دامەزرێنەری کەتیبەکانی قەسام بۆ رووداو: دوو رۆژ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان بووم

08-08-2025
مالیک محەممەد
تەیسیر سلێمان، سەرکردەی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس و دامەزرێنەری کەتیبەکانی قەسام
تەیسیر سلێمان، سەرکردەی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس و دامەزرێنەری کەتیبەکانی قەسام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دامەزرێنەری کەتیبەکانی قەسام رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە فراوان بکات، گیانی بارمتەکانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە. دەشڵێت، تەسلیم نابن و بەرگری دەکەن.
 
تەیسیر سلێمان، سەرکردەی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس و دامەزرێنەری کەتیبەکانی قەسام لە کاتی بەشداری کردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "هەر رۆژێک لە غەززە کە منداڵێک، ژنێک یان بەساڵاچوویەک دەکوژرێت، یان مرۆڤێک برسی دەبێت، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و لە سەرووشیانەوە ترەمپ، هاوبەشن تێیدا."
 
لەبارەی هەڕەشەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی غەززە گوتی، "ئەو هەڕەشەیەی حکومەتی نەتەنیاهوو کردوویەتی، راگەیاندنێکی راشکاوانەیە بۆ بەرپرسیارێتییان لە هەموو کوشتنێک کە روویداوە یان لەمەودوا لە کەرتی غەززە روودەدات."
 
بەگوتەی تەیسیر سلێمان، چەکدارانی حەماس توانیویانە "زیاتر لە 1700 تانک و زرێپۆش تێکبشکێنن و سەدان، بەڵکو هەزاران سەربازی ئیسرائیلی بکوژن و بەگوێرەی رۆژنامەکانی خۆیشیان، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی داگیرکەر بریندارن."
 
سەبارەت بەو هاوکارییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرتەکە دەنێردرێن تەیسیر سلێمان گوتی، "ئەو هاوکارییانەی لەلایەن گەلی کوردەوە پێشکێش دەکرێن، دەگەنە دەستی گەلی فەلەستین و یارمەتیدەرن لە سووککردنی ئازارەکانیان."
 
لەبارەی ئەو هەواڵانەش کە باس لە دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن لە غەززە، ئەو سەرکردە سەربازییەی حەماس گوتی، "داگیرکەری ئیسرائیلی چەند ناوچەیەکی بە ناوی ناوچەی سوور سەپاندووە. لەو ناوچە سوورەدا، هەندێک بازرگانی مادەی هۆشبەر و بەکرێگیراو هەن، کە تۆمەتبارن بەوەی مامەڵە لەگەڵ داگیرکەری ئیسرائیل دەکەن، ئەو کەسانە هاوکارییەکان دەدزن و لە بازاڕدا بە چەند هێندەی نرخی خۆی دەیفرۆشنەوە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی تەیسیر سلێمان:
 
رووداو: ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری دا هێرشی فراوان بۆ سەر غەززە دەستپێبکات، هەڵوێستی حەماس چی دەبێت؟
 
تەیسیر سلێمان: ئیسرائیلی داگیرکەر زیاتر لە 77 ساڵە گەلی فەلەستین دەکوژێت و خاکی وێران دەکات، لە 7ـی ئۆکتۆبەریشەوە، داگیرکاریی ئیسرائیل هەموو هێزەکانی خۆی کە زیاترن لە 700 هەزار سەرباز و فڕۆکەکانی خستووەتەگەڕ بۆ کوشتنی منداڵان و ژنان، ئەوەش دوای ئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی کەتیبەکانی قەسام و گرووپە فەلەستینییەکان شکستیهێنا. ئێستا ئەو رۆڵەی کە دەکرێت بیگێڕین چییە؟ یەکەم شت دەبێت دیمەنەکە وەکو خۆی ببینین، چی شتێک بوو گەیشتنی بە رێککەوتن پەکخست؟ نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی. کێیە کە هەمیشە ئەوەی رێککەوتنی لەسەر دەکرێت جێبەجێی ناکات؟ نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی. ئێستاش کە کۆدەبێتەوە و هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن دژی کەرتی غەززە دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە: ماوەی دوو ساڵە لە کەرتی غەززە چی دەکات؟ ئەو هەوڵی داگیرکردن و کوشتن دەدات، منداڵان و ژنان دەکوژێت و ژمارەی شەهیدان گەیشتووەتە 60 هەزار منداڵ و ژن و بەساڵاچوو، هەروەها زیاتر لە 140 هەزار کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە لەناوبردنی مقاوەمە یان لەناوبردنی چەکدارانی کەتیبەکان و موجاهیدەکان شکستی هێناوە. ئەم دیمەنە دەبێت وێنەکەمان بۆ روون بکاتەوە، ئایا سوپای داگیرکەری ئیسرائیل دەتوانێت زیاتر لەوە بکات؟ ئێمە وەکو گەلی فەڵەستین و مقاوەمەی فەڵەستینی، بابەتەکە بە هەند وەردەگرین و پێمانوایە ئەو هەڕەشەیەی حکومەتی نەتەنیاهوو کردوویەتی یان سوپای داگیرکەری ئیسرائیل دەیکات، راگەیاندنێکی راشکاوانەیە بۆ بەرپرسیارێتییان لە هەموو کوشتنێک کە روویداوە یان لەمەودوا لە کەرتی غەززە روودەدات. بەم پێیەش بە روونی دەیڵێین، ئەگەر دەیەوێت دیلەکانی لای مقاوەمە ئازاد بکرێن، ئێمەش زیاتر لە 10 هەزار دیلمان لای سوپای داگیرکەر هەیە. ئەگەر دەیەوێت ئاگر بوەستێنێت، ئێمەش بە رێککەوتن ئاگر دەوەستێنین. دەیەوێت خۆراک وەربگرێت و نایدات بە خەڵک، ئێمەش دەمانەوێت خۆراک وەربگرین و لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابەشی بکەین. کێشەی راستەقینە ئەوەیە کە داگیرکاریی ئیسرائیل ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵکو زیاتر دەکوژێت، زیاتر قڕ دەکات و زیاتر وێران دەکات.
 
رووداو: وەڵامەکەم وەکو خۆی وەرنەگرت، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە کرا هەڵوێستی حەماس چی دەبێت؟
 
تەیسیر سلێمان: هەڵوێستی حەماس بریتی دەبێت لە بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە گەلی فەڵەستین، بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن لەگەڵ جیهان دەربارەی تاوانەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل، بەردەوامبوون لە بەدۆکیومێنتکردنی هەموو تاوانەکانی داگیرکاری، چونکە ئەمانە شتێکن کە لە داهاتوودا لێپێچینەوە و دادگاییکردنیان لەسەر دەکرێت، بەڵام وەکو رۆڵەکانی بەرخودان لەسەر زەوی، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی تانکەکانی داگیرکەر و شۆفڵەکانی سەربازەکان. لە مانگەکانی رابردوودا بینیمان چۆن مقاوەمە توانیویەتی زیاتر لە 1700 تانک و زرێپۆش تێکبشکێنێت و سەدان بەڵکو هەزاران سەربازی بکوژێت. هەروەک هەندێک لە رۆژنامەکانی ئیسرائیلی باسیان کردووە، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی داگیرکەر بریندارن، هەموو ئەمانەش بەهۆی بەرخودانەوەیە کە بەرگری لە گەلی فەڵەستین دەکات. بزووتنەوەی حەماس، کەتیبەکانی قەسام و گەلی فەڵەستین لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا رووبەڕووی داگیرکاریی ئیسرائیل دەبنەوە.
 
رووداو: حەماس ئەو توانایەی ماوە بەرگەی ئۆپەراسیۆنی فراوانی ئیسرائیل بگرێ؟
 
تەیسیر سلێمان: زیاتر لە 40 ساڵە داگیرکاریی ئیسرائیل دەڵێت، من ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی حەماس دەکەم بۆ لەناوبردنی. 40 ساڵە حەماس لە راپەڕینی یەکەم و دووەمەوە بوونی هەیە و لە زیاتر لە پێنج جەنگدا کە داگیرکەر دژی بزووتنەوەی حەماس کردوویەتی، گوتوویەتی کە لەناوی دەبات. لەم جەنگەدا کە ماوەی 22 مانگە بەردەوامە و ئەمڕۆ دەچینە 23ـەمەوە، واتە نزیکەی دوو ساڵە، داگیرکاریی ئیسرائیل دەیەوێت بزووتنەوەی حەماس لەناو ببات. بزووتنەوەی حەماس ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات، بە چەکدارەکانی و مووشەکەکانی یاسین و بۆمبەکانی شەواز و ئەو موجاهیدانەی کە خۆیان بۆ شەڕی داگیرکاریی ئیسرائیل ئامادە دەکەن، رووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام داگیرکەر ماوەی دوو ساڵە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە و هەوڵ دەدات ئەوەی دەیکات بیکات، کە ئەویش کوشتنی منداڵان و ژنان و وێرانکردنی ماڵەکانە.
 
رووداو: حەماس توانای بەرگری ماوە؟ چەکی هەیە؟
 
تەیسیر سلێمان: حەماس تەنیا یەک بژارەی لەبەردەستدایە، ئەویش بەرگریکردنە لە گەلی فەلەستین و مانەوەیە وەکو بەرگریکار لە گەلەکەمان، ئەمەش وا دەخوازێت ببینە شەڕکەر، بەڵێ دەبینە شەڕکەر.
 
رووداو: ئەگەر ئۆپەراسیۆنە فراوانەکە کرا، چارەنووسی بارمتەکان چی دەبێت؟
 
تەیسیر سلێمان: ئەمە مەیدان بڕیاری لەسەر دەدات، من پێموایە کاتێک داگیرکەری ئیسرائیل بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی دا، هەمان ئەو بڕیارە بوو کە شەش مانگ و ساڵێک و ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دای کاتێک ئۆپەراسیۆنەکەی فراوانتر کرد و بووە هۆی کوژرانی منداڵان و ژنان و بارمتە و دیلەکان. بۆیە داگیرکەر بە دەرکردنی بڕیاری کردنی ئۆپەراسیۆن لە ئەمڕۆدا، رایگەیاند کە تەنانەت سەربازە دیلەکانی خۆیشی لای بەرخۆدان دەکوژێت. بە بڕوای من ئەمە هەمان قسەی کەسوکاری سەربازە دیلەکان بوو لە تەلئەبیب، ئەمڕۆش کەسوکاری سەربازە دیلەکان لە مانگرتن لە خواردن رادەگەیێنن، نەک وەکو ناڕەزایەتی بەرامبەر حەماس، بەڵکو دژی حکومەتی داگیرکەری ئیسرائیل.
 
رووداو: ئێستا حەماس سەدا چەندی کەرتی غەززەی بەدەستەوەیە؟
 
تەیسیر سلێمان: ستراتیژیی مقاوەمە لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە رووبەرێکی دیاریکراو دانەمەزراوە، ستراتیژییەکەی کار لەسەر ئەوە دەکات کە لە هەر شوێنێک داگیرکەر هەبێت شەڕی لەگەڵ بکات و بۆ بەرگریکردن لە گەلی فەڵەستین بجەنگێت. گەلی فەڵەستین لە کوێ بێت، بەرگری لێدەکات و لە کوێش بتوانێت شەڕ دەکات. بابەتەکە بەرگریکردن نییە لە جوگرافیا و پێگەکان، بەڵکو ئەوەیە لە کوێ دەتوانیت زەبر لە دوژمن بوەشێنیت و بەرگری لە گەلی فەڵەستین بکەیت، لەوێ ئامادە دەبیت. بۆیە لە فەڵەستین، لە هەموو فەڵەستین، ئامادەیی هەیە، لە کەرتی غەززە، لە هەموو کەرتی غەززە. داگیرکەر لە بنەڕەتدا لە ناوچە سنوورییەکان زەبری بەرکەوتووە کە پێشتر چاوەڕێی نەدەکرد، لە کاتێکدا دەیگوت هەموو شتێکی کوشتووە و وێرانی کردووە. حەماس بۆ بەرگریکردن لە گەلی فەڵەستین لە هەموو خاڵ و شوێنێکدا دەجەنگێت.
 
رووداو: دیسان وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرت، ئێستا حەماس سەدا چەندی کەرتی غەززەی بەدەستەوە ماوە؟
 
تەیسیر سلێمان: پێمگوتیت باسی خاڵەکان ناکەین، چونکە رەنگە ئەمڕۆ لە رەفەح شەڕ بکەین، سبەی لە بەیت حانوون و پاشان لە شوێنێکی دیکە. ئەمانە کاروباری مەیدانین و شەڕکەران خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوان بڕیار دەدەن کە ئەو توونێلەی دەچێتە دەرەوە بۆ بەیت حانوون یان رەفەح، لە پشتی هێزەکانی داگیرکەرەوە بێت، یان لە بەردەمیانەوە، یان لەسەر تانکەکانیان بێت. بابەتەکە مەیدانی و سەربازییە و تایبەتە بە کەتیبەکان و کاری مەیدانی. ئێمە باسی رووبەر و رێژەی سەدی ناکەین، بەڵکو باسی مافی خۆمان دەکەین لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان لە سەرتاسەری فەڵەستین.
 
رووداو: حەماس چ جۆرە ئاگربەستێکی دەوێ؟
 
تەیسیر سلێمان: پرسیارێکی زۆر راشکاوانەیە و ئێمەش وەڵامێکی زۆر راشکاوانەمان هەیە. ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە باسمان لە ئاگربەست، گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان، رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانمان لەگەڵ دیلەکانی لای داگیرکەر، گەیاندنی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە کردووە. ئەمانە ئەو خاڵانەن کە ماوەی دوو ساڵە ئێمە و داگیرکەری ئیسرائیل دانوستاندنیان لەسەر دەکەین و هەموو جارێک ئەوەی پاشەکشە دەکات، داگیرکەر بووە. بۆیە دوایین دانوستاندنەکان لەسەر ئەوە وەستان کە کێ هاوکارییەکان دابەش بکات. ئێمە دەڵێین، دەبێت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دابەشی بکەن، بەڵام داگیرکەری ئیسرائیل دەیەوێت کۆنترۆڵی بکات بۆ ئەوەی رۆژانە بتوانێت 50، 100، 200 کەس بکوژێت، تاوەکو بتوانێت خەڵک بۆ ئەو شوێنە ببات، کە دەیەوێت و لە هەموو شوێنێکدا مامەڵەیان پێوە بکات. ئەوەی دانوستاندنەکان پەکدەخات، دوایاندەخات و هەمیشە شکستیان پێدەهێنێت، نەتەنیاهوویە.
 
رووداو: ترەمپ دەڵێت حەماس ئاگربەستی ناوێ، قسەی ئێوە چییە؟
 
تەیسیر سلێمان: سەرۆکی ئەمریکا رۆژانە قسەی جیاواز دەکات، رۆژێک بەرەو رۆژهەڵات قسە دەکات و رۆژێکی دیکە بەرەو رۆژئاوا. چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی حەماس بە ئەرێنی وەڵامی داوەتەوە، دواتر گوتی هێرش دەکەینە سەر حەماس. راستییەکەی ئەوەیە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هەڵوێستی داگیرکەری ئیسرائیلیی گرتووەتەبەر و پاڵپشتیی بڕیارەکانی دەکات بۆ کوشتنی منداڵان و چەک و هەڵوێستی سیاسیی پێدەدات. ترەمپ ئێستا هاوبەشی حکومەتی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلە لە کوشتنی منداڵان لە غەززە. هەر رۆژێک کە منداڵێک، ژنێک یان بەساڵاچوویەک دەکوژرێت، یان مرۆڤێک برسی دەبێت، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و لە سەرووشیانەوە ترەمپ، هاوبەشن تێیدا.
 
رووداو: بۆچی پێشنیازەکەی ویتکۆفتان رەتکردەوە بۆ ئاگربەست؟
 
تەیسیر سلێمان: ئێمە زۆر بە سادەیی ئەو رێککەوتنەمان قبووڵکرد کە لەنێوان نێوەندگیرەکاندا کرا، بەتایبەتی قەتەری و میسرییەکان، بەڵام ئەوەی پەکیخست و دوایخست و رەتیکردەوە، حکومەتی ئیسرائیلی داگیرکەر بوو. ناکۆکییەکەش لە جەوهەردا لەسەر ئازادکردنی دیلەکان، ئاگربەستی 60 رۆژە، راگرتنی تەقە، گەیاندنی هاوکارییەکان و دابەشکردنی هاوکارییەکان بوو. کاتێکیش هاتینە سەر باسی دابەشکردنی هاوکارییەکان، ئیسرائیلی داگیرکەر مەرجی ئەوەی دانا کە خۆی هاوکارییەکان دابەش بکات و هەر خۆیشی خەڵک دەکوژێت، ئێمەش بەرپرسیارێتیی بەرگریکردن لە گەلی فەلەستینمان لە ئەستۆیە، بۆیە گوتمان دەمانەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیار بێت لەو کارە.
 
رووداو: حەماس هەڵوێستی، قەتەر، میسر، ئوردن و تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟
 
تەیسیر سلێمان: قەتەر وڵاتێکی نێوەندگیرە و هاوکارییەکی زۆر پێشکەشی گەلی فەلەستین دەکات و ئێمە سوپاسی هەڵوێستی قەتەر دەکەین بۆ بەشداریکردنی لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێمە و ئیسرائیلی داگیرکەر. سەبارەت بە هەڵوێستی میسر، ئێمە پێمانوایە میسر وڵاتێکی گەورەیە و دەتوانێت گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنێت بە گەیاندنی هاوکارییەکان، بەڵکو بە هەزاران بارهەڵگر لە کەرتی غەززە هەن. پەیوەندییەکانی ئێمە و گەلی میسر زۆر بەهێزن و من بۆ چەندین ساڵی دوورودرێژ لەلای گەلی میسر خوێندوومە و ئەوان گەلێکن کە گەلی فەلەستینیان خۆشدەوێت.
 
رووداو: میسر دەتوانێت هاوکاری زیاتر بکات و نەیکردووە؟
 
تەیسیر سلێمان: بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەتوانێت کاری زیاتر بکات، دەتوانێت زیاتر بهێنێتە ژوورەوە، زیاتر لە 6 هەزار بارهەڵگر لە دیوی میسر هەن، ئەگەر دەروازەی رەفەح بکرێتەوە، دەتوانێت خەڵک رزگار بکات. ئێمە نامانەوێت هاوکاری لە میسرییەکان وەربگرین، بەڵکو دەمانەوێت لە رێگەی میسرییەکانەوە هاوکاری بهێنینە ژوورەوە و ئەمەش هەڵوێستێکە کە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە دەریبڕیوە.
 
رووداو: با باسی ئوردن و تورکیاش بکەین
 
تەیسیر سلێمان: واتە ئێمە پەیوەندییەکی روون و ستراتیژیمان لەگەڵ کۆماری تورکیا هەیە، تورکیا هاوکارییەکی زۆر پێشکەشی گەلی فەلەستین دەکات و هەڵوێستی پشتیوانیی لە رووی راگەیاندن و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دژی ئیسرائیلی داگیرکەر هەیە. ئێمە پێمانوایە هەموو ئەوەی پێشکەشی دەکەن، چ حکومەتی تورکیا بێت یان گەلی تورکیا، کارێکی جێگەی سوپاسە و هەمیشە داوای زیاتر دەکەین، بەتایبەتی لە شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە. پێشمانوایە وەکو گەل و حکومەتی تورکیا لە داواکارییەکەمان تێدەگەن، ئێمە دەمانەوێت گەمارۆی سەر کەسوکارمان لە غەززە بشکێنن و ئەمەش شتێکە کە دەوڵەتی تورکیا بە تواناکانی و رۆڵی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستدا دەتوانێت ئەنجامی بدات.
سەبارەت بە ئوردن، من وەکو کوڕێکی فەلەستینی کە زۆرینەی یان نیوەی خێزانەکەم لە ئوردنن، دەزانم کە هەموو گەلی ئوردن لەگەڵ دۆزی فەلەستیندان. ئێمە قەناعەتمان وایە شانشینی ئوردن دەتوانێت لە بواری فریاگوزاریی خەڵک و پێشکەشکردنی هاوکاریی زیاتردا کاری زیاتر بکات، ئەویش لەرێگەی رێگەدان بە خەڵک بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان. ئێمە پێمانوایە ئێستا کێشەی سەرەکی، پرسی برسیکردن و برسیەتییە. بەڵام بابەتی شەڕکردن و بەرگریکردن لە گەلی فەلەستین و هەڵگرتنی چەک و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنی ئیسرائیلی، ئێمە وەکو بزووتنەوەی حەماس و هەروەک یەحیا سنوار، سەرکردەی بزووتنەوەکە گوتی، دەتوانین ئەو کارە بکەین و بە لێهاتووییەوە شەڕ بکەین و لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا داوامان لە هیچ سوپا و سیستمێک نەکردووە لەگەڵماندا شەڕ بکات. بەڵکو دەمانەوێت بە جیهان بڵێین، ئێمە دەتوانین شەڕی سوپای ئیسرائیلی داگیرکەر بکەین، بەڵام گەمارۆی سەر کەسوکارمان بشکێنن کە برسی دەکرێن و منداڵان و ژنان دەکوژرێن و نەخۆشخانەکان وێران دەکرێن. ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ ئوردن، پەیاممانە بۆ قەتەر و پەیاممانە بۆ میسر، پەیامی ئێمەیە بۆ هەموو وڵاتان، بەتایبەتیش ئەوانەی باوەڕمان وایە باوەڕیان بە دۆزەکەمان و رەوایی دۆزەکەمان هەیە لە جیهانی عەرەبی، لە جیهانی ئیسلامی و لە جیهانی ئازاد لە هەموو شوێنێک. پەیامی ئێمە ئەمەیە: ئێمە گەلێکین ئازادیمان دەوێت و بۆیە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان تاوەکو بەدەستی دەهێنین.
 
رووداو: هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەنە غەززە؟ هەڵوێستی گەلی کورد و هاوسۆزییەکەی بە گەلی فەلەستین چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
تەیسیر سلێمان: من دوو رۆژ پێش ئێستا لە هەرێمی کوردستان بووم، چاوم بە ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و گەلەکەمان کەوت کە دۆزی فەلەستینیان خۆشدەوێت، لە برا کوردەکانمان بە هەموو چین و توێژەکانیانەوە، منیش بە هەڵوێستێکی مێژوویی و قارەمانانەی دەزانم. ئێمە وای دەبینین ئەو هاوکارییانەی لەلایەن گەلی کوردەوە پێشکێش دەکرێن، دەگەنە دەستی گەلی فەڵەستین و یارمەتیدەرن لە سووککردنی ئازارەکانیان، بەڵام ئێمە وەکو رۆڵەی گەل، وەکو چۆن داوات لێکردم قسە بکەم، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە ئێمە و بە بەرگریی ئێمە هەیە. سوپاسی هەر کەسێک دەکەین کە دەیەوێت یارمەتیی گەلەکەمان بدات و زۆر بە راشکاوانە دەیڵێین، ئەگەر لە روانگەی ئایینی و ئیسلامییەوە قسە بکەین، ئەوا ئێمە بەرگری لە قیبلەی موسڵمانان و مافەکانیان لە فەڵەستین دەکەین. ئەگەریش لە روانگەی ئازادی و مرۆییەوە قسە بکەین، ئێمە دەمانەوێت ئازاد بین، ئێمە وەکو کۆیلە لەدایک نەبووین، بەڵکو بە ئازادی لەدایک بووین. هەر بۆیە من وەکو بەشێک لە گەلی فەڵەستین کە قسەت بۆ دەکەم، زیاتر لە 20 ساڵ لە زیندانەکانی داگیرکەری ئیسرائیلدا ژیاوم لەپێناو بەرگریکردن لە مافی خۆم. من هەمیشە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەم کە مرۆڤ ئازادە، دەبێت بە ئازادی بژی و پێویستە لەپێناو ئازادییەکەیدا تێبکۆشێت.
 
رووداو: ئەو گرووپە چەکدارانە کێن لە ناو غەززە دەست بەسەر هاوکارییەکاندا دەگرن؟
 
تەیسیر سلێمان: بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەینە بەخشەران، هەموو ئەو کەسانەی لە رێگەی دامەزراوەکانەوە هاوکاری دەنێرن، هاوکارییەکان لە دامەزراوەیەکەوە دەگاتە دامەزراوەیەکی دیکە، دەگاتە میسر و کاتێک دەروازەکان کراوە بوون دەگەیشت... ببوورە، ئێستا داگیرکەری ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی بە ناوی "ناوچەی سوور" سەپاندووە. لەو ناوچە سوورەدا، هەندێک بازرگانی مادەی هۆشبەر و بەکرێگیراو هەن کە تۆمەتبارن بەوەی مامەڵە لەگەڵ داگیرکەری ئیسرائیل دەکەن، ئەو کەسانە هاوکارییەکان دەدزن و لە بازاڕدا بە چەندین قاتی نرخی خۆی دەیفرۆشنەوە. ئەوەی هانیان دەدات بۆ ئەو کارە، سوپای داگیرکەری ئیسرائیلە؛ ئەوەی چەکیشیان پێدەدات، سوپای داگیرکەری ئیسرائیلە و ئەوەشی پارێزگاریی سەربازییان لێدەکات، هەر سوپای داگیرکەری ئیسرائیلە. رەنگە ئەمڕۆ سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بیانپارێزێت، بەڵام لە داهاتوودا لەسەر ئەو رۆڵە ناپاکییەی دەیگێڕن، لەلایەن گەلی فەڵەستین و بەرگرییەوە سزا دەدرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارڵ ستەتزمان، کۆنگرێسمانی ئەمریکا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا:سەرۆک ترەمپ کوردی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەردەوام بێت لە بایەخدان بەوان

لە کاتێکدا سووریا لە لووتکەی وەرچەرخانێکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بنیاتنانەوەی دواڕۆژی خۆی، تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەت و هەمەلایەن لەگەڵ مارڵن ستەتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام دەدات، ئەم دیدارە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، تێیدا ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتن بە وردی چاودێریی جموجووڵەکانی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق و چارەنووسی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.