رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پاسکال کۆنفەڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، تیشکی خستە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق، بەغدا و هەولێر.
کۆنفەڤرۆ جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ناسنامەی کورد و مسۆگەرکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان لە سووریای داهاتوودا، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسایە.
کۆنفەڤرۆ ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا.
ئەو گوتی: "ئێمە قەرزاری خوێنی کوردین؛ چونکە 10 ساڵ وەک هاوسەنگەر پێکەوە دژی داعش جەنگاین. ئەم رێککەوتنە تەنیا ئاگربەست نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ چەسپاندنی پێگەی کورد لە سووریایەکی یەکگرتوو و فرەچەشن."
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە. ئەو سوپاسی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەم شەڕەدا و رایگەیاند کە ئاسایشی کوردستان و عێراق راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئاسایشی ئەورووپاوە.
کۆنفەڤرۆ ئاماژەی بە مێژووی قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر کرد، بە تایبەت رۆڵی فەرەنسا لە دەرکردنی بڕیاری 688 بۆ پاراستنی کورد. وەک هێمایەک بۆ ئەم دۆستایەتییە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەم سەردانەدا نامەیەکی مێژوویی ساڵی 1967ی مەلا مستەفا بارزانی بۆ جەنەڕاڵ دیگۆل، لەگەڵ خۆی هێنابووەوە بۆ هەولێر، وەک بەڵگەیەک لەسەر متمانەی مێژوویی نێوان هەردوولا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پاسکال کۆنفەڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا:
رووداو: سوپاس بۆ ئەوەی لێرەیت بەڕێز پاسکال. گەشتەکەی وەزیر لە دیمەشق، بەغدا و هەولێر دەستیپێکرد. پەیامی فەرەنسا بۆ دەسەڵاتدارانی عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چییە؟ هەروەها ئەمە چ پەیوەندییەکی بە دۆخ و گفتوگۆکانی سووریاوە هەیە؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: ئەوە گەشتێک بوو کە بەڕاستی وەزیر دەیویست بیکات، هەر لەم کاتەشدا دەیویست بیکات. بۆچی؟ لەبەر دوو هۆکار. یەکەم، چونکە گەشتێک بوو دژی داعش، لەم ساتەوەختەدا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بۆ ئەوەی بە روونی ببینین چۆن دەتوانین پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە بکەین، بەڵام دەزانن لە پشت ئەمەوە ئاسایشی خۆیشمانی تێدایە، چونکە دەزانن لە ساڵانی 2015 و 2016 خاکەکەمان بە تەواوی رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستیی داعش بووەوە. ئەوە خاڵی یەکەم بوو.
دووەمیان بۆ گەیاندنی پەیامی دۆستایەتی بوو بۆ عێراق و کوردستان، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لە سووریا لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کرا، کە لە 29ـی کانوونی دووەم رێککەوتنی لەسەر کرا بۆ ئاگربەست. ئێمە ئەمە بە زۆر گرنگ دەبینین، چونکە داننان بە ناسنامەی کورد و هەبوونی پێگەیەک بۆیان لە داهاتووی سووریادا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە لە رۆژانی رابردوودا بۆ ئەم نێوەندگیرییە هەوڵمان داوە. دەتوانم بڵێم ئەمانە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی گەشتەکە بوون.
رووداو: فەرەنسا هەمیشە شەڕی دژی داعشی بە کاری هەرە لەپێشینە داوە. هەڵسەنگاندنی ئێستاتان بۆ هەڕەشەی داعش بەتایبەتی لە عێراق و سووریا چییە؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: هەڵسەنگاندنی ئێستامان ئەوەیە کە شەڕی دژی تیرۆر هەرگیز کۆتایی نایەت. شەڕێکە کۆتایی نییە. بۆیە ئێمە زۆر بە جددی وەری دەگرین. دەزانین حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە پابەندن بەمەوە. دەبینن کە ئێمە بەردەوامین لە شەڕکردن لەسەر ئەوە. لە سێی کانوونی دووەم هەندێک ئامانجی پێکهاتەکانی داعشمان لە سووریا بۆردوومان کرد. ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە. ئێمە چاودێری دەکەین و تێبینیمان کردووە کە عێراق لەم رۆژانەی دواییدا ژمارەیەک چەکداری پێشووی داعشی وەرگرتووەتەوە، عێراق لەم چوارچێوەیەدا دەتوانێت پشت بە ئێمە ببەستێت.
رووداو: وەزیری دەرەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە. گفتوگۆکان لەبارەی چی بوون؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: گفتوگۆکان بەدواداچوون بوون بۆ رێککەوتنەکەی 29ـی کانوونی دووەم. دەزانن ئێمە چەندە بەشداریی ئەو رێککەوتنەمان کردووە، هەروەها دەزانن سەرۆک بارزانی و کورد لە هەولێر چۆن یارمەتیدەر بوون لە رێکخستنی ئەم ئاگربەستە. ئێستا زۆر هەنگاوی جێبەجێکردن هەن، بۆیە دەمانویست ببینین چۆن دەکرێت ئەم جێبەجێکردنە بکرێتە واقیع. ئەم رۆژانە بۆ ئەوە زۆر گرنگن.
رووداو: هەمان بابەت بوو کە لە دیمەشقیش گفتوگۆتان دەکرد؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: بەڵێ بێگومان، لە دیمەشقیش باسی ئەوەمان کرد. وەزیر بارۆ لەگەڵ هاوتاکەی، وەزیر شەیبانی کۆبووەوە کە ئەویش کەسێک بوو بەشداری لە رێککەوتنەکەی 29ـی کانوونی دووەم کرد.
رووداو: فەرەنسا چاوەڕێی چی لەم رێککەوتنەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە مافەکانی کورد لە سووریا؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: ئێمە زۆر گرنگی بەوە دەدەین کە چۆن ئەم مافانە جێبەجێ دەکرێن، چ مافی کولتووری، سیاسی یان مێژوویی بێت. ئەمە مەرجێکە بۆ سووریایەکی یەکگرتوو و ئاشتیخواز لە داهاتوودا لە چوارچێوەی فرەییەکەیدا. بۆیە کورد هەموو پێگەی خۆی لەم سووریا نوێ و داهاتوودا هەیە. ئەم رێککەوتنە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەوە.
رووداو: فەرەنسا رۆڵێکی گەورە و سەرەکی لەم رێککەوتنەدا هەبوو و وەک زانیمان سەرۆک ماکرۆن خۆی پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە کردووە. فەرەنسا تاوەکو چەند لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەکات؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: دەزانن، ئێمە لەگەڵ هەسەدە لە 10 ساڵی رابردوودا هاوسەنگەر بووین. دەزانین چییان لەسەر ئێمەیە. دەزانین قەرزێکی خوێنمان لەسەرە بەهۆی هەموو ئەوەی روویدا، چونکە پێکەوە دژی تیرۆریستانی داعش جەنگاین. بۆیە بێگومان، ئەمە کۆتایی نییە. ئەمە سەرەتای رێگەیەکی داهاتووشە بۆ ئەوەی بەردەوام چاودێری بکەین چۆن ئەم رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت. بۆیە بێگومان ئێمە لێرە دەبین.
رووداو: دۆخی هەرێمایەتی گرژییەکانی ئێران و هەروەها لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لەخۆ دەگرێت. ئایا لە گفتوگۆکانتان لە سووریا، بەغدا و هەولێر ئەم بابەتانە چۆن باس کران؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: ئەم بابەتانەش بە دڵنیاییەوە باس کران. دەزانن کە دانوستاندنی گرنگ هەن کە دەبێت ئەمڕۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچن. ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە تێکچوونی سەقامگیری، تێکچوونی سەقامگیریی هەرێمایەتی لە ئێران کاریگەری لەسەر عێراق و کوردستانیش دەبێت. بۆیە ئەمە ئەوەیە بەڕاستی دەمانەوێت خۆمانی لێ بەدوور بگرین و رێگری لێ بکەین. ئەوەی بە ئێرانییەکان دەڵێین ئەوەیە کە ئێستا دانوستاندنێک هەیە و دەبێت بیقۆزنەوە، دوای ئەو تووندوتیژییە دەوڵەتییە تەواو قبووڵنەکراوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رژێمی ئێران دژی دانیشتووانی خۆی کردی، ئەم دانوستاندنە دەبێت دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و سەقامگیریی ناوچەکەش لەخۆ بگرێت. بۆیە بێگومان بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئەمە رێک ئەوەیە کە بە رژێمی ئێرانی دەڵێین.
رووداو: لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پەیامی سەرەکی و گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان چی بوون؟
پاسکال کۆنفەڤرۆ: پەیوەندییەکی مێژوویی نایاب لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەیە. بێگومان باسی ئەوەیان کرد. لەبیرتانە فەرەنسا پێشەنگ بوو لە دەرکردنی بڕیاری 688 کە ناوچەی دژەفڕینی لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن دروستکرد. هەروەها لەبیرتانە کە ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هاوسەنگەر بووین. هەروەها ساتێکی کاریگەر بوو کاتێک وەزیر بارۆ نامەیەکی ساڵی 1967ـی باوکی بارزانی [مەلا مستەفا بارزانی] لەگەڵ خۆی هێنابووەوە، کە بۆ ئێمە و بۆ سەرۆک دیگۆلی نووسیبوو دەربارەی ئەوەی فەرەنسا بۆ ئەوان چی دەگەیێنێت. بۆیە ئەم پەیوەندییە لە مێژوو و لەو متمانە و کارەشدا رەگی داکوتاوە کە لەم رۆژانە و هەفتانەی دواییدا کردمان. ئەوەی کرا زۆر کۆنکریتی بوو بۆ ئەوەی یارمەتیی سەرگرتنی ئەم رێککەوتنەی 29ـی کانوونی دووەم بدات، چونکە سەرۆک بارزانی لایەنێکی سەرەکی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەوە، بە گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزەکانی هەسەدەشەوە. وەک ئاماژەت پێدا، سەرۆک ماکرۆن خۆی بە شەخسی بەشدار بوو، لەگەڵ سەرۆک شەرع لە سووریا، جەنەڕاڵ مەزڵووم و سەرۆک بارزانی قسەی کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بدات، کە بە بۆچوونی ئێمە بنەمایەکە بۆ تێکەڵکردنی ناسنامەی کورد لە سووریای نوێدا لە داهاتوو. بەم شێوەیەش ئەمە ئەو رێککەوتنەیە، کە دەبێت بۆ داهاتوو پەیڕەوی بکەین.
رووداو: پاسکال، بەخێربێی بۆ رووداو و بۆ کوردستانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ