ئەندامێکی پارتی سەوزەکان: ئەڵمانیا پێویستی بە کۆچی کارمەندی شارەزایە، نەک چارەسەری ساختە

06-05-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایکڵ کێڵنەر، ئەندامی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایکڵ کێڵنەر، ئەندامی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مایکڵ کێڵنەر، ئەندامی پارتی سەوزەکان، شکستی فرێدریش مێرتز، بەربژێری راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا لە بەدەستهێنانی زۆرینە لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا بە "دەستپێکێکی خراپ" و "شکستێکی گەورە" بۆ حکومەت ناودەبات. جەخت دەکاتەوە کە پارتی سەوزەکان دەنگ بە مێرتز نادەن، چونکە بە راوێژکارێکی گونجاوی نازانن بۆ ئاڵنگارییەکانی ئێستا.
 
کێڵنەر بەرپرسیارێتیی دۆزینەوەی زۆرینە دەخاتە ئەستۆی پارتەکانی کریستیان دیموکرات، کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات و دەڵێت، ئەوان دەبێت بڕیار بدەن ئایا دەیانەوێت بچنە گەڕێکی دیکەی دەنگدانەوە.
 
سەبارەت بە سیاسەتی کۆچ، کێڵنەر پێیوایە، ئەڵمانیا پێویستی بە کۆچی کارمەندی شارەزایە بەهۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافییەوە. هاوکات پشتگیری لەوە دەکات دەرفەت بدرێت بەو کەسانەی دەیانەوێت کار بکەن و تێکەڵاوی کۆمەڵگە بن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمە مانای ئەوە نییە تاوانباران بتوانن بمێننەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی پارتی سەوزەکان رەتیدەکاتەوە، پارتەکەی پێویست بێت دەنگ بدەن بۆئەوەی حکومەت پێکبهێندرێت و رێگری لە بەهێزبوونی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) بکرێت. پێیوایە حکومەتێک پێویستی بە زۆرینەی خۆیەتی و ئۆپۆزیسیۆنێکی دیموکراتیش گرنگە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایکڵ کێڵنەر، ئەندامی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بەڕێز کێلنەر، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. سوپاستان دەکەم. کەس چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد. فراکسیۆنی پەرلەمانی ئێوە چی دەڵێت لەبارەی ئەمەوە؟
 
مایکڵ کێلنەر: ئەمە دەستپێکێکی خراپە بۆ حکومەت. پێش ئەوەی تەنانەت راوێژکار لە پۆستەکەیدا بێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ خۆشحاڵبوون. ئەم حکومەتە نەیتوانی زۆرینە لەم هەڵبژاردنەدا مسۆگەر بکات.
 
رووداو: ئەمە بەتایبەتی چی دەگەیێنێت بۆ فریدریش مێرتس؟
 
مایکڵ کێلنەر: ئەمە شکستێکی گەورەیە. ئێستا کریستیان دیموکرات و کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا دەیانەوێت بچنە گەڕی دووەمی دەنگدانەوە یان نا. ئەگەر دەیانەوێت ئەوە بکەن، من دەڵێم دەبێت بەردەوام بن. ئێمە بەربەستیان بۆ دروست ناکەین، بەڵام دەبێت زۆرینەی خۆیان بەدەست بێنن. ئێمە دەنگ بە فریدریش مێرتس نادەین.
 
رووداو: بۆچی نا؟
 
مایکڵ کێلنەر: چونکە فریدریش مێرتس راوێژکارێکی گونجاو نییە بۆ ئەم وڵاتە و بۆ ئاستەنگەکانی سەردەمی ئێمە. هاوپەیمانیی ترافیک لایت (پێکهێنەری حکومەتی رابردوو) کۆتایی پێهات. بۆیە هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوەچوو. ئێستا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، ئەوانیش هەڵبژاردنی نوێیان دەوێت.
 
رووداو: بۆچوونت چییە لەبارەی ئەم حکومەتە نوێیە؟
 
مایکڵ کێلنەر: سەرەتا دەستوورێک هەیە، رێکارێک هەیە؛ پێشتر هەرگیز رووی نەداوە کە راوێژکار لە گەڕی یەکەمدا زۆرینە بەدەست نەهێنێت. ئێستا کریستیان دیموکرات، کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات دەبێت بڕیار بدەن، کە ئایا دەیانەوێت بچنە گەڕی داهاتووی دەنگدانەوە یان نا و ئینجا دەبینین چی روودەدات.
 
رووداو: پێتوایە لە گەڕی دووەمدا بەربژێری راوێژکار زۆرینە بەدەست دەهێنێت؟
 
مایکڵ کێلنەر: نازانم. دەبێت پرسیار لە ئەندامانی کریستیان دیموکرات و کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات بکەیت، چونکە ئێمە سەوزەکانین و بەشێک نین لەم حکومەتە. ئێمە دەنگ بە فریدریش نادەین. ئەگەر هەڵبژێردرا، ئەوا حکومەتی نوێ هەموو ئەو شتانە جێبەجێ دەکات کە دەیانەوێت لە ئەمڕۆوە جێبەجێی بکەن.
 
رووداو: پێتوایە دەتوانن ئەوە چارەسەر بکەن کە باسی دەکەن؟
 
مایکڵ کێلنەر: ئەمە دەنگدانێکی سەرەکییە لە سەرەتای حکومەتدا، واتە هەڵبژاردنی راوێژکار. بۆیە دەستپێکێکی خراپە، رووخانێکی گەورەیە.  ئێستا دەبێت کریستیان دیموکرات، کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات هەوڵی خۆیان بدەن. ئەوان هەوڵیان دا حکومەتێک پێکبهێنن. بەڵام (لە گەڕی یەکەمدا) سەرکەوتوو نەبوون.
 
رووداو: گرووپی پەرلەمانی ئێوە چ رەخنەیەکی لەم هاوپەیمانییە نوێیە هەیە؟
 
مایکڵ کێلنەر: کاتێک باس لە پاراستنی کەشوهەوا دەکرێت، زۆر نیگەرانم کە ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە چارەسەر ناکرێت. دۆخێکی نێودەوڵەتی زۆر ئاڵۆزمان هەیە و پێویستمان بە حکومەتێکە بتوانێت کار بکات. هێشتا (ئەم هاوپەیمانییە) نیشانی نەداوە کە توانای ئەوەی هەیە و دڵنیا نیم کە فریدریش مێرتس بە ئاسانی دەتوانێت ئەو ئەرکە لەم کاتەدا ئەنجام بدات.
 
رووداو: بۆچوونت چییە لەبارەی سیاسەتی کۆچ کە فریدریش مێرتس بەڵێنی داوە جێبەجێی بکات، کە ئێستا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بە تووندی رەخنەی لێ دەگرێت؟
 
مایکڵ کێلنەر: ئەڵمانیا پێویستی بە کۆچی کارمەندی شارەزایە. گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی گەورەمان هەیە و وا هەست دەکەم ئەم گفتوگۆیە لە ئەڵمانیا تا رادەیەک لاوەکییە، چونکە ئێمە وڵاتێکین کە پێویستیشمان بە کۆچی کارمەندی شارەزایە. ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێرە کار بکەن، دەبێت دەرفەتیان پێ بدرێت و بتوانن لێرە تێکەڵاو بن؛ هەروەها لە رێگەی کارەوە، ئەمە گرنگە. ئێمە بەدوای چارەسەرە ساختەکاندا دەگەڕێین. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسانەی ناخوازن لێرە تێکەڵاو بن، بەڵام تاوانیان ئەنجام داوە، هەموویان دەتوانن بمێننەوە. بێگومان نەخێر. بەڵام دەبێت ئەوەش روون بکەینەوە کە کەسانێکی زۆرمان هەن لێرە دەژین، لێرە کار دەکەن، لێرە بەخێرهاتنیان لێ دەکرێت، پێویستمان پێیانە و بەردەوام وڵاتێکی کراوە و فرەڕەنگ بووین.
 
رووداو: ئەڵمانیا پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزە. هەموو پارتەکان دەڵێن، ئایا ئێستا کریستیان دیموکرات و کریستیان سۆسیال و سۆسیال دیموکرات پێویستیان بە دەنگەکانی ئێوە نییە بۆ ئەوەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بەهێزتر نەبێت؟
 
مایکڵ کێلنەر: نەخێر، حکومەتێک پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی دیموکراسی هەیە. حکومەتێک دەبێت خۆی زۆرینەی هەبێت. ئەوە چۆن کار دەکات؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات