جێگری سکرتێری پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بۆ رووداو: توانای وەرگرتنی پەنابەرمان نەماوە

04-06-2025
تەنیا ئەحمەد
کریستینا ستومپ، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
کریستینا ستومپ، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستینا ستومپ، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا کە هاوکات جێگری سکرتێری ئەو پارتەیە، لەبارەی سیاسەتی تووندی حکومەتی ئەڵمانیا قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو کرد. ستومپ دەڵێت، لەسەر "رێگەیەکی راستن" و تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 200 پەناخوازی نایاساییان لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانەوە رەتکردووەتەوە.
 
بە گوتەی ستومپ، پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر تووندکردنی سیاسەتی کۆچی نایاسایی بەردەوام بێ، چونکە هەرێمەکان توانای وەرگرتنی پەناخوازیان نەماوە. هەر بۆیە ستومپ گوتی، حکومەت بەردەوام دەبێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوور و رەتکردنەوەی پەناخوازە نایاساییەکان.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەناخوازان، باخچەی ساوایان و قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان کرد؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی یەکبوونەوەی ئەندامانی خێزانیش رادەگرن. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی ئاڵا شاڵی و کریستینا ستومپ
 
رووداو: چێ رێکارێکی تووندتان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی گرتووەتەبەر؟
 
ستومپ: ماوەی چوار هەفتەیە حکومەتێکی نوێمان لە ئەڵمانیا هەیە، لەگەڵ راوێژکار فرێدریش مێرتس و ئەلێکساندەر دۆبرینتی وەزیری ناوخۆ. ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنمان دا کە هەر لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتەوە سنوورەکان بە شێوەیەکی درێژخایەن کۆنترۆڵ دەکەین و ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە رێگەی نایاسایی بێنە لامان، دیپۆرتیان دەکەینەوە، چونکە ئەوان لە وڵاتی سێیەم وەرگیراون و دەبێت بەپێی رێکاری دبڵن بۆ ئەو وڵاتانە بگەڕێندرێنەوە.
 
خاڵی دووەم، ئێمە دەمانەوێت یاسای پێدانی خێرای وەڵاتینامە کە بەپێی ئەو یاسایە دوای سێ ساڵ وڵاتینامەی ئەڵمانی دەدرێت و لەلایەن هاوپەیمانیی "ترافیک لایت" (سێقۆڵی)یەوە پەسندکرابوو، هەڵبوەشێنینەوە. دەمانەوێت یاسا کۆنەکە بگەڕێنینەوە کە بەپێی ئەو یاسایە دوای پێنج یان هەشت ساڵ وڵاتینامە دەدرێت. واتە دوای خۆگونجاندنێکی باش و جێبەجێکردنی هەموو رێکار و مەرجەکان، کەسی هاتوو وڵاتینامەی ئەڵمانی وەربگیرێت. سێیەم رێکار کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیمان دا، ئەوەیە کە دابینکردنی پارێزەر بۆ پەناخوازە رەتکراوەکان رابگیرێت. پارتی سەوز ئەم یاسایەی پەسندکردبوو، واتە کاتێک پرۆسەی مافی پەنابەری بە رەتکردنەوە کۆتایی دێت و مافی مانەوەش لە ئەڵمانیا نامێنێت، ئەو کاتە ئەم کەسانە یەکسەر لە ئەڵمانیا دیپۆرت دەکرێنەوە یان بەپێی مەرجەکان دەستبەسەر دەکرێن تاوەکو دیپۆرت دەکرێنەوە. بەڵام چی دیکە دابینکردنی پارێزەری پەنابەری نامێنێت. رێکاری چوارەم، وڵاتانی ئارام هەن، ئێمە ئەو لیستەیە فراوانتر دەکەین، بۆ نموونە هیندستان، مەغریب، تونس.
 
رووداو: رەنگە بۆ ئەفغانستانیش؟
 
ستومپ: دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەفغانستان و سووریا دەستپێدەکەینەوە، بەڵام ئەوە لەسەر بنەمای وڵاتانی ئارام نییە، ئەوە رێکارێکی دیکەیە. ئێمە لە رێککەوتننامەی هاوپەیمانیدا ئاماژەمان پێداوە کە ئەگەر مەرج و رەوشەکانی ئەو وڵاتانە گونجاو بن، دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەو وڵاتانەش دەستپێدەکەین.
 
رووداو: رەخنەی تووندتان لێ گیرا. دادگای بەرلین گوتی، رەتکردنەوەی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان "یاسایی" نییە. بەڵام ئێوە دەتانەوێت بەردەوام بن لەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و رەتکردنەوەی کۆچبەران.
 
ستومپ: ئێمە چەندین بۆچوونمان لەسەر ئەوە وەرگرتووە، هەڵسەنگاندنی یاساییشمان وەرگرتووە. دووپاتمانکردەوە کە رەتکردنەوە لەسەر سنوورەکان بە رێکارەکانی خۆیەوە بەپێی یاسان، بۆیە ئێمە لەسەر رەتکردنەوەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەردەوام دەبین. ئێمە هەڵسەنگاندنی یاساییمان بۆ کردووە. دادگەی بەرلین لە هەندێک بابەتدا بە شێوازێکی دیکە لە بابەتەکە دەڕوانێت، بەڵام ئێمە ئەوە وەک حاڵەتێکی تاکەکەسی دەبینین و هەر بۆیەش گرنگیی پێدەدەین.
 
رووداو: باشە، ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووندتان لێدەگرن. لێمشمیل دەڵێت، یەکگرتنەوەی خێزان بۆ خۆگونجاندنێکی باش زۆر پێویستە، بەڵام ئێوە ئەوەتان هەڵوەشاندەوە، بۆچی؟
 
ستومپ: ئێمە لە سیاسەتی کۆچبەریدا پێویستمان بە گۆڕانکارییەکە. ئێستا بینیمان کە نەوەک تەنیا شارەوانییەکان توانایان نەماوە، شوێنی نیشتەجێبوونمان نەماوە، لە هەندێک قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا شوێنمان نەماوە. ئێمە دەرفەتی پێویستی خولی زمانمان نەماوە، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی دێنە لامان زۆر بەرزە. بۆیە پێویستە زۆر رێکار بگرینەبەر. سەبارەت بەو پەناخوازانەی پێویستیان بە پاراستن و یەکگرتنەوەی خێزانی هەیە، مانگانە دەبنە هەزار کەس و ساڵانە 12 هەزارن، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت "زۆر نین"، بەڵام هەر رێکارێک بۆ ئەوان دەبێتە 12، 15 یان 20 هەزار. بۆیە پێویستە بۆ گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەری دەستبکەین بە گرتنەبەری رێکار و ئەوەش بە حکومەتی ئێستا بە سەرپەرشتیی CDU (یەکێتیی کریستیان دیموکرات) دەکرێت. ئێمە لەسەر رێگەیەکی راستین. بەهۆی رێکارەکانی وەزیری ناوخۆ، ئەلێکساندەر دۆبرینت، ئێمە لەسەر رێگایەکی باشین. ئەنجامەکانی ئەوانیش دوای چوار هەفتە دەبینین کە 2 هەزار و 200 رەتکردنەوەی تێپەڕبوونە نایاساییەکان تۆمارکراون، تاوەکو ئەوە ببینرێت کە هەموو کەسێک کە دەیەوێت بێتە لامان، ناتوانێت بە رێگەی نایاسایی بێت.
 
رووداو: ئایا ئێوە کۆچبەران بۆ سووریا، عێراق و ئەفغانستان دیپۆرت دەکەنەوە؟
 
ستومپ: بۆ ئەو کەسانەی دێنە ئێرە، پرۆسەیەکی ئاسایی پەنابەری هەیە. پرۆسەی پەنابەری دیاری دەکات کە ئایا ئەو کەسە مافی مانەوە وەردەگرێت یان مافی مانەوە وەرناگرێت، بۆیە ئەوە پەیوەستە بە بڕیارەکانی تاکەکەسییەکانەوە. هەربۆیەش مرۆڤ ناتوانێت بە گشتی لەسەر ئەوە بدوێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات