رووداو دیجیتاڵ
ئەندریاس شیدەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی دژی کورد لە سووریا دەربڕی و رایگەیاند کە رژێمی نوێی دیمەشق بەڵێنەکانی بۆ بنیاتنانی سووریایەکی گشتگیر جێبەجێ نەکردووە.
شیدەر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یەکێتیی ئەورووپا فشارەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێشێلکارییەکان بکرێت و مافی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بپارێزرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەورووپییە رەخنەی تووندی لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا گرت سەبارەت بە تەرخانکردنی زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بۆ دیمەشق، بەبێ ئەوەی مەرجی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لەسەر دابنرێت. "نابێت هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە خەرج بکرێن تاوەکو گەرەنتیی ژیان و ئاسایشی کورد، ئێزدی، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە نەکرێت."
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ئەورووپییە داوای کرد پارێزگاری لە قەوارەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، ئەندریاس شیدەر جەختی لە پرسی دادپەروەری و سزانەدانی تاوانباران کردەوە و گوتی: "پێویستە دادگایەکی سەربەخۆ بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانە دابمەزرێت کە دەستیان لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییاندا هەبووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەندریاس شیدەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا:
رووداو: ئەندریاس شیدەر، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمانیت. وەک ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا، ئێوە چۆن دەتوانن فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی دژی کورد لە سووریا؟
ئەندریاس شیدەر: لە سەرەتادا رێگەم بدەن بڵێم کە ئەو دیمەنانە ئێمەیان زۆر تۆقاند؛ چونکە شەڕی نێوخۆی سووریا و کۆمەڵکوژی دژی کورد دەیان ساڵە بەردەوامن. پێش ئەوەی ببمە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، وەک پەرلەمانتارێکی نەمسا شاندێکم نارد بۆ کۆبانێ کە ئەو کات لەژێر گەمارۆدا بوو. لەو کاتەوە دۆخەکە چەندین جار بووەتە جێگەی نیگەرانی و ئێستاش بە هەمان شێوەیە. من بڕوام وایە خەڵکی سووریا شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین. دوای ئەو شەڕە نێوخۆییە سەختە، کاتی ئەوە هاتووە ئاشتی بێتە دی. ئەمە باس لە کورد، ئێزدی، عەلەوی، دروز و پێکهاتەکانی دیکەی وەک ئاشووری و کریستیان و ئەوانی دیکەش دەکات. گرنگە هەمووان مافی ئەوەیان هەبێت لەوێ بە ئاشتی بژین. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە بەداخەوە رژێمە نوێیەکەی سووریا بەڵێنەکانی خۆی بۆ بنیاتنانی سووریایەکی گشتگیر (کە هەمووان لەخۆ بگرێت) جێبەجێ نەکرد.
بۆیە ئەم کۆمەڵکوژییانە ئێمەیان دوو هێندە ترساند؛ لە لایەکەوە بەهۆی ئەو ئازارە مرۆییە گەورەیە و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسیی روون. من لە پەرلەمانی ئەورووپا یەکێکم لەو کەسانەی داوای گوشار دەکەم بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا چاوەکانی دانەخات. هەروەها نابێت دووبارە هەڵە بکەینەوە. من پێم وایە سەردانەکەی مانگی رابردووی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ دیمەشق و بەڵێنی زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری هەڵە بوو، چونکە باسی دۆخی کورد، عەلەوی، ئێزدی و کریستیانەکان نەکرابوو. من وای دەبینم ئەگەر هاوکاریی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەدرێت، دەبێت ئەمە بە مافەکانی مرۆڤ و مافی ژیانی ئەم پێکهاتانەوە ببەسترێتەوە. بەداخەوە ئەمە نەکرا و ئەمە هەڵەیە. بۆیە ئێستا فشاری زیاتر دەکەین، دەبێت پارێزگاری لە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوا و هەموو پێکهاتەکان بکەین. ئەوەی نامانەوێت بیبینین ئەوەیە کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە جلوبەرگی مەدەنی و بە بۆینباخەوە جارێکی دیکە دەسەڵاتی خۆی درێژە پێ بدات.
رووداو: پرسیارێکی تر؛ ئێوە چ فشارێک دەتوانن بخەنە سەر کۆمیسیۆنی ئەورووپا سەبارەت بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق دەکرێن؟
ئەندریاس شیدەر: ڕێککەوتن باشە، بەڵام باشتر ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن. وەک بە ئەڵمانی دەڵێین: "کاغەز هەموو شتێک هەڵدەگرێت". ئەوەی سەر کاخەزە جیاوازە، گرنگ ئەوەیە لە ژیانی خەڵکدا رەنگ بداتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار پێچەوانەکەی روودەدات. ئێمە فشار دەکەین و هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمانی ئەورووپا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکان. پێشتر لە ستراسبۆرگ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیمان وەک گرووپی کارکردنی کورد لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان ئەنجامدا. بۆ ئێمە گرنگە بڵێین ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە هەیە.
رووداو: وەک ئاگادارن لە هەفتەکانی رابردوودا لە سووریا چەندین تاوان و پێشێلکاری دژی کورد ئەنجام دران. ئێوە چۆن فشار دەکەن بۆ دادگاییکردنی تاوانباران؟
ئەندریاس شیدەر: من بڕوام وایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و لە کاتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵکوژی، کوشتن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیدا، نابێت هیچ کەس لە سزا ڕزگاری بێت. واتە سووریایەک کە دەیەوێت سەیری داهاتووی خۆی بکات، دەبێت ئامادە بێت تاوانەکانی رابردوو و ئێستاش دادگایی بکات. پێویستمان بە دادگایەکە کە بەرپرسان ڕووبەڕووی سزا بکاتەوە. کورد بۆ ماوەیەکی درێژ کەمپی "هۆڵ"یان بۆ تاوانبارە ئیسلامییەکان رڕاگرت، لێرەدا دەبێت ئەورووپا بە پسپۆڕی و ئامادەییەوە هاوکاری بکات. ئێمە ماوەیەکی زۆر گفتوگۆمان کرد کە چی لەو چەکدارە ئیسلامییانە بکەین کە لە ئەورووپاوە چوونەتە سووریا، بەڵام لێرەدا ئەورووپا ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە. دەبێت هەموو ئەم تاوانانە لە کۆتاییدا لەلایەن دادگا سەربەخۆکانەوە یەکلایی بکرێنەوە.
رووداو: جەنابت پێشتر سەردانی رۆژئاوای کوردستانت کردووە. ئێستا ئایندهی سووریا چۆن دەبینیت؟
ئەندریاس شیدەر: من هەمیشە گەشبینم. هەمیشە دەبینم کە دەکرێت دۆخەکە باشتر بێت. بڕوام وایە ئەمە بۆ کۆمەڵگە و بۆ سیاسییەک گرنگە کە هەوڵ بدات دۆخەکە باشتر بکات. ئەمەیە کە ئێمە بە خەڵکی ئەوێوە دەبەستێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخەکە بە زۆر ئاڵۆز و خراپ دەبینم. دەبینم کە جیهان بە گشتی شێواوە و بەو هۆیەوە بایەخپێدان بە سووریا کەمێک کەمی کردووە. بڕوام وایە نابێت ڕێگە بەوە بدەین. دەبێت بەردەوام بین لە چاودێریکردن و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر بێت. ئەگەر هەنگاوی دروست بنێین، دەکرێت باشتر بێت. ژیانی مرۆڤ زۆر کورتە، بەڵام ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، چ کوردی ئەوێ بێت، چ وڵاتانی دراوسێ و چ ئەورووپییەکان.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی پەرلەمانەکەیەوە دەتوانێت فشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی مافی کورد بدات و رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات. کاتێک ئەو کۆمەڵکوژییەت دژی کورد بینی، چ هەستێکت هەبوو؟
ئەندریاس شیدەر: لەو ساتەدا زۆر دڵگران و نائومێد بووم، چونکە هیوام دەخواست دۆخەکە بەرەو باشتر بڕوات. دڵنیا نەبووم کە ئایا سەرۆکی نوێی سووریا بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات یان نا، گومانیشم هەبوو، بەڵام هیوام دەخواست بیکەن. ئێستا دەبێت ئەورووپا، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام، هەروەها ئەمریکا و وڵاتانی تر گوشار بکەن بۆ بنیاتنانی سووریایەک کە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە. سووریا پێشتر ناوچەیەکی زۆر جوان بوو، بەڵام زۆر شتی تێدا وێران کرا. من بڕوام وایە مەسەلەکە ئەوەیە ببێتە شوێنێکی ئارام کە مافی ژیان بۆ هەموو کەسێک تێیدا پارێزراو بێت.
رووداو: ئەندریاس شیدەر، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمان بوویت.
ئەندریاس شیدەر: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ