رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) رایگەیاند، شکستی هەڵبژاردنی راوێژکار لە گەڕی یەکەمدا "مێژوویی" بووە و جەختی کردەوە، پێویستە هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، چونکە "ئەم پەرلەمانە بە ئاشکرا ناتوانێت حکومەتێکی جێگیر پێکبهێنێت."
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئالیس ڤایدڵ، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) ئاماژەی بەوەدا، دەنگدەران "حکومەتێکی نێوەڕاست - راستیان هەڵبژاردووە." لەبارەی گۆڕانکارییە بەپەلەکانەوە داوایکرد، باج کەم بکرێتەوە، کۆچی نایاسایی رابگیرێت و نایاساییەکان دەربکرێن، سیاسەتی وزەی گونجاو پەیڕەو بکرێت و وڵات بگەڕێتەوە بۆ وزەی ئەتۆمی، هەروەها بیرۆکراسی کەم بکرێتەوە و ئاسایشی نێوخۆیی بگەڕێندرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "ئەم تۆڕە سۆسیالیستییە کۆمۆنیستییەی لێرە لەژێر CDU دروستبووە، پێویستە بڕوات. پێویستمان بە سیاسەتی لیبراڵە." سەبارەت بە هۆکاری بەنێوبانگ نەبوونی مێرتس، ڤایدڵ ئاماژەی بەوە کرد، "فێڵبازی هەڵبژاردنە" و ئەوەی روویدا "بە تەواوی لۆژیکی بوو."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئالیس ڤایدێل، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا:
رووداو: سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. چی دەڵێیت لەبارەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە؟
ئالیس ڤایدێل: من بەڕاستی چاوەڕوانی ئەمەم نەدەکرد. لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەوەی ئەمڕۆ لێرە روودەدات مێژووییە.
رووداو: دەڵێیت دەبێت هەڵبژاردن بکرێتەوە. بۆچی؟
ئالیس ڤایدێل: چونکە دۆخەکە ناجێگیرە. ئەم پەرلەمانە بە ئاشکرا ناتوانێت حکومەتێکی جێگیر پێکبهێنێت. ئەوەی من دەیڵێم بە تەواوی لۆژیکییە، چونکە دەنگدەران بە زۆرینە حکومەتێکی نێوەڕاست - راستیان هەڵبژارد.
رووداو: دەبێت بەپەلە چی بگۆڕدرێت؟
ئالیس ڤایدێل: ئەم حکومەتە توانای ئەوەی نییە، چونکە پارتی سۆسیال دیموکرات بەرنامەکە دیاری دەکات. ئەوەی ئەم وڵاتە پێویستیەتی بریتییە لە رێژەی باجی کەمتر. بە بۆچوونی من، دەبێت باج نیوە بکرێت، باجی کۆمپانیا و داهات. پێویستت بە کەمکردنەوەی خەرجی بە شێوەیەکی بەرچاو هەیە. پێویستە کۆچی نایاسایی کەم بکەینەوە، نایاساییەکان لە وڵاتەکەمان دووربخەینەوە. پێویستمان بە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی وزەی گونجاوە. ئێمە بەرزترین نرخی وزەمان هەیە؛ ئێمە ئابوورییەکەمان وێران دەکەین؛ خەڵک لە داهاتوودا لە شەقامەکان دەبن، کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ئەم وڵاتە جێدەهێڵن. کەواتە، دەبێت باج دابەزێنین، نرخی وزە دابەزێنین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ وزەی ئەتۆمی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دابینکردنی وزەیەک کە توانای باری بنەڕەتی هەبێت، پێویستە بیرۆکراسی کەم بکەینەوە. کەواتە ئەم تۆڕە سۆسیالیستییە کۆمۆنیستییە کە لێرە لەژێر CDU دروستبووە، پێویستە بڕوات. پێویستمان بە سیاسەتی لیبراڵە. هەموو کەسێک دەبێت ئازاد بێت بۆ بڕیاردان لەوەی چی دەکڕێت. هەر کۆمپانیایەک دەبێت ئازاد بێت بۆ بڕیاردان لەوەی چی بەرهەم دەهێنێت. لە سەرووی هەموویانەوە، پێویستە ئاسایشی نێوخۆیی لە وڵاتەکەماندا دووبارە بگەڕێنینەوە. ئەوە بێگومان بە هیچ شێوەیەک بەهۆی سنوورە کراوەکانەوە دەستەبەر ناکرێت.
رووداو: بۆچی (مێرتس) هێندە بەنێوبانگ نییە؟
ئالیس ڤایدێل: ئەوەندە بەنێوبانگ نییە، چونکە فێڵبازی هەڵبژاردنە. ئەوەی ئەمڕۆ لێرە روویدا بە تەواوی لۆژیکی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ