۆڤایەتی هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە لە هەموو کەسێک زیاتر قەدر و قیمەتی ئاشتی دەزانین. ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەزانین، پێکەوەژیان لەم دەڤەرە چەندە گرنگە بۆئەوەی ناوچەکەمان ببێتە ناوچەیەکی هێمن، گەلانی ناوچەکە وەک برا پێکەوە بژین. لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هاوکار و پشتیوانی ئاشتی بووە. ئێمە هاتووین لەم کۆنفرانسەدا بەشداری بکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەوە دووپات بکەینەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری ئاشتی و ئارامی دەبێ لە ناوچەکەدا، چی بکەوێتە سەرمان هاوکار دەبین بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە. داوای ئێمە لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و دەوڵەتی تورکیاش ئەوەیە کە پڕۆسەی ئاشتیی پڕۆسەیەکی پڕ زەحمەت و ئاستەنگی دێتە پێش، چونکە بڕیارێکی گەورە دراوە، کەسانی گەورە و بوێر بڕیاریانداوە، بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان، بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان بڕیاری بوێرانەیان داوە. بێگومان ئاستەنگی دێتەپێش، ئێمە داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەین و داوا لە لایەنەکان دەکەین، ئارامیی و دانبەخۆداگرتنیان هەبێت. دەبێ پڕۆسەکە لەسەر بنچینەیەکی پتەو دابڕێژرێ بۆ ئەوەی گەرەنتی سەرکەوتنی هەبێت.
رووداو: دەکرێ بڵێین لە داهاتوودا سەرۆک مەسعود بارزانی یان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی یان بەرپرسانی باڵای دیکە بەشداریی ئەم چالاکییانە دەبن بۆ سەرخستنی ئاشتی؟
دڵشاد شەهاب: ئەمە بۆ خۆی شاهێدییەکە کە رۆڵی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی رابردوودا [چۆن بووە]. هەروەها ئەو باوەڕییەش کە دروستبووە ئەنجامی پەیوەندییەکی بەردەوامی ئێمە و دەوڵەتی تورکیا بووە، لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکان بەرزی و نزمییان هەبووە، بەڵام چەند ساڵێکە و بەتایبەت دوای سەرۆکایەتی بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێوەبردنی وڵاتەکە، بەرەو پێشچوونی گەورە لە پەیوەندییەکانمان دروستبووە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکماندا بووە. ئامادەبوون یان داواکردنی ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی یان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رۆڵبینینان لە پڕۆسەی ئاشتی دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری ئاشتییە و ئاشتیخوازە، ئێمەش شانازی دەکەین بتوانین بەشدار و هاوبەش بین لەم پڕۆسە گرنگەدا کە کۆتاییەکەی سەرکەوتنە بۆ مرۆڤایەتی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تورکیا، عێراق، هەرێمی کوردستان و هەرکەسێ لەم ناوچەیە دەژی.
رووداو: رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتی لەنێو کورد لە باکووری کوردستان بەرز دەنرخێندرێت. ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
دڵشاد شەهاب: ئێمە گەلێکین، برای یەکین، بۆ ئێمە کارێکی زۆر گرنگە کە براکانمان لە هەر کوێ بن بگەنە مافەکانیان، ژیانێکی دیموکراسی و ئاشتیانەیان هەبێ لەگەڵ گەلانی دیکەدا. ئێمە رێز لە بڕیاری نێوخۆ و کۆماری تورکیا دەگرین، سیاسەتی ئەوان کە ئیستا بەڕێوەدەچێ سیاسەتێکی راستە، زۆر جێگەی دڵخۆشییە کە سەرکردایەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان جێگەی رازیبوون و چاوەڕوانی هەردوو لایەنەکەیە، هەم دەوڵەتی تورکیا و بەڕێز سەرۆککۆمار باوەڕییان بە رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، هەمان کات بەڕێز ئۆجەلان و لایەنەکانی دیکە لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەموویان باوەڕێکی گەورە و چاوەڕوانییەکی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەبێت رۆڵێک ببینێت هاوکار و پشتیوان بێ بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی. شاراوە نییە کە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ براکانمان لەم ناوچەیە و لە هەرشوێنی دیکە هەن و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە هەیانە. ئێمە سوپاسی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە هیچ نیگەرانییەکانی لەبارەی پەیوەندییەکانمانەوە نییە، چونکە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا کاری سیاسی و کارگێڕی دەکات و رێز لە تایبەتمەندی هەموو وڵاتان دەگرێت، لە سەروی هەموویانەوە دەوڵەتی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ