رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە فەرەنسا دەڵێت، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی کاتێرداڵی نۆتەردام شانازییەکی گەورەیە بۆ کورد؛ چالاکڤانێکی سیاسیش دەڵێت، لەوێ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان، باس لە مەترسییەکانی سەر کوردستان دەکات.
بڕیارە رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاتێدرالی نۆتەردام لە پاریس بکرێتەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا تێیدا بەشدار دەبێت.
د. کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە پاریس لەبارەی رێوڕەسمەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''کاتێرداڵی نۆتەردام یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی فەرەنسایە.''
د. کەنداڵ نەزان ئاماژەی بەوەدا، لە رابردوودا ژمارەیەکی زۆر رێوڕەسمی ئایینی و حکومی لە کاتێدرالی نۆتەردامدا بەڕێوەچووە، ''لەوانە تاجدانانی ناپلیۆن، بۆیە بۆ فەرەنسا و فەرەنسییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.''
رێوڕەسمەکە زۆر گەورە دەبێت و لە ئاستێکی زۆر باڵادا بەڕێوەدەچێت؛ سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە پاریس گوتی، بەگشتی 50 سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکی حکومەتەکان، هەروەها شاندی 100 وڵاتی دیکە تێیدا بەشدار دەبن.''
بەگوتەی د. کەنداڵ نەزان، بەر لە سووتانی، ساڵانە 15 ملیۆن کەس سەردانی کاتێردالی نۆتەردامیان دەکرد، ''بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکەش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بۆیە نۆژەنکردنەوەکەی بۆ هەموو کەسانی خوێندەوار، هونەرمەند و زانا گرنگ بوو.''
ئەو کاتێدرالە تەمەنی 850 ساڵە و یەكێکە لەو شوێنەوارانەی لەلایەن یونسکۆوە بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی جیهان ناسێندراوە و، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە 15ـی نیسانی 2019 سووتا و تاوەرەکەی رووخا. وەک سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە پاریس گوتی، تەنیا لە ئەمریکا زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەکەی کۆکرایەوە.
لەبارەی بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوەڕەسمەکە، د. کەنداڵ نەزان ئاماژەی بەوە کرد، ''جێگەی شانازییە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وەکو سەرۆکی وڵاتێک پێشوازی لێدەکرێت، ئەمەش بۆ کورد سەرکەوتنێکی باشە.''
بەگوتەی سەرۆکی ئەنستیتیوتی کوردی لە پاریس، نێچیرڤان بارزانی ''تەنیا سەرۆک هەرێمێکە کە وەکو سەرۆکی وڵات یان حکومەت دەناسێندرێت، چونکە لە جیهان ژمارەیەکی زۆر هەرێمی دیکە هەن، بەڵام ئەوان بانگهێشت نەکراون، ئەمە گرنگیدانی فەرەنسا بۆ گەلی کورد و کوردستان نیشان دەدات.''
د. کەنداڵ نەزان جەختی لەوە کردەوە، بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێردالی نۆتردام، ''دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گرنگە و لەوانەیە سوودی بۆ داهاتووی نزیک نەبێت، بەڵام لە داهاتووی دووردا لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت، بەتایبەتی کاتێک سەرۆکی وڵاتان دەبینن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەوێیە.''
رێوڕەسمەکەی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتەردام لەکاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی سووریا بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە پاریس دەڵێت، ''هیوادارم دەرفەت هەبێت بۆ ئەوەی بەڕێز کاک نێچیرڤان بتوانێت لەگەڵ سەرۆکە بڕیاردەرەکانی جیهانی، بە کورتی یەکدی ببینن و گفتوگۆ لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن.''
گوتیشی، دوور نییە لە پەراوێزی رێوڕەسمەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن و چەند سەرۆکی دیکە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆببنەوە؛ ''کوردستانیش لە ناوەندی ئەم قەیرانەدایە، پێموایە گەلێک کەس خوازیار بن بۆچوونی کورد و کوردستان ببیستن، ئەم دەرفەتە هەیە و هیوادارم کە سەرکەوتوو بن تێیدا.''
هەر لەبارەی رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێردالی نۆتردامدا، عەزیز ماملێ، چالاکڤانی سیاسیی کورد لە فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بە ئاڵا شاڵی گوت: ''کاتێک ئەو کەنیسەیە سووتا، خەڵکێکی زۆر دەگریان، هەستی خەڵک بریندار بوو، بەڵام ماکرۆن بەڵێنەکەی بردە سەر و لە پێنج ساڵدا نۆژەنی کردەوە، چونکە بەشێک بوو لە مێژووی فەرەنسا.''
عەزیز ماملێ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەرۆکانەی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن، لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گفتوگۆ دەکەن، ''لەوانەیە دووکەڵی شەڕی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستانیش بگرێتەوە، بۆیە دڵنیام بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانیش لەوبارەوە لەگەڵ هەموو ئەو سەرۆکانە قسە دەکات''.
بەگوتەی ئەو چالاکڤانە سیاسییە، ''بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رێوەڕەسمی کردنەوەی کاتێردالی نۆتەردام گرنگە، ''چونکە بایەخدانە بە پرسی کورد، مێژووی کورد و دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بایەخدانە بەوەی کە ئەمڕۆ کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆڵیکی گرنگی هەیە و لەو رێوڕەسمەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ریزی سەرۆکی وڵاتان دەوەستێت.''
وەک عەزیز ماملێ دەڵێت، بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگشتی سوودێکی زۆری بۆ کورد دەبێت، ''دڵنیام کاک نێچیرڤان باس لە مەترسییەکانی سەر کوردستان و ئەو هەڕەشانەی کە ئەمڕۆ لەسەر پرسی کورد هەیە، دەکات.''
لە رۆژی 25ـی تشرینی دووەمەوە کە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپەکانی نزیکی، هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکرد و شاری حەلەب و حەمایان گرت، سووریا و رۆژائاوای کوردستان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. ئەو چالاکڤانە سیاسییە ئاماژەی دا، ''یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی سەرۆکی وڵاتان لە پاریس، پرسی سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.''
عەزیز ماملێ هۆشداری دەدات، ''دەنگۆ هەیە داعش و ئەوانەی کە ئێستا بە ناوێکی دیکە چالاکی دەکەن، لەگەڵ شانەی نوستووی کۆنە بەعسییەکان خەریکن خۆ بکێشنە نێو باشووری کوردستانیش و دەیانەوێت زیندانی نێو رۆژئاوای کوردستان بشکێنن و تەواوی ئەو زیندانییانەی داعش بگەڕێننەوە بۆ باشووری کوردستان، موسڵ، کەرکووک، فەلووجە، ئەنبار و رۆمادی؛ دەبێ کورد زۆر هۆشیار و یەکگرتوو بێت.''
ئەو چالاکڤانە سیاسییە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو بەشەکانی کوردستان لە دەوری یەک خواست کۆ ببنەوە، ''ئەویش ئەوەیە کە مەترسی و هەڕەشە لەسەر پرسی کورد، جوگرافیا و مێژووی کوردستان زۆر بەهێزە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ