رووداو دیجیتاڵ
بولەنت ئارنج، سیاسەتڤانی دیار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە "گرنگ" دەزانێت و دەڵێت، "برا کوردەکانمان لە تورکیا، بەتایبەت لە زمانی دایک دا زیاتر لە دەستووریان پێدراوە"، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئۆجەلان داوای لە لایەنگرانی کردووە واز لە داواکاریی مافە کولتوورییەکانیش بهێنن.
بولەنت ئارنج لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی. ئارنج وەکو یەکێک لە سیاسەتڤانە بەئەزموونەکانی تورکیا کە رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی ئاشتی دا بینیوە لە پێشتر، جەخت لەوە دەکاتەوە هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە، هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەلایەن دەوڵەتەوە هیچ بەڵێنێک نییە و لایەنی بەرامبەریش هیچ چاوەڕوانییەکی نییە.
پرسی کورد و ئاییندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، مێژوویەکی پڕ لە ئاڵۆزی و گرژی و ململانێی خوێناوییە. لە هەموو قۆناخە سەختەکاندا، هەمیشە هەوڵەکان بۆ چارەسەری و ئاشتی بەردەوام بوون، بەڵام زۆربەیان بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە شکستیان هێناوە. ئێستا، لەگەڵ بانگەوازە نوێیەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، جارێکی دیکە دەروازەیەک بەرەو ئاییندەیەکی نادیار کراوەتەوە. ئایا ئەمە دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ کۆتاییهێنان بە چەندین ساڵ لە توندوتیژی و دەستپێکردنێکی نوێ؟ ئایا دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکیا ئامادەن بۆ هەنگاوی جیدی بەرەو ئاشتی؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە، وەڵامەکانیان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سیاسەتمەدارێکی بەئەزموونی تورکدا دەدۆزرێتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: بەڕێز بولەنت بەخێربێن.
بولەنت ئارنج: زۆر سوپاس.
رووداو: دەمەوێت بەم پرسیارە دەستپێبکەم. بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرا. وەک دەزانن، پرۆسەیەک لە تورکیا هەیە. پێشتریش پرۆسە و پێڤاژۆیەک هەبوو. هەڵسەنگاندنەکانت چین بۆ بانگەوازەکە و بۆ ئەم پرۆسە بەگشتی؟
بولەنت ئارنج: بەڵێ، وەک ئاماژەت پێدا، چاوەڕوانی پەیامێک دەکرا و هەموو کەسێک لەم بارەیەوە قسەی کرد، لە سیاسەتڤانان، رۆژنامەڤانان و هەموو ئەوانەی لەم بابەتە دەکۆڵنەوە. لێرەش لەبارەیەوە قسە و گفتوگۆ کرا. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و هاوڕێیانی دیکە لە حکومەت بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی لەبارەی دۆخەکە. من دەبێت بە شێوازێکی جیاواز سەیری بکەم. من پۆست و ئەرکی تایبەتم هەبووە. لە سەردەمی سەرۆکایەتیم لە پەرلەمانی تورکیا و لە سەردەمی جێگری سەرۆکوەزیران. من بەشداریی پرۆسەی چارەسەری ساڵانی 2009-2015ی تورکیام کرد. من خۆم لەنێو رووداوەکان دا ژیاوم. لەنێو ئەرکەکانم لە حکومەت، سەرۆکایەتیی دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریشم دەکرد. کەواتە من نزیک بووم لە هەموو بابەتەکان، ئۆپەراسیۆنەکان، کارەکانی ئەم رێکخراوە، تاوانەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا.
ئەگەر پەلاماری (ئەروه) لە ساڵی 1948 وەک سەرەتای دامەزراندنی PKK دابنێین، ئەوا 40 ساڵ تێپەڕیوە. لەم 40 ساڵەدا نزیکەی 100 هەزار کەس لە تورکیا بە هەر جۆرێک بێت گیانیان لەدەستداوە. ئێمە ئەوانەی لە لایەنی دەوڵەت و میلـلەتەوە بوون بە شێوازێکی دیکە پێناسەیان دەکەین، بەڵام رێکخراوەکەش بێگومان زیانی زۆری بینیوە. ئەوانیش لای ئێمە هەمان کەسن، منداڵی هەمان خێزانن کە گولـلەیان لە یەکتر دەدا. ئێمە لەپاڵ دەوڵەتین، چونکە دژی تیرۆر خەبات دەکەین. تیرۆر بریتییە لە کوشتنی ناڕەوای خەڵک بە زۆر و تووندوتیژی، زیانگەیاندنە بە خەڵک. ماڵ سووتێنراون، خەڵک ناچارکران کۆچ بکەن، پیاوانی ئایینی، منداڵان، ژنان کوژراون. مامۆستایان شەهید کراون. ئێمە هەموو ئەمانەمان بینیوە. گەیشتووینەتە خاڵێک کە دوو برا لە یەک خێزان، یەکێکیان سەربازە و گولـلە لە تیرۆر دەگرێت، ئەوی دیکەیان لە چیایە و گولـلە لەو دەگرێتەوە. ئەمە مێژوویەکی رەشی تورکیایە. ئەوانەی ئەو دۆخەیان دروستکرد، بەرپرسیارێتیی گەورەیان دەکەوێتە سەرشان.
ئۆجەلان لە ساڵی 1999 دەستگیر کرا و هێنرا بۆ تورکیا و ئێستا 25 ساڵە وەک مەحکومکراوێک بە زیندانی هەتاهەتایی قورس لە ئیمرالی دەژی. لەگەڵ تێپەڕینی کات، هەوڵی زۆر و چالاکی نیازپاکانە هەبوون بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە، واتە کۆتاییهێنان بە تیرۆر، بەڵام رووبەڕووی خیانەتی رێکخراوی تیرۆریستی بووینەوە. ئەوان مەرجیان دانا بۆ بەردەوامبوونی خوێنڕشتن و جێبەجێکردنی داواکارییە جۆراوجۆرەکانیان. بە بەلاوەنانی هەموو ئەمانە دەڵێم، پەیامەکەی ئۆجەلان لە رێگەی هاوڕێیەکانییەوە لە ئیستەنبووڵ زۆر گرنگە. دەکرێت وەک سەرەتایەکی ئەرێنی وەریبگرین، بەڵام پەندێک هەیە لە ئەنادۆڵ دەڵێت. ئەوەی دەمی بە شیر بسووتێت، فوو لە ماستاویش دەکات.
پێموایە ئەمە جیاوازە لەوەی پێشتر، چونکە بارودۆخەکان گۆڕاون. لەنێو رێکخراوەکە بێت یان، لە ناوچەکەمان، لە تورکیاش بەهەمان شێوە. هەر ئەوەندە نا مەرجە دیموکراتییەکان لە تورکیاش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لە دوای رووداوەکانی سووریا و بە رووداوەکانی عێراقیش، دەبینین کە بارودۆخەکە بە شێوەیەکی زۆر جیاواز گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆیە لەم دۆخەدا، هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە لەلایەن خۆیەوە و دانانی چەک، هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی دەبێت. ئێستا ئۆجەلان بە دەربڕینێکی زۆر روون – بەیاننامەکەشم لەلایە ئەگەر پێویست بێت هەڵیدەسەنگێنم – ئۆجەلان لەوێ دەڵێت: ئیدی ئێوە هەڵدەوەشێنمەوە. ئێوەش کۆنگرەتان ببەستن، چونکە ئەو سیاسەتانەی تائێستا پەیڕەومان کردووە ئەنجامی نەبووە. داواکارییەکانمان بێ ئەنجام بووە. تەنها بە رێگای دیموکراتی دەتوانین داواکارییە دیموکراتەکانمان بە دەستنهێنین، بە پتەوکردنی دیموکراسییەتی لە کۆماردا. ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەڵامی رێکخراوەکە دەکەین.
رووداو: وەک سیاسەتڤانێکی بە ئەزموون، پێتان وایە چەک دادەنێن؟
بولەنت ئارنج: لە ناوخۆی تورکیا، رێکخراوەکە چیتر ئەوەندە بەهێز نییە. رێکخراوەکە ئەندامی لەدەستداوە و ژمارەیان زۆر کەم بووە، هەروەها هێزی چەکداری لاواز بووە، بەڵام رێکخراوەکە هەموو هێزی خۆی داوەتە دروستکردنەوەی نوێ لە دەرەوەی تورکیا. کەواتە ئێمە تاوەکو رادەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەوەین کە چەک دابنێن، یان بڕیاری راگرتنی چالاکی چەکداری دژی تورکیا دەربکەن. واتە بێگومان ئەمە دەکەن، بەڵام ئەگەر بڕیار بدەن کە "ئێمە هێشتا هێزی خۆمان دەپارێزین لە رێگەی رێکخستنە نوێیەکان لە سووریا و عێراق"، ئەمە دیارە بڕیارێک نییە ئێمە چاوەڕێی بکەین، یان لانیکەم بڕیارێک نییە کە هیوای پێ بخوازین، چونکە پێویستە ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکرێت.
دووەم، بێگومان دڵنیا نیم کە رێکخراوەکە دەتوانێت بە تەنیا بڕیار بدات یان نا، چونکە هەندێک وڵات و رێکخراو هاوکات ئەم کارە بەڕێوەدەبەن. بۆیە پێویستە میکانیزمێک هەبێت کە ئەوانیش کاریگەریان لەسەر هەبێت. ئەمەش بە چاوەڕوانیکردن و تێپەڕینی کات دەبینین، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکم نەبیستووە لە سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوەکە لە قەندیلەوە، بەڵام یەک بە یەک لە لێدوانەکانی پێشوویان.. ئەگەر سەیری لێدوانەکانی جەمیل بایک بکەیت، یان قەرەیلان، یان لێدوانەکانی کاراسوو، هەر یەکەیان خۆیان وەک سەرکردە دەبینن. واتە ئەم قسانە وەڵامی ئەرێنی نابێت، بەڵام هەڵوێستیان بەرامبەر بەم بەیاننامە گرانە زۆر گرنگە. چونکە ئۆجەلان دامەزرێنەری ئەم رێکخراوەیە و هێشتا ناسناوی رێبەر هەڵدەگرێت. ئەمە وتەی ئەوانە. ئێمە هیچ لە مانە قبوڵ ناکەین. چونکە پێویست ناکات ناسناوێک بدۆزینەوە بۆ سەرکردەکانی رێکخراوێک کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەیناسین، بەڵام سەرباری ئەمانە من هیوادارم، ناچاریشین کە ئومێدەوار بین. چونکە دوای ٤٠ ساڵ لەو هەنگاوانەی تائێستا نراون، بێگومان هەندێک ئەنجام دەرکەوتوون، بەڵام ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی رێکخراوەکە و دانانی چەک جێبەجێبکرێت، ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە دەبێت.
رووداو: باشە، با بڵێین PKK کۆنگرەی کرد و گوێڕایەڵی بانگەوازەکە بوو. پاشان لە ناوخۆی تورکیا، دەوڵەت یان حکومەت، ئامادەیە چ هەنگاوێک بۆ کورد بنێت لە بواری سیاسی و دیموکراسی یان لە چوارچێوەی مافە کولتوورییەکان دا؟
بولەنت ئارنج: بە نوێیی هیچ شتێک ناڵێن، ناوترێت. ئێستا من هیچ پۆستێکی فەرمیم نییە، بەڵام وەک کەسێک کە گرنگی بەم بابەتە دەدەم، بێگومان کاتێک دەپرسم چی هەیە لە پشت، لە پێش، ناو و دەرەوەی ئەم پرۆسەیە کە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە بە وتەیەکی زۆر بەهێز دەستی پێکردووە، دەبینم زۆر شت نییە، بەڵام لە رێگەی چاوپێکەوتنەکان، سەردانەکانی ئیمرالی، هاتنی تیمی پارتی DEM بۆ ئێرە و سەردانی هەندێک شوێن و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا، پێدەچێت هەندێک پێشکەوتنی ئەرێنی هەبێت، بەڵام با ئەوە بڵێم من لە هەموو هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، یان لە ناوی بوومە، یان لە پێشی بوومە. بۆیە بێگومان هەموو مافەکانی برا کوردەکانمان لە تورکیا، بەتایبەت زمانی دایک، لە دەرەوەی پێناسەکەی دەستوور، زیاتریان پێبەخشراوە، پێدراوە - وشەی "بەخشراوە" زیادەیە، هەڵەیە. ئەمە مافێکی دەستوورییە. واتە هیچ کاممان لە یەکتر جیاوازنین لە تورکیا.
رووداو: دەچینە سەر بابەتی دەستووریش، چونکە ئەو بابەتەی باستان کرد زۆر گرنگە.
بولەنت ئارنج: واتە کاتێک دەڵێیت "هەموو مافەکان"، بۆ نموونە... من بەرپرسیار بووم لە TRT. لە TRT کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیمان هەیە جاران بە ناوی تەرەتە شەش، ئێستا بە ناوی تەرەتە کوردی پەخشی خۆی دەکات. لە ساڵی 2007، 2008ەوە بەردەوامە لە پەخش. ئێمە ئەمەمان وەک ئامرازێکی پروپاگەندە ئامادە نەکرد، بەڵکو وەک بەرنامەیەک کە برا کوردەکانمان لە بەرنامەکانیدا بە خێزانی خۆیان تێدا ببیننەوە و بتوانن هەست بە کولتووری خۆیان بکەن. جگە لە نووسین، قسەکردن... جاران قسەکردن زۆر مومکین نەبوو. واتە دایک تەنانەت لەگەڵ منداڵەکەشی لە کاتی سەردانی زیندان دا نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکات. ئەو شتانەی لە زیندانی دیاربەکر روویدا وەک شتێکی گەورە و شەرمهێنەر بەبیر دێنینەوە. لە هەموو ئەمانە، بە تێپەڕبوونی کات، رووداوێک روویدا وەک شۆڕشێکی بێدەنگ. من دەتوانم یەک بە یەک باسیان بکەم، بەڵام پرسیارێکت هەیە، با ئەوە نەبڕم. فەرموون بیکەن.
رووداو: وەک باست کرد و هەمووان دەزانن، لە پرۆسەی ئاشتی پێشوودا رۆڵێکی گەورەت هەبوو. بە شێوەیەکی چالاک لە ناو پرۆسەکە بوویت. لە دانوستانەکانی ئۆسلۆ لەگەڵ PKK، لە دانوستانە سیاسییەکان. بە رای تۆ جیاوازی نێوان پرۆسەی ئێستا و ئەو کات چییە؟
بولەنت ئارنج: زۆر جیاوازە. پرۆسەی ئەوکات بەهۆی هەندێک کاری رێکخراوی هەواڵگری نیشتمانییەوە دەستی پێکرد و پەیوەندی دروستکرا. دواتر حکومەت راستەوخۆ نەچووە نێو پڕۆسەکەوە. بەڵکو تەنیا هاتووچۆ، خوێندنەوەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێرە ئاسان کرد. واتە هەوڵماندا پرۆسەیەک بەڕێوە ببەین کە لە رێگەی دەزگای هەواڵگری و ئەنجوومەنی ئاقڵمەندانەوە بەڕێوەچوو. لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا، چالاکی چەکداری نەما، بەڵام رێکخراوەکە خراپ سوودی لەوە وەرگرت و خۆی زیاتر چەکدار کرد. زیاتریش هێزی چەکداری خۆی دروستکرد. و لە کۆتاییدا رووداوی زۆر خراپ لە تورکیا روویاندا. ببوورە، من نەخۆشم و هەندێک جار دەکۆخم. ببوورە.
پڕۆسەی رابردوو، ئێستا ئەنجامەکەی بە شکست تەواو بوو. بەڵام لەو پرۆسەیەدا خەڵک ئازادی زیاتریان هەبوو چونکە لە چالاکی چەکداری دوور بوون. تامی ئەوەشیان چەشت. هیوادارم لە پرۆسەیەکی باشتردا بگەینە ئەو ئەنجامە و لە کۆتاییدا کێشەکە لە رەگەوە چارەسەر بکرێت. ئەوکاتیش پەرلەمان چاودێری پرۆسەکەی دەکرد، بەڵام لیژنەیەک لە پەرلەمان پێک نەهێندرا. ئەم جارە بەبێ پێویستی بە هیچ کام لەمانە، بە شێوەیەک کە هیچ کات چاوەڕێمان نەدەکرد، دەوڵەت باخچەلی گوتی با لە ئیمرالی بێتە دەرەوە و لە گرووپی DEM لە پەرلەمان قسە بکات. ئەمە هەموومانی تووشی سەرسوڕمان کرد، تەنانەت گرووپی MHP لە پەرلەمان خۆیشی. چونکە ئەمە قسەیەکی زۆر زەحمەتە و جێبەجێکردنی مومکین نییە. واتە کەسێک لە زیندانی ئەمنی تایبەت لە ئیمرالی زیندانە و وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت دێتە پەرلەمان. ئەمەش هەرگیز مومکین نییە و لە سەروو ئەوەشەوە، لە فراکسیۆنی پارتێکدا لە پەرلەمان قسە بکات.
رووداو: پێتانوایە سیاسەتڤانێکی وەک دەوڵەت باخچەلی بەبێ بوونی زەوینەسازییەک شتی وابڵێت؟
بولەنت ئارنج: ئێمەش پێمان وابوو شتێک دەزانێت. ئەوەبوو ئەو شتەی باخچەلی لە پشت پەردە دەیزانی، ئەو بەیاننامەی ئۆجەلان بوو، بەڵام بەبێ ئامادەیی خۆی و تەنیا بە وێنەیەک. لەوانەیە بە دەنگی خۆی بەیاننامەکەی خوێندبێتەوەش. ئینجا نازانم ئایا ئەوە ژیری دەستکردی تێدا بەکارهاتووە یان نا. بەهەرحاڵ، بەهەر جۆرێک بێت بەیاننامە خوێندراوەکە ئەرێنییە. گرنگ ئەوەیە هەنگاوەکانی داهاتوو چی دەبن. بۆیە باش نییە پێش ئەوەی قووڵایی ئاوەکە ببینیت، پانتۆڵەکەت داکەنی و بچیە ناویەوە، ئەم لایەنە ئەوەی کرد کە گوتی. ئێستا دەبێت چاودێری بکرێت ئەم لایەنە چی دەکات. هیوادارم بڵێن کە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە تورکیامان راگرتن و ئێستا رێکخراوێک کە بەم ناوە دامەزراوە، هەڵدەوەشێنینەوە، بەڵام سەبارەت بەوەی چ بەسەر رێکخراوەکان یان بوونیان لە دەرەوەی تورکیا دێت، پێویستە ئێمە چاودێری گۆڕانکارییەکان بین.
رووداو: دەوڵەتی تورکیا لە پرۆسەی پێشوودا کۆمەڵێک بەڵێنی دابوو بە کورد. لەم پرۆسەیەشدا ئەگەر بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی، هەمان بەڵێن یان ئەوەی دەیانەوێت پێیان دەدرێت؟
بولەنت ئارنج: ئەوەی دەیدا، دای. قۆناخەکانی داهاتووی دەوڵەت و حکومەت، سەرۆک کۆمار بڕیاری لێدەدات، بەڵام بەڵێنێکی وا لە ئارادا نییە. لەلایەنی بەرامبەریشەوە چاوەڕوانییەکی وانییە. ئەگەر بەیاننامەی دوێنێ (27ی شوبات) بخوێنییەوە، "داواکارییەکانی ئێمە تائێستا بێ وەڵام بوون... روون بووەتەوە کە بەدیهێنانیان تەنیا لە رێگەی کۆمەڵگەی دیموکراتییەوە مومکینە". لێرەدا دەوڵەت ئەرکی لەسەر شانە، واتە ئەگەر لە مەرجەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی دا کەموکوڕییەک هەبێت، دەوڵەت دەبێت ئەوە چارەسەر بکات. بۆ نموونە ئەگەر کێشەیەک لە ئازادی را دەربڕین دا هەبێت، دەبێت چارەسەر بکرێت.
رووداو: ئەی پرسی زمان؟
بولەنت ئارنج: مەسەلەی زمان. واتە تەنیا لە مەسەلەی زمان دا، کوردی وەک زمانی فەرمی... وەک زمانی فەرمی بەکارهێنانی، ئەمڕۆ قبوڵ نەکراوە. قبوڵکردنیشی مومکین نییە. لە بارەی پەروەردەوە، لە قوتابخانەکان بووەتە وانەی هەڵبژاردە. هەر کەسێک دەتوانێت بە زمانی خۆی خولی فێرکاری و هتد بکاتەوە، بەڵام لە قوتابخانەکان دا زمانی فێرکردن لە پاڵ تورکی وەک زمانی فەرمی...
رووداو: تاوەکو ئێستا کێشەی زۆر هەیە لەو بوارەدا؟
بولەنت ئارنج: من ئەوە نازانم. با بە کورتی بڕۆین چونکە ئەمانە زۆر باس کراون. داواکارییەکی وا نییە. بە تایبەتی خەڵک داواکارییەکی وایان نییە. ئێمە تائێستا رووبەڕووی داواکاری سیاسی بووینەتەوە. DEM و DTP بوو، HADEP بوو، HDP بوو. واتە لە ئەلفبێ دا پیت نەماوە کە ئەم پارتانەی پێ دووبارە دامەزرێننەوە. ئەمانە هەندێک شتن کە جار جار باسیان دەکرد. ئێستا داواکاری بەوشێوەیە ناهێنرێنە رۆژەڤەوە، بەڵام ئەگەر دەگوترێت هەندێک راستی هەن کە لە دەربڕینی ناسنامەی خۆیان، لە قسەکردن، لە پڕوپاگەندەدا بێبەشکراون...ئەگەر باس لەوانە بکرێت دەوڵەت ئەوانەی کە گونجاون جێبەجێیان دەکات و وەک ماف دەیدات، بەڵام بۆ ناسنامەی جیاواز، ستاتووی جیاواز، هیچ داواکارییەک نییە.
رووداو: ئەی سەبارەت بە مافە کولتوورییەکان ؟
بولەنت ئارنج : ئاخر ئۆجەلان دەڵێت واز لە داواکاری مافە کولتوورییەکانیش بهێنن. من رستەکە وا تێگەیشتم. دەقەکەشم لەلا هەیە، ئەگەر لای تۆش هەیە دەتوانیت بیڵێیت. ئەوانیش راستییەکەیان بینی. ئێستا هەموو مەسەلەکە ئەوەیە. چەک دابنێن و خۆتان هەڵوەشێننەوە. روون و ئاشکرایە. ئەو گوتی، ئێمە چاوەڕێین بزانین لایەنی بەرامبەر چی دەکات. لە دوای ئەمەوە... پێم وانییە کە پلانی ئەی و بی، لە دوای ئەمەوە هەبێت. ئەمە بۆ باخچەلیش راستە.
رووداو: پرۆسەکە بەردەوامە و لەلایەکی دیکەشەوە قەیووم دادەنرێنە سەر شارەوانییە کوردییەکان. هەروەها گرتن هەیە. ئایا ئەمانە کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر پرۆسەکە دەبێت؟
بولەنت ئارنج: ئەگەر وابووایە ئەم بەیاننامەیە دەرنەدەچوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئەگەر بانگەشەی شتێکی وەها بکات یان نەکات کێشەی ئەوان نییە. من کەسی یەکەم بووم کە دژی قەیووم وەستامەوە. کاتێک ئەحمەد تورک 6-7 ساڵ لەمەوبەر لە کار دوورخرایەوە دژی کارەکە بووم. گوتم ئەم کارانە زۆر هەڵەن. چونکە برا کوردەکانمان گلەییان هەیە. ئەو قەیووم دانانە پڕوپاگەندەیە، بەڵام وەڵاممان دەبێت. کورد دەڵێت ئێمە نوێنەری پەرلەمان هەڵدەبژێرین، ئێوە پارتەکەی دادەخەن و خۆیشی زیندانی دەکەن. ئێمە سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرین، ئێوە لە کار لایدەبەن و قەیووم دادەنێن. ئەی باشە ئێمە لە کوێ دەتوانین سیاسەت بکەین؟ ئەو قسانە هەندێک لە راستییان تێدایە، بەڵام هەندێک هەڵەشی تێدایە. بێگومان ئێمە دەبێت مافی ئەو کەسانە بپارێزین کە هەڵبژێردراون، بەڵام یاسا دەڵێت، ئەگەر دادگا بڕیاریدا، بە شێوەیەکی کاتی لە کار دوور دەخرێتەوە و قەیووم لە جێگەی دادەنرێت. هەندێک جار ئەو رووداوە بۆ پارێزگار دەبێت، هەندێک جاریش بۆ قایمقام دەبێت و بۆ پۆستی دیکەش دەبێ.
با نموونەی هەکاری لە هەڵبژاردنە دواییەکان بهێنمەوە. چەند ساڵێک پێش هەڵبژاردن، هەندێک دەڵێن 10 ساڵ، دۆسییەیەکی یاسایی کراوەتەوە، داواکە گەیشتووەتە قۆناخی بڕیار... ئەم هاوڕێیە دووبارە وەک بەربژێر دانراوە لەلایەن دەم پارتییەوە. واتە لە نوسخەی داواکاری و.. هتد بە هەموو شتێکییەوە دیار بوو کە سزا دەدرێت. ئینجا دێن و دەڵێن وای 10 ساڵ سزایان بەسەردا سەپاند. ئێستا لادانی ئەو لە ئەرکەکەی بەپێی یاسا مافی دەوڵەتە، بەڵام هەیە دێت و دەڵێت ئەفەندم ئایا چۆن لە پۆستەکەی لایدەبەیت؟ براکەم بۆچی کەسێکی دیکە، کە بڕیاری دادگەی لەسەر نییە یان دادگایی ناکرێت وەک بەربژێر داتان نەنا؟ دەڵێن دز چووەتە ماڵی پیاوێک. کابرا هاوار دەکات دز لە ماڵەکەمە دز لە ماڵەکەمە، بەڵام، دەرگای ماڵی کابرا کراوەیە، پەنجەرە کراوەیە، قفڵ لە دەرگا نەدراوە. کە وایدەبینن خەڵکەکە لە کابرا تووڕە بوون. کابراش گوتوویەتی ئایا دزەکە هیچ تاوانێکی نییە؟ نازانم چەندە گونجاوە ئەو نموونەیە، بەڵام تۆ بە سووربوونەوە ئەم کەسە وەک بەربژێر دادەنێیت، کە دەزانیت کیشەی یاسایی هەیە، ئێ دە بەربژێرێکی دیکە دابنێ.
سەیرکە کاتێک لەگەڵ سەرۆک کۆمار قسەم کرد، گوتی هەر کەسێک کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە نییە، هیچ دۆسییەیەکی دادگای نییە، هەر کەسێک ببێتە بەربژێر ئەو کێشانەی نەبێت، قەیووم بۆ هیچ کامیان دانانێین. ئەو ڕاستەوخۆ بە منی گوت، منیش بەو کەسانەی کە پەیوەستن هەمان شتم گوت. ئەی باشە ئێستا سەرۆکی شارەوانییەکانی دیاربەکر لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و قایمقام لە شوێنیان دانرا؟ نەخێر. کەواتە بەربژێری باشیان داناوە لەوێ. بەربژێری باش واتە کەسێک کە پێشینەی سزای نییە یان پەیوەندی و پشتگیری بۆ رێکخراوەکە نییە، بەڵام بۆ شوێنێکی دیکە من ناتوانم ئەوە بڵێم. دەزانن لەسەر زەیدان لە وان، سەرەتا لەکاریان لابرد، دواتر دەستەی هەڵبژاردنی سێ کەسی گوتی نەخێر. چونکە بڕیارێکی دراو یان بڕیارێک کە لە دادگای پێداچوونەوە پەسەندکرابێت نەبوو. ئێستا پێموایە پەسەندکردن لە دادگای پێداچوونەوە دەرچووە و گفتوگۆ لەسەر دۆسییەی ئەو دەستی پێکرد.
واتە دەبێت ئاگاداری ئەمە بین. دانانی قەیووم بۆ لادانی کەسێکی هەڵبژێردراو لە پۆستەکەی لە چوارچێوەی دیموکراتی دەبینرێت، بەڵام ئەگەر بەهۆی بڕیارێکی دادگاوە لادەبرێت، کەواتە پێشینەیەکی هەیە. بابەتی گفتوگۆ ئەمەیە. ئێوە ئەمە لادەبەن، بەڵام قەیووم دادەنێن. واتە کەسێکی دەرەوەی شارەوانی لە دەرەوە دێنن و لەوێی دادەمەزرێنن. نا وامەکەن. بەڵکو وەک لە یاسای کۆن دا هەبوو ئەنجوومەنی شارەوانی کەسێک لە ناو خۆیاندا هەڵبژێرن. ئەویش وەک جێگر بەردەوام بێت. پێشنیازی یاسایەک لەسەر ئەمە هەیە، بەڵام حکومەتەکەمان یان دەوڵەتەکەمان، سەرۆک کۆمارەکەمان لەم بارەیەوە هێشتا هەڵوێستی دەرنەبڕیوە. ئەمە بابەتێکە کە دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
رووداو: تۆزێک پێش ئێستا بە کورتی باسی دەستوورمان کرد. ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ئایا ئەگەری گۆڕانکاری لە دەستووردا زیاتر دەبێت، بە تایبەتی مەسەلەی چوار ماددەی یەکەم، مەسەلەی ناساندنی ناسنامە؟
بولەنت ئارنج : ناتوانم بڵێم بەڵێ. لەم بارەیەوە بێ هیوام. واتە ئەگەر سەیری لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار، لێدوانەکانی باخچەلی، یان لێدوانەکانی بەرپرسان لەم بارەیەوە بکەین، شتێکی وا نییە، بەڵام چۆن لێدوانەکەی باخچەلی لەم بارەیەوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەموومانی تووشی سەرسوڕمان کرد، لەسەر شتەکانی داهاتووش، هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە. بەڕاستی من ناتوانم هیچ بڵێم.
رووداو: ئایا ئەم گوزارشتەی ئێوە بۆ ناساندنی ناسنامەش بەکار دێت؟
بولەنت ئارنج: لەبارەی ناسنامەوە لە رووی دەستوورییەوە هیچ کێشەیەک نییە. ئێوە چیتان دەوێت ببێت؟ ئەگەر مەبەستتان هاووڵاتیبوونی دەستوورییە، کەسانێک هەن دژی دەوەستەنەوە.
رووداو: ئەو مادەیەی کە دەڵێت سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیا تورکن. گفتوگۆیەک هەیە لەسەر لابردنی ئەو وشەیە یان دانەنانی ناوی هیچ نەتەوەیەک لە جێگەی. ئایا ئەو ماددەیە دەگۆڕدرێت یان نا؟
بولەنت ئارنج: پێم وانییە کۆشکی سەرۆککۆماری بیرۆکەی ئەرێنی لەم بارەیەوە هەبێت. لێدوانەکان لەوێوە بە تەواوی رەتیدەکەنەوە. با من هەر ئەوەندە بڵێم.
رووداو: باشە ئەو ماددە و یاسایانە چین کە دەتوانرێت لە دەستوور بگۆڕدرێن سەبارەت بەم پرسە؟
بولەنت ئارنج: ئیتر دەستوور بایی ئەوەی بە بەرەوە نەماوە بگۆڕدرێت. دەستوور ئەوەندە گۆڕدراوە، ناسینەوەی زەحمەت بووە. پێویستە دەستوورێکی نوێ بنووسرێت.
رووداو: بۆ نموونە لەو دەستووردا چی دەبێت کە لەم دەستوورەدا نییە؟
بولەنت ئارنج: ئێستا بە سەیرکردنی چاوەڕوانییەکانی ئەمڕۆ، هیچ کەس ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. واتە ئۆجەلان وای گوت، رێکخراوەکە چی دەڵێت؟ ئەگەر رێکخراوەکە ئەمانە و ئەمانە و ئەمانە داوا بکات، کە ناتوانێت داوایان بکات و نابێت داوایان بکات. بەیاننامەی ئۆجەلان دەڵێ فەرمانتان پێدەکەم وەک دامەزرێنەر کۆنگرە ببەستن و، رێکخراوەکەتان هەڵوەشێننەوە و چەکەکانتان دابنێن. کاتی شەڕ بەسەرچووە. پێشتریش راپەڕین دەبوون و دەوڵەت سەرکوتی دەکردن، بەڵام ئێستا ئیرادەیەک هەیە و دەڵێت من ئەم راپەڕینە درێژخایەنەی 40 ساڵە کۆتایی پێدێنم، من دامەزرێنەرم. دەبێت سەیر بکەین ئەوانەی لێرەن چی دەکەن بەرامبەر بەمە. ئەوان مافی ئەوەیان نییە بڵێن ئەی خۆزگە ئەوەش ببووایە، خۆزگە ئەمەش ببووایە، چونکە مافێکی وایان نییە. ئێمە خۆمان ئەمە لەنێو تورکیادا باس دەکەین.
رووداو: با بڵێین پەکەکە چەکی دانا. ئێوە وەک سیاسەتڤانێکی بە ئەزموون، ئایا دەتوانن پێشبینی دروستبوونەوەی رێکخراوێکی چەکداری دیکە دوای پەکەکە بکەن، ئایا شتێکی بەوشێوەیە روودەدات؟
بولەنت ئارنج: خۆزگە تەنیا پەکەکە رێکخراوی چەکدار بووایە. واتە لە روانگەی بەرژەوەندی تورکیاوە سەیری رووداوەکە دەکەین. لەنێو تورکیادا رێکخراوی چەکداری دیکەش هەن. ئەمانە بێگومان رێکخراوێک نین کە کێشەی نەتەوەیی بورووژێنن. بەڵکو زیاتر مەیلی چەپی تووندڕۆیان هەیە، یان پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەدا هەیە. ئەوانیش لە روانگەی تورکیاوە خەریکە ناتوانن هەناسە بدەن. بۆ نموونە داعش، هێشتا بۆ تورکیا مەترسییەکی گەورەیە. هەموو رۆژێک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی گرتن دەکرێت. ئەو کەسانە دەگیرێن کە پەیوەندی و پشتگیرییان بۆ داعش هەیە. لە دوایین هەڵمەتەکاندا چەندان شانەی نهێنیان ئاشکرا کرا. واتە داعشیش بە لای ئێمەوە رێکخراوێکی تیرۆریستی گەورەیە. دژی ئەویش رێکارمان هەیە، بەڵام بابەتی ئەمڕۆی ئێمە بەتایبەتی ئەوەیە کە ئۆجەلان بە رێکخراوەکەی خۆی، واتە پێ کا کا (ئێوە دەڵێن پەکەکە، بەگشتی جیاوازی نییە لەنێوان پەکەکە و پێ کا کا لەم بارەیەوە). واتە دەڵێت من دەمەوێت خۆت هەڵبوەشێنیتەوە. تائێستا ئێمە داواکارییە سیاسییەکانی لایەنی بەرامبەرمان جێبەجێنەکردبوو.
رووداو: دوایین پرسیارم با ئەمە بێت. وەک مستەفا کەمال ئەتاتورک گوتبووی، وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، تورکیا دەوڵەتی کورد و تورکە. بە بۆچوونی ئێوە ئایا دوای ئەم پرۆسەیە ئەگەر دەستوورێکی نوێ بنووسرێت، لەنێو دەستووردا ناساندنێک بۆ کورد دەبێت؟
بولەنت ئارنج: نازانم.
رووداو: بە زار گوتراوە تورکیا دەوڵەتی کوردە هەرواش دەوڵەتی تورکە.
بولەنت ئارنج: هەموو ئەمانە، واتە ئیرادەی دامەزرێنەری کۆماریی هاوبەشە. من زۆر کوردم خۆشدەوێ، ئەوانیش زۆر حەزیان لە منە، بەڵام دەبێت راستییەکان باس بکەین. ئەمڕۆ هەندێک کەس و لایەن راپەڕینی شێخ سەعید بە زمان دەبەستنەوە، هەندێک راپەڕینی دێرسم بە زمان دەبەستنەوە. لەکاتێکدا لە تورکیا زۆر راپەڕین روویانداوە، لە سەردەمی عوسمانی و لە سەردەمی کۆماریدا.
با ئەمانە بخەینە لایەک. راپەڕینی شێخ سەعید وەک بزووتنەوەیەکی هەستانەوە خۆی ناساند. لە بابەتەکانی دیکەدا دەتوانین شتی جیاواز بڵێین. بەڵام کۆمارمان پێکەوە دامەزراند. کورد هەمیشە ئەو کەسانەیان خۆشویستووە کە دیموکرات بوونە. لەنێو ئەماندا بەپێی کات عەدنان مەندەرەس و تورگوت ئۆزال و نەجمەدین ئەربەکان هەیە، بەڵام کورد لە هەموو کەسێک زیاتر رەجەب تەیب ئەردۆغانی خۆشویست. لە ساڵی 2014دا دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دا بۆ سەرۆک کۆماری. ئێمە لەم ناوچانەدا لە سەرووی 70٪ی دەنگەکانمان بەدەست هێنا. لەوانەیە خەتای ئێمە بووبێت دەنگەکانمان لەو ناوچە کوردییانە زۆر کەم بوون.
بەڵام بەداخەوە بە ئاگری نەتەوەپەرستی، پارتە نوێیەکان هەڵەکانی ئێمەیان کردە بیانوو و دەستیان کرد بە وەرگرتنی دەنگی زیاتر. ئێستا لە هەندێک شوێندا دوای دەم پارتی ئێمە دووەمین. لە نێوانیشماندا جیاوازی زۆر نەماوەتەوە. ئێستا کورد لە ئیستەنبووڵ بوونەتە ئەو کەسانەی کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانیان هەیە. تێکەڵی یەکتری بووین و لە یەک نزیک بووینەتەوە. ئێمە لەگەڵ کورد برا و دۆستین. ئەوانیش بە ئێمە دەڵێن برا، بەڵام مافەکانمان نادەن. لە سەردەمی من دا هەرچی هەبوو ئێمە دامان. ئەمانەش بە ویستی خوا دەتوانم یەک بە یەک بیانژمێرم. ئەمە بۆیە دەڵێم. داواکارییە رەواکان لە کەشی دیموکراتی دا، لە یەکێتی کۆماریی دا، لە پێکهاتەی یەکگرتوودا هەمیشە باس دەکرێن. داواکارییەکان، ئەوانەی گونجاون، جێبەجێدەکرێن، بەڵام نابێت کات بفەوتێنین لەگەڵ ئەو شتانەی کە لەگەڵ هەستەکان یاری دەکەن و دەبنە هۆی گفتوگۆی گەورە لە تورکیا.
رووداو: بەڕێز بولەنت ئارنج، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی کاتتان بۆ ئێمە تەرخان کرد. هەڤپەیڤنێکی گرنگ بوو. بابەتی زۆرتر هەبوون، بەڵام کاتمان نەما. زۆر سوپاس.
بولەنت ئارنج: سوپاس کە مێوانداریتان کردم. سەرکەوتووبن. تکایە.
رووداو: بەخێر بێیتەوە بۆ هەولێر.
بولەنت ئارنج: سوپاس بۆ بینینتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ