رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، "سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی" و کەسایەتییە عێراقییەکانی دیکە رۆڵی گرنگیان لە داڕشتنەوەی دەستوور و جێبەجێ کردنی پرۆسەی فیدراڵیزم دا هەبوو، دەکرێت بە باوکی دەستووری عێراقی ناویان بهێندرێت.
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا رۆژی 05ـی تشرینی دووەم 2025 لەگەڵ شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە گرنگی پێویستیی جێبەجێکردنی دەستوور لە عێراق و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان کرد.
زاڵمای خەلیلزاد پێی وایە کەلێن لە یاساکانی عێراق دا هەیە و باس لەوە دەکات: "دەستوور لە رووی دەق و رۆحەوە هەمیشە جێبەجێ نەکراوە."
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە دەڵێت: "[پەیوەندییان] باش نییە. دەبێت راشکاوانە قسەت لەگەڵ بکەم. حەز دەکەم یەکگرتوویی زیاتری کورد ببینم؛ ببینم دوو پارتەکە زیاتر پێکەوە کاربکەن. نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی کوردستاندا تێپەڕیوە. حکومەت پێکنەهاتووە. بۆچی؟ ئەوە گونجاو نییە. هاوکاریی زیاتر وەک یەکەیەکی فیدراڵی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی ناوەندی نییە. نەخێر، هەمیشە کوردستان ئەو یەکگرتووییەی نییە کە دەبێت هەیبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سوپاس. جارێکی دیکە بەخێر بێیتەوە بۆ رووداو.
زاڵمای خەلیلزاد: زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم. خۆشحاڵم کە لەگەڵتدام.
رووداو: با لە سەردانەکەتەوە بۆ کوردستان و عێراق دەستپێبکەین. ئێوە چاوتان بە سەرۆک مەسعود بارزانی کەوت. کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟ ئەنجامەکان چی بوون؟
زاڵمای خەلیلزاد: دەمەوێ بەوە دەستپێبکەم کە ئاماژە بە جێگری پێشووی سەرۆکمان، بەڕێز چەینی بکەم، کە رۆڵێکی زۆر گرنگی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گێڕا، لە حکومەتدا وەک وەزیری بەرگری و وەک جێگری سەرۆک، رۆڵێکی زۆر گرنگی لە بڕیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەبوو لەبارەی عێراقەوە، چ سەبارەت بە داگیرکارییەکەی سەدام بۆ سەر کوێت و چ دواتر لە رووخاندن و رزگارکردنی عێراق. ئەو کۆچی دوایی کرد، بۆیە دەمەوێ یادی بکەمەوە و سەرەخۆشی لەوانە بکەم کە پشتیوانییان دەکرد، گرنگییان پێدەدا، بەتایبەتی خێزانەکەی. بۆ پرسیارەکەی تۆ. من ماوەیەکی درێژە سەرۆک مەسعود بارزانی دەناسم. بەڕێزیان بە هاوڕێیەکی زۆر باش، سەرکردەیەکی گەورەی ئەم ناوچەیە دادەنێم، تەنانەت کاریگەری لە دەرەوەی ناوچەکەش هەیە. بە شێوەیەکی سرووشتی، باسمان لە دۆخی عێراق، کوردستان و ناوچەکە کرد، چونکە لەو کاتەوەی کە دوایینجار قسەمان کرد، گۆڕانکاریی زۆر لە ناوچەکەدا روویداوە. پرسە گرنگەکان لەسەر مێزەکەن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دۆخی هەرێمی. خۆشحاڵم کە کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا دەکات. هەندێک ترس هەبوو کە رەنگە کوردستان بەشداری نەکات بەهۆی کێشە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە. پێموایە زۆر گرنگە کە دەستووری عێراق، کە بەڕێز بارزانی رۆڵێکی سەرەکیی تێدا گێڕا، نەوەک هەر لەسەر کاخەز هەمووان قبووڵی بکەن، بەڵکو لە کردەوەدا جێبەجێ بکرێ، چونکە ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێ، کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێ؛ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسە سیاسییەکان، سەقامگیری و داهاتووی عێراق دەبێ. بۆیە هیوادارم هەڵبژاردنێکی باش بێت. هیوادارم زۆرێک لە عێراقییەکان، بەتایبەتی کورد، بە ژمارەیەکی زۆر بەشداری بکەن و دەنگ بەو کەسانە بدەن کە بتوانن ئەوەی خەڵکی کوردستان پێویستی پێیەتی و بە شێوەیەکی فراوانتر، ئەوەی خەڵکی عێراق پێویستی پێیەتی، بەدیبهێنن. لەم دواییانەدا، رەوتی بەشەکانی دیکەی عێراق نەرێنی بووە لە رووی ئاستی بەشدارییەوە. ئەگەر بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت، ئەوا پرسیار لەسەر گرنگیی هەڵبژاردنەکە دروست دەکات. بۆیە بەشداریکردن گرنگە. خەڵک بژاردەیان هەیە، بڕیارەکانیان گرنگن. ئەمریکا کاتێک هاتە ئێرە، دەرفەتێکی بۆ دیموکراسی و ئازادی دابین کرد. ئەرکی عێراقییەکان، کورد و عەرەب و ئەوانی دیکەیە کە بیپارێزن و لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردندا باشتر و باشتر و باشتری بکەن.
رووداو: باسی پارتە کوردستانییەکان دەکەین، بەڵام لە سەرەتادا سوننەکانیش دژی دەستوور بوون، ئەگەر بتوانم وا بڵێم، بەڵام ئێستا رایان گۆڕیوە و ئەوانیش لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستووری عێراقن. ئەم پێشکەوتنە چۆن دەبینیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: ئەمە ئەرێنییە. لە راستیدا، یەکێک لەو شتانەی کە دڵخۆش بووم پێی کاتێک باڵیۆزی ئەمریکا بووم، رۆڵی ئێمە لەو کاتەدا زۆر جیاواز بوو، لە ساڵانی 2005 و 2006دا زۆر کاریگەرتر بووین لە عێراق، کاتێک دەستوور لە ناوەندی رووداوەکاندا بوو، ئەوە بوو کە توانیم وا بکەم سوننەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و لە گفتوگۆکانی دەستووردا بەشدارییان کرد. ئەوان پێشتر پرۆسەکەیان بایکۆت کردبوو. ئەگەر نەهاتبانایەتە نێو پرۆسەکەوە و سێ پارێزگە دژی دەستوور دەنگیان بدایە، ئەوا دەبوو سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە. ئەوان بەشدارییان کرد، دەستوور رەتنەکرایەوە، ئێستا هەندێک لەو چەمکانەی زۆر دژی بوون، وەک فیدراڵی، ئەوان فیدراڵیی کوردستانیان قبووڵ کرد، بەڵام بۆ بەشە عەرەبییەکەی عێراق زۆر دژی بوون. هەرچەندە هەندێک لە سەرکردە سیاسییە شیعەکان لایەنگری فیدراڵی بوون بۆ بەشە عەرەبییەکەی عێراق و پێشنیازێک بۆ سێ هەرێمی فیدراڵی لە باشووری عێراقدا هەبوو، کوردستان وەک فیدراڵییەک لەگەڵ تەواوی عێراق، بەڵام عەقڵییەتی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز، کە هەندێک پێی دەڵێن عەقڵییەتی سەدامی، هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەموو توخمەکانی دەستوور هەیە لە رووی ئەوەی چ دەسەڵاتێک بۆ ناوەندە، چ دەسەڵاتێک بۆ هەرێمە، وەک لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ ناکرێت. پێموایە ئەو یاسایانەی کە پێویستن و لە دەستووردا داواکراون بۆ رێکخستنی، بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی نەوت. دەستوور بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی نەوتی وەک دەسەڵاتێکی تایبەت نەداوەتە ناوەند. بۆیە بابەتێکی دابەشکراوە و گرنگیی دراوە بە دەسەڵاتەکانی هەرێم یان پارێزگەکان، بەڵام داوای یاسایەکی کردبوو بۆ رێکخستنی بە وردی. بڕیاری لەسەر نەدراوە. دوێنێ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لەمبارەیەوە قسەم کرد. تاکە رەشنووسی یاسایەک کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا، لە ساڵی 2007دا بوو، کاتێک باڵیۆز بووم لە عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیراندا تێپەڕی، بەڵام نەچووە پەرلەمان. عێراق پێویستە هەموو بڕگەکانی دەستوور و ئەو یاسایانەی کە دەستوور داوای کردووە دابڕێژرێن و لە رێگەی پرۆسەی یاساییەوە پەسند بکرێن، جێبەجێ بکات. ئەگەر خەڵک نایانەوێ دەستوور بگۆڕن، بێگومان مافی ئەوەیان هەیە، بەڵام پرۆسەیەک هەیە بۆ چۆنیەتیی هەموارکردنەوەی دەستوور. دەستووری ئەمریکاش چەندینجار هەموار کراوەتەوە، بۆیە دەتوانیت بیکەیت، بەڵام دەبێت پابەندی پرۆسەکە بیت. یەک کەس کە سەرۆکوەزیرانە، ناتوانێت بە تەنیا دەستوور هەموار بکاتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی حەزی لە شتێک نییە.
رووداو: کەواتە کامیان بە باشتر دەزانیت یان لایەنگری کامیانیت؟ هەموارکردنەوەی دەستوور یان جێبەجێکردنی دەستووری ئێستا؟
زاڵمای خەلیلزاد: جێبەجێکردن دەبێت رووبدات، تاوەکو هەمواری دەکەیتەوە. چونکە پرۆسەیەک نییە روونی بکاتەوە چۆن جێبەجێ دەکرێ، کە پێویستی بە پشتیوانی هەیە لە رێگەی ئەو پرۆسەیەی دیاریکراوە، ئەوا دەستووری ئێستا وەک خۆی دەبێت جێبەجێ بکرێ، بەڵام ئەوەیە کە یاسایە. ئەگەر بتوانیت بە شوێنکەوتنی ئەو هەنگاوانەی کە دەستوور دیاریکردوون هەمواریکەیتەوە، ئەوە جیاوازە.
رووداو: کەواتە تۆ لەگەڵ نیگەرانییەکانی دادگەدایت کە دەستوور لەلایەن عێراقەوە جێبەجێ ناکرێت؟
زاڵمای خەلیلزاد: پێموایە پێکدادانی یاسا لەنێو کوردستان هەیە. یەکێک لە کێشەکان لەنێوان کوردستان و بەغدا دایە، چونکە کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، هەندێک یاسای پەسەند کردووە، بەڵام عێراق بە گشتی هەندێک لەو یاسایانەی پەسەند نەکردووە کە لەسەر بنەمای دەستوورن. بۆیە یاساکانی سەردەمی سەدام کاریان پێدەکرێ، بەڵام سەدام ماوەیەکی زۆرە نەماوە و دەستوورێکی نوێ پەسند کراوە. دەبێت یاساکان رەنگدانەوەی دەستووری ئێستا بن. بە بڕوای من، دەبێت ئەمە خاڵێکی لەپێشینەی سەرەکیی گفتوگۆکانی دوای هەڵبژاردن بێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەبێت خشتەیەکی کاتیی رێککەوتوو لەسەری هەبێت بۆ ئەو یاسایانەی کە دەبێت پەسند بکرێن. دەبێت بە جیدی بکرێ، نەوەک جارێکی دیکە بگوترێت، بەڵێ، دەیکەین بەڵام دواتر هیچ روونەدات. پێموایە کوردستان بەتایبەتی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەوەی، وەک بە ئینگلیزی دەڵێین، پێی خەڵک لەسەر ئاگر بهێڵێتەوە، واتا ئەم یاسایانە، ئەم رێککەوتنانەی کە دەکرێن، لە راستیدا جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەگەر فیدراڵیزم وەک لە دەستووردا هاتووە کار نەکات، رەنگە ببێتە هۆی پرسیاری دیکە لەبارەی ئەوەی داهاتووی عێراق دەبێت چی بێت؟ بێمتمانەیی زیاد دەکات، ئەگەری ناجێگیری زیاد دەکات، ئەگەری گفتوگۆکردنی جێگرەوەکان زیاد دەکات، وەک ئەوەی ئایا دەبێت عێراق دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی بێت؟ ئایا دەبێت هەندێک بژاردەی دیکە هەبن؟ ئەوە لەسەر من نییە بڕیار بدەم یان بە عێراقییەکان بڵێم چی بکەن، بەڵام بە بڕوای من، وەک دۆستێکی عێراق، دۆستێکی کوردستان کە لە دوورەوە سەیری دەکەم، گرنگە کە ئەو کەلێنانەی بوونەتە هۆی ئەم پێکدادانەی یاساکان، بە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە دەستوور داوای کردوون، وەک یاسای نەوت و گاز تێپەڕێندرێن.
رووداو: بە ئاگاداربوون لە هەڵوێستت و بیستنی بۆچوونت، رێگەم پێدەدەیت بە باوکی فیدراڵیزم ناوت ببەم؟
زاڵمای خەلیلزاد: کاتێک دەستوور پەسەند کرا، من لێرە وەک باڵیۆز لە عێراق بووم، بەڵام رۆڵی من هاندەرێک بوو بۆ پڕکردنەوەی ئەو جیاوازییانەی کە هەبوون. لە راستیدا، باوکی دەستووری عێراقی، بە فیدراڵیشەوە، عێراقییەکانن. سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگی گێڕا، سەرۆک تاڵەبانی رۆڵێکی گرنگی گێڕا. کەسانی دیکە لە بەشە عەرەبییەکەی عێراقەوە رۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕا، دەزانین عەبدولعەزیز حەکیم، کە کۆچی دوایی کردووە، رۆڵێکی گرنگی گێڕا. هەروەها تاریق هاشمی و کەسانی دیکە لە لایەنی سوننەی عەرەبەوە رۆڵیان گێڕا. بۆیە من ستایشەکە دەدەم بەو سەرکردانەی کە ناوم هێنان و ئەوانی دیکە کە رۆڵێکی گرنگیان گێڕا. من یارمەتیدەر بووم، لەژێر گوشارێکی زۆری سەرۆک [جۆرج] بوشدا بووم، کە دەیویست دەستوور بە زووترین کات پەسند بکرێ و دەسەڵات لەلایەن ئەم رێکخستنە نوێیەوە بەکاربهێنرێت کە عێراقییەکان لەسەری رێککەوتبوون. پێموایە لەکاتێکدا شتی باش روویانداوە، بەڵام وەک پێشتر باسمان کرد، کەلێن هەن و یاسا هەن کە پەسندنەکراون و دەستوور لە رووی دەق و رۆحەوە هەمیشە جێبەجێ نەکراوە.
رووداو: کەواتە ئەم ناوە قبووڵ ناکەیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: پێموایە ئەم ناوە بۆ عێراقییەکانە. سوپاست دەکەم بۆ رێزلێنانی من بە ناوێکی وەها.
رووداو: شایانی نییە. چەندین ساڵە لە عێراقیت. پێشتر باست لەوە کردووە کە تۆ دۆستی عێراقییەکان و کوردیت. 22 ساڵ لە عێراق و کوردستان. کەواتە پێم بڵێ، بە بینینی ئەم هاوکاری و هاوپەیمانییەی لەنێوان پارتە کوردستانییەکانە، مەبەستم هەرێمی کوردستانە. ئێستا چۆنی دەبینیت؟ ئایا پێتوایە دەرفەتێک هەیە؟ پەیوەندی و کارکردنی نێوان یەکێتی و پارتی چۆن دەبینیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: باش نییە. دەبێت راشکاوانە قسەت لەگەڵ بکەم. حەز دەکەم یەکگرتوویی زیاتری کورد ببینم؛ ببینم دوو پارتەکە زیاتر پێکەوە کاربکەن. نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی کوردستاندا تێپەڕیوە. حکومەت پێکنەهاتووە. بۆچی؟ ئەوە گونجاو نییە. هاوکاریی زیاتر وەک یەکەیەکی فیدراڵی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی ناوەندی نییە. نەخێر، هەمیشە کوردستان ئەو یەکگرتووییەی نییە کە دەبێت هەیبێت. بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێزی کوردی لە بەغدا، دەنگی زیاتر بە کورد دەدات. خۆشحاڵم کورد بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. دەزانم ئێستا رکابەری هەیە، بەڵام رکابەرییەکە کۆتایی دێت، هەڵبژاردن دەکرێت و خەڵک هەڵدەبژێردرێن. هیوادارم بتوانن بلۆکێکی بەهێز و کاریگەر پێکبهێنن و لەگەڵ پارتەکانی دیکەی عێراقدا کاربکەن، چونکە ئەو ئەجێندایەی کە باسمان کرد، دەرکردنی یاساکان، پێویستی بە یارمەتیی ئەوانی دیکە هەیە. کورد ژمارەی ئەوەندە زۆر نییە کە بتوانێت بە تەنیا لە بەغدا یاسا دەربکات. بۆیە ئەمەش پێویستی بە لێهاتوویی و ئامادەیی دەبێت بۆ کارکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بۆ قایلکردنیان بە سوودەکانی فیدراڵی. پێموایە عێراقێکی ناناوەندی عێراقێکی کارایە، کە تێیدا ئەو خەڵکەی نزیکترن لە حکومەتەوە، حکومەتی پارێزگەکەیانە، حکومەتی هەرێمەکەیە. ئەوان لە حکومەتی بەغدا نزیکترن، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی ئاواتەکانی عێراقییەکان دەبێت، بێگومان، عەرەب و ئەوانی دیکە. بۆیە پێموایە ئاڵنگاریی ئەوەی چۆن وا لە کورد بکرێت هاوکار بن، یەکێتی، پارتی و تەنانەت ئەوانی دیکەش، ئاڵنگارییەکی گرنگە. کوردستان ناتوانێت بگاتە هەموو تواناکانی، ناتوانێت بگاتە ئەو کاریگەرییەی کە دەتوانێت لە بەغدا هەیبێت، تەنانەت ناتوانێت سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت لە کاریگەرییە هەرێمییەکان، کە هەندێکیان لە بەرژەوەندیی کوردستاندا نین. ئەگەر دادگەکان بتوانن دژی یەکدی بەکاربهێندرێن و هاوکاری نەکەن، پێموایە گرنگە لەلایەن دەنگدەرانی کوردستانەوە، لەلایەن دۆستانی کوردستانەوە وەک خۆم، هەرچەندە رەنگە وەک دەستوەردان لە کاروباری کوردیدا دەربکەوێت، بەڵام من ئەو مافە بەخۆم دەدەم ئەمە بڵێم، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیمان، کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 30 ساڵ، هەرچەندە باس لە 22 ساڵ دەکەین، بەڵام من پەیوەندییەکی دوورتر لەوەم هەبووە، کە یەکگرتوویی کورد بگاتە تێگەیشتنێک لەسەر پرسە سەرەکییەکان پێکەوە و کارکردن پێکەوە. رەنگە قورس بێت بیکەیت، بەڵام دەبێت رووبدات.
رووداو: ئەمە چۆن روودەدات؟ چۆن بەسەر ئەم ئاڵنگاریانەدا زاڵ دەبن؟
زاڵمای خەلیلزاد: دەبێت پێکەوە دابنیشن. پێموایە داوا لە هەمووان دەکەم گوێ بگرن، بۆ نموونە، لە هاوڕێ زۆر بەڕێزەکەم، کاک مەسعود. ئەو ئێستا وەک کەسایەتییەکی باوکانەیە بۆ کوردستان. ئامادەبوونی سامانێکی گەورەیە بۆ کوردستان. رۆڵ و بەرپرسیارێتیی ئەو ئەوەیە کە کۆبکاتەوە و هان بدات و سەرکردایەتی بکات. ئەمە بابەتێکە کە دەبێت کورد چارەسەری بکات. من شایەتی یەکگرتوویی کورد بووم لەسەر دەستوور. سەرۆک بارزانی سەرکردە بوو؛ سەرۆک تاڵەبانی زۆر لەنێو وێنەکەدا بوو و پشتیوانیی دەکرد. کاتێکی زۆریان پێکەوە بەسەردەبرد بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی لەسەر پرسەکان دەگەنە رێککەوتنێک.
رووداو: بەڵام ئەم رۆژانە ئەم شتە نابینیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: بەداخەوەم کە دەڵێم ئازارم دەدات کە بڵێم لەبەر نائومێدییە کە هێندە بە روونی قسەت لەگەڵ دەکەم، ئەوەیە کە ئەوەی دەبێت ببێت، نییە. ئەوەی دەبێت ببێت، ئێستا نییە. بۆیە دەبێت بتوانن کار بکەن بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات. زۆر شت لە مەترسیدایە. ناوچەکە بە گۆڕانکاریی گەورەدا تێدەپەڕێت. هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێ. وڵاتان رێڕەوی خۆیان دادەنێن کە پێشتر وا دەزانرا رێڕەویان روونە. سووریا خەبات دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر رێڕەوێک بۆ داهاتوو. کورد کاریگەریی زۆری لەسەرە، بێگومان زۆرێک لە کوردانی سووریا. لوبنان رێڕەوێک دادەڕێژێت. ململانێیەک لە ئێراندا هەیە لەدوای پێشهاتەکانی ناوچەکە کە تێیدا کاریگەریی کەمبووەتەوە. رەنگە تیشک بخرێتە سەر عێراق. بۆیە ئەوەی کورد دەیکات، عێراق دادەڕێژێ و کاریگەریی هەرێمیی دەبێت. پێموایە کارکردن پێکەوە لە کوردستان و لەگەڵ عێراقییەکان بە گشتی لە پەرلەمانی داهاتوودا، لە حکومەتی داهاتوودا، پێموایە ئامادەبوونی بەهێزی کوردستان لە حکومەتی داهاتووی بەغدا و لە پەرلەمانی عێراقدا زۆر گرنگ دەبێت. ئەوە رۆڵی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی زیاد دەکات، ئەگەر نەک هەر بتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەم هەرێمی کوردستانە هەبێت، بەڵکو لەسەر عێراقیش.
رووداو: ئێمە لە رۆژانی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنین لە عێراق.
زاڵمای خەلیلزاد: زۆر بەپەرۆشم.
رووداو: هەڵمەتەکە چۆن دەبینیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: زۆر جوانە. گوتار دەبینم. گردبوونەوەی گەورە دەبینم. ئەمجارە، نەچوومەتە هیچ گردبوونەوە و بانگەشەیەک، بەڵام لە رابردوودا، چوومەتە هەندێک بانگەشە. زۆر جێگەی پەرۆشە، بۆ نموونە زۆرم پێ خۆشبوو، کاتێک بینیم سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دوو رۆژ لەمەوبەر لە گردبوونەوەیەکدا لە سلێمانی قسەی دەکرد، خەڵکێکی زۆر لەوێ بوون، هەرچەندە وا دیارە ناوچەیەکی پڕ لە رکابەرییە. ئەگەر تەنیا لەو روانگەیەوە سەیری بکەیت، دیموکراسی لێرە بە گردبوونەوەکان باش کاردەکات، بەڵام گردبوونەوەکان هەموو شتێک نین. ئەوە بەشێکی سەرەکییە و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، پاشان پێکهێنانی بلۆکێکی بەهێز. نوێنەرایەتیی بەهێز، داکۆکیکاریی بەهێز و داکۆکیکاریی کاریگەر بۆ ئەوەی کورد پێویستی پێیەتی و بۆ داڕشتنی داهاتووی عێراق گرنگ دەبێت.
رووداو: پێتوایە ئەم هەڵبژاردنانە لە راستی دا شتێک لە عێراق دەگۆڕن، بەتایبەتی بۆ پێگەی عێراق یان هەر پارتێک لە پەرلەماندا؟
زاڵمای خەلیلزاد: دەکرێ، ناتوانی 100٪ دڵنیابی. بەڕاستی لە دەستی خەڵکدایە. ئایا هەڵبژاردن بە جیدی وەردەگرن؟ یەکەم نیشانە ئاستی بەشدارییە. لە هەندێک بەشی عێراقدا، بۆ نموونە ئاستی بەشداری لە باشووردا، تاڕادەیەکی زۆر لە کەمبوونەوەدا بووە، تاڕادەیەکی زۆر نزمە. ئایا بەرەو ژمارەی نزمتر دەڕوات؟ دەبێت، ئەگەر لە سەدا 40ـەکان، 50ـەکاندا بێت، ئەوە ئەرێنییە بەراورد بەوەی لە رابردوودا بوو، لە رابردووی نزیکدا. کوردستان بە گشتی نزیکەی 70٪ ئاستی بەشداریی هەبووە. لە رووی بەشدارییەوە باش بووە. ناوچە سوننییەکانیش لە هەندێک کاتدا لە رابردوودا باشتر بوون. بەڵام ئەوە یەک نیشانەیە. پاشان کێ هەڵدەبژێرن؟ ئایا خەڵکێک هەڵدەبژێرن کە چارەسەریان بۆ خەڵک هەیە؟ کە بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە دەکەن و پلانیان بۆ کێشەکان هەیە؟ پلانی خزمەتگوزارییەکان چییە ئەگەر لە باشووری عێراق بیت؟ کێ ئەم وڵاتە دەوڵەمەندەی گەیاندووەتە ئەم دۆخە؟ هێشتا لە هەموو شوێنێکدا کارەبا نییە. کێ، وەک سەکۆیەک، تۆماری مامەڵەکردنی لەگەڵ گەندەڵی هەیە. بۆیە پرسگەلێک هەن کە دەبێت خەڵک بڕیار بدەن چی گرنگە و کێ لە بەدیهێنانی بەڵێنەکاندا باشتر دەبێت و چاودێری ئەوە بکەن کە دەستوەردانی هەڵبژاردن نوێنەرایەتیی کاریگەری خەڵک نەگۆڕێت کە خەڵک هەندێکجار لە هەندێک وڵاتدا دەڵێن گرنگ نییە کێ دەنگ دەدات بەڵکو کێ دەنگەکان دەژمێرێ، بۆیە زۆر گرنگە کە دەنگدەران و هەروەها رۆڵی ئێوەی میدیا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەڵبژاردنەکان تا ئەوپەڕی توانا شەفاف بن، کە ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن بەڕاستی ئەو کەسانەن کە دەنگیان پێداون. کێشەی هەڵبژاردن لە هەموو شوێنێک هەیە. بیرم دێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، نەک دوا هەڵبژاردن، ئەوەی پێشتر، مشتومڕێکی زۆر هەبوو. پەیامی من ئەوەیە دیموکراسی بۆ پاراستنی، بۆ بەهێزکردنی، پێویستی بە بەشداری و وریایی دەنگدەرانە. لە ئاسمانەوە نایەت، یان ئەوانی دیکە ئاگاداری بن بۆت. تۆ دەبێت خۆت ئاگاداری بیت. من گەنجی زۆر دەبینم کە هیوام پێدەبەخشن. هەندێکجار نائومێدن، بەڵام بە داهاتوویەکی ئەرێنی بۆ خۆیان زۆر پابەندن.
رووداو: دوای هەڵبژاردن، رۆڵی ئێران لە عێراق چۆن دەبینیت؟ ئایا پێتوایە دەستوەردان لە پێکهێنانی حکومەتدا دەکات؟ رۆڵەکە چی دەبێت؟
زاڵمای خەلیلزاد: هەرچەندە ئێران بە شێوەیەکی فراوان لەسەر ئاستی هەرێمی لاواز بووە، نەبووەتە ساڵێک ئێران کاتێک بەسەر سووریادا زاڵبوو، کاتێک بەسەر لوبناندا زاڵبوو، کاتێک تووشی ئەو جۆرە زیانە نەببوو کە ئێستا تووشی بووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بۆ عێراق ئێران دراوسێیە، دراوسێیەکی گەورەیە. ئێران دەیەوێت ببێتە هێزی دەرەکیی باڵادەست. ئەمە پرسێکە کە گرنگییەکی زۆری هەیە. ئێمە حەزدەکەین ببینین، پێموایە عێراق هێندە دەوڵەمەندە، هێندە وڵاتێکی گەورەیە، وڵاتێکی بچووک نییە؛ دەبێت وڵاتێکی تەواو سەروەر و سەربەخۆ بێت و نابێت نوێنەرێکی ئەمریکا یان نوێنەرێکی ئێران بە عێراقییەکان بڵێت کێ دەبێت ببێتە سەرۆکوەزیرانیان یان نا. پێموایە ئێران لەوانەیە هەندێک هێڵی سووری هەبێت کە لەوانەیە چاودێرییان بکات کە نەبەزێنرێن، بەڵام عێراقییەکانن کە دەبێت بڕیار بدەن.
رووداو: بە شێوەیەکی نموونەیی قسە بکەین، دەبێت عێراق سەروەریی خۆی هەبێت، وایە؟
زاڵمای خەلیلزاد: وایە.
رووداو: بەڵام لە واقیع، ئایا ئێران رێز لەوە دەگرێت؟
زاڵمای خەلیلزاد: ئێران چاوەڕوانیی خۆی هەیە، رەنگە عێراقێکی بوێت کە رێز لە هێڵە سوورەکانی ئێران بگرێ، نایەوێت گۆڕانکاری وەک ئەوەی لە سووریا یان لوبنان روویدا، لە عێراقیش ببینێت، بەڵام لەکاتێکدا وەک دراوسێ، بوونی پەیوەندیی باش شتێکی قبووڵکراوە، بەڵام پەیوەندیی ژێردەستەیی و باڵادەستی نابێت جێگرەوەیەکی قبووڵکراو بێت بۆ عێراقییەکان، چونکە عێراقییەکان مێژوویەکی درێژی خۆیان هەیە؛ لاپەڕەی تاریکی مێژوو، هەروەها رۆژانی شکۆداریش جیاوازی هەیە. عێراق زۆربەی عەرەبە. ئەوەی لەگەڵ ئێراندا هاوبەشە، کە زۆربەی ناعەرەبە، ئەوەیە کورد لە هەردوو وڵاتدا هەیە. هەندێک عەرەب لە ئێراندا هەن، بەڵام دوو وڵاتی گرنگن لە ناوچەکەدا. بەهۆی دۆخەکانی 20 ساڵی رابردووەوە، ئێران هەندێک کاریگەریی بەرچاوی بەدەستهێنا. کاتی ئەوە هاتووە دەست بە چارەسەرکردنی ئەوە بکرێت. ئێران پێی خۆشنابێت وڵاتێکی دیکە لە عێراقدا پێی بڵێت چی بکات، کێ دەبێت لە حکومەتەکەیدا بێت، یان دەبێت چ سیاسەتێک پەیڕەو بکات، یان میلیشیای لە وڵاتەکەیدا هەبێت کە دڵسۆزی وڵاتێکی دیکە بن. بۆچی دەبێت میلیشیا هەبێت کاتێک دامەزراوەی ئەمنیی خۆت هەیە، بەتایبەتی میلیشیا کە دڵسۆزی دەوڵەتێکی دیکە بن. ئەمانە پرسیارن کە دەبێت چارەسەر بکرێن. پێموایە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە، کە عێراق لەم میلیشیایانە و لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئێران سەربەخۆتر بێت.
رووداو: بە خێرایی با بچینە سەر سووریا. لە کۆنفرانسی قامشلۆدا، کورد داوای فیدراڵییان بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد. ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
زاڵمای خەلیلزاد: ئەمریکا فیدراڵییە. ناتوانم هیچی دیکە بڵێم جگە لە قسەی ئەرێنی سەبارەت بەوە. ئەزموونی ئێمە لەگەڵ فیدراڵی دا، بە بڕوای من، وڵاتەکەمانی رزگار کردووە. دەزانم هەندێک کەس بەرامبەر فیدراڵی نەرێنین. کاتێک لە ئەفغانستان بووم، هەندێک لە کاتی داڕشتنی دەستووری ئەفغانستاندا یارمەتیدەر بوون. باسمان لە دەستووری عێراق کرد. هەندێک کەس لەوێش داوای فیدراڵییان دەکرد. بیرم دێت سەرۆک کارزای، کە دۆستێکی باشمە، تەلەفۆنی بۆ کردم. من باڵیۆزی ئەمریکا بووم لەوێ، گوتی، دەبێت شتێکی نەرێنی لەسەر فیدراڵی بڵێیت. گوتم، بەڕێز سەرۆک، بیرۆکەیەکی زۆر نایابە. تەنیا یەک کێشە نەبێت، من نوێنەرایەتیی وڵاتێکی فیدراڵی دەکەم. ناتوانم هیچ شتێکی نەرێنی لەبارەیەوە بڵێم. ناتوانم هیچ شتێکی نەرێنی لەبارەی فیدراڵییەوە بڵێم. نەک تەنیا کورد، بەڵکو هەندێک لایەنی دیکە لە سووریا هەن کە ئەوانیش لایەنگری سیستمێکی ناناوەندین. هەروەها هاوسەنگیی نێوان ناوەند و ناوچە دیاریکراوەکان و نەتەوەکان، یەکێکە لە پرسە گەورەکان. بەداخەوە، سووریاییەکان بە تەنیا رەنگە لە دۆخێکدا نەبن کە بۆ خۆیان بڕیار بدەن، هەرچەندە دەبێت وابن، چونکە دراوسێکان و هێزە هەرێمییەکان و ئەوانی دیکەش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکە دەبێت. چونکە ئێستا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سووریا، دەبێت هەوڵ بدرێت دڵنیابینەوە کە رێککەوتنێکی نیشتمانی لەنێوان سووریاییەکان دا هەیە لەسەر پێکهاتەی داهاتوو و فیدراڵیزم یەکێکە لە جێگرەوە بەرچاوەکان.
رووداو: ئایا پێتوایە ئەوە چارەسەرە بۆ دۆخێکی جیدی؟
زاڵمای خەلیلزاد: رەنگە وابێت. دەبێت سووریاییەکان رێکبکەون. پێموایە ئەگەر سەیری دۆخەکە بکەیت، سیستمێکی ناناوەندی گونجاو دیارە، بەڵام دەبێت سووریاییەکان بڕیارەکە بدەن.
رووداو: پێتوایە ئەگەر کورد لەسەر هەڵوێستی خۆی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لەسەر داواکردنی فیدراڵی بۆ رۆژئاوا، ئەمریکا پشتیوانییان دەکات؟
زاڵمای خەلیلزاد: ئەمریکا پشتیوانی دەکات، دەبێت پشتیوانی بکات. من لە حکومەتدا نیم. من نوێنەرایەتیی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ناکەم، بەڵام ئەگەر سووریاییەکان بگەنە رێککەوتنێک، هەرچۆنێک ناوی بنێن، هەندێک کەس هەستیارییان بەرامبەر وشەی فیدراڵی هەیە، هەرچەندە ئەگەر بڵێیت ناناوەندی، دەڵێن، ئۆو ئەوە باشە. ئەوە قبووڵ دەکەن. نازانم بۆچی هەستیاری بەرامبەر ئەم وشەیە هەیە، ئێمە باس لە ئەرکەکان دەکەین کە دەبێت ناوەندی یان ناوخۆیی بن، یانیش سەر بە یەکە فیدراڵییەکان، یان پارێزگەکان بن. هەمیشە یەک شێواز و رێباز نییە. دەستووری عێراق بە روونی رووی لە ناناوەندییە، چونکە دەڵێت دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی چین. رەنگە هاوسەنگیی جیاواز هەبن بەپێی ئەوەی دانوستاندنەکان چۆن دەڕۆن و بارودۆخیان چییە لە رووی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە، لە رووی هایدرۆکاربۆن و کانزاکانەوە. پرسگەلێک هەن کە دەبێت خەڵک گفتوگۆیان لەسەر بکەن و لەسەری رێکبکەون.
رووداو: داهاتووی هەسەدە لە سووریا چۆن دەبینیت؟
زاڵمای خەلیلزاد: چارەسەرێک، بوونی هێزێکی ئەمنیی هەرێمییە. ئەگەر ببێتە فیدراڵی، ئێمە هێزمان هەیە کە لە سیستمی فیدراڵیی ئێمەدا سەر بە ویلایەتەکانن. بۆ نموونە، لێرە پێشمەرگە هەیە. گفتوگۆیەکی زۆر لە دەستووردا کرا و رۆڵێکی فیدراڵیی پێدرا. بێگومان، مرۆڤ حەزدەکات زیاتر پێشمەرگە وەک هێزی کەسی نەبینێت، بەڵکو وەک هێزێکی هەرێمیی تێکەڵکراو. بۆیە شت هەن کە تەنانەت لێرەش پێویستە بکرێن، بەڵام رێگەی جۆراوجۆر هەن. هەندێک دەڵێن دەبێت هەندێک لە بەشەکانی هێزە ناوخۆییەکان لەگەڵ هێزە ناوەندییەکاندا تێکەڵ بکرێن. بەشەکان دەبێت بەرپرسیارێتیی هەرێمی یان ناوخۆییان هەبێت. پێکهاتەی جۆراوجۆر هەن. شتە سەرەکییەکە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی نیشتمانی، واتا رێککەوتنێک کە بۆ پێکهاتە سەرەکییەکان کارا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەقامگیری مسۆگەر بکات، خۆی لە ململانێ بپارێزێت و ئاسایش بۆ خەڵکی ناوخۆیی و بۆ وڵاتەکەش بە گشتی بپارێزێت.
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز باڵیۆز.
زاڵمای خەلیلزاد: سوپاس. زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ