رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد سلێمان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی نەوتی سووریا ئاشکرای کرد کە بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا بەراورد بە ئاستی پێش شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە 97.4٪ دابەزیوە.
ئەحمەد سلێمان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، ئاشکرای کرد کە چەندین وڵات، لەوانە سعودیە و قەتەر، بەڵێنی پشتیوانیکردنی سووریایان داوە بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕێک نەگەیشتووە. حکومەتی سووریا ئێستا پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستە نەوتییە پێشووەکاندا دەکات، لەوانەش ئەوانەی لەگەڵ رووسیا و ئێران واژۆ کراون، ئەویش لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی سووریا، ئێستا تەنیا 10 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە ناوچە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2011 بەرهەمهێنان 385 هەزار بەرمیل رۆژانە بووە.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی نەوتی سووریا جەختی کردەوە کە سزا نێودەوڵەتییەکان گەورەترین ئاستەنگن لە بەردەم کەرتی نەوتی سووریادا، کە کاریگەرییان لەسەر هەموو شتێک هەیە، لە هاوردەکردنی نەوتی خاوەوە تا پارچەی یەدەگ بۆ پاڵاوگەکان. هەروەها نەبوونی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر زۆربەی کێڵگە نەوتییەکاندا کاریگەری بەرچاوی لەسەر توانای بەرهەمهێنان هەبووە.
سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژهەڵاتی سووریا، ئەحمەد سلێمان گوتی کە گفتوگۆ لە نێوان دیمەشق و قامشلۆ بەردەوامە، بە تایبەتی لەسەر هاوردەکردنی گاز لەو ناوچانەوە. هەرچەندە، ئەو روونی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕێکی نەوت لەو ناوچانەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت نەهاتووە.
ئەحمەد سلێمان باسی لەوەش کرد کە ژێرخانی نەوتی سووریا زیانی گەورەی بەرکەوتووە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ، بەتایبەتی لەبەر کاریگەری سزاکان و نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە هەموو کێڵگەکان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی نەوتی سووریا
رووداو: کەرتی نەوت لە سووریا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و گرفت بووەتەوە. وەزارەتی نەوتیش دەڵێت ئەم ئاستەنگانە رێگرن لەبەردەم دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان. هەروەها دەشڵێت هەوڵدەدات شەفافیەت لەم کەرتەدا زیاتر بکات و متمانەی هەمووان بەدەست بهێنێت. بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەم کەرتە، لە دیمەشقەوە بەڕێز ئەحمەد سولەیمان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی نەوتی سووریا لەگەڵمانە. بەخێربێیت بۆ شاشەی رووداو. با لە نرخەکانەوە دەستپێبکەین، بەڕێز ئەحمەد، نرخی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزیوە، ئایا سعودیە نەوت و بەرهەمی نەوتی بە نرخی هەرزان پێشکەشی سووریا کردووە؟
ئەحمەد سلێمان: تاوەکو ئێستا هیچ شتێک پێشکەش نەکراوە. بێگومان چەندین بەڵێن لەلایەن کۆمپانیاکان یان وڵاتانەوە هەیە بۆ پشتیوانیکردنی سووتەمەنی یان بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سووریا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەشتییەک یان کەرەستەیەک لەم بەڵێنانە نەگەیشتووە.
رووداو: ئەم وڵاتانە کامانەن؟ دابەزینی نرخەکان هۆکارەکەی...
ئەحمەد سلێمان: چەند وڵاتێک، لەوانە سعودیە و قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە. هۆکاری دابەزینی نرخەکان کەمکردنەوەی نرخەکان بوو کە وەزارەتی نەوت و سامانە کانزاییەکان رایگەیاند، بەپێی خواست دابەزاندنەکان بەردەوامن و گرێبەستەکان واژۆ کراون و بەرەبەرە کەرەستەکان دەگەیەندرێن بەپشتیوانی خودا.
رووداو: ناوی قەتەرت هێنا، ئایا قەتەر و وڵاتانی دیکە نەوت پێشکەشی سووریا دەکەن؟ ئەم وڵاتانە کامانەن؟
ئەحمەد سلێمان: چەند وڵاتێک بەڵێنیان داوە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان پێشکەشی سووریا بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لەم بەرهەمانە یان نەوت نەهاتوون.
رووداو: بەڕێز ئەحمەد، چۆن نرخی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان دیاری دەکرێت؟
ئەحمەد سلێمان: لێژنەیەکی تایبەتمەند هەیە لە نرخەکان دەکۆڵێتەوە، کە تێچووی گواستنەوەی نەوت و تێچووی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت و بە تەواوی لە نرخ دەکۆڵێتەوە، لەگەڵ زیادکردنی تێچووەکان لەسەر ئەم کەرەستانە، پاشان نرخی لیتر بۆ هاووڵاتیان دیاری دەکرێت.
رووداو: سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردن، چۆن بەرهەمە نەوتییەکان وەکو بەنزین و گازوایل بەسەر پارێزگا جیاوازەکاندا دابەش دەکرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نێوخۆ؟
ئەحمەد سلێمان: دابەشکردنی بەرهەمەکان لەڕێگەی لقەکانی "سادکۆب"ـەوە دەکرێت کە لە هەموو پارێزگایەک هەن، پێداویستی پارێزگاکە دەپێورێت و ئەو بڕەی بەکاردەهێنرێت لەو پارێزگایە دەدرێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر وێستگەکاندا دابەش دەکرێت بەپشتیوانی خودا.
رووداو: لە هەموو پارێزگاکە دابەش دەکرێت؟
ئەحمەد سلێمان: بەڵێ، بە تەواوی.
رووداو: پێش 2011، پلانێک هەبوو بۆ هێڵێکی ستراتیژی بۆ گواستنەوەی گازی قەتەری بۆ ئەوروپا. ئایا گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر هەیە بۆ زیندووکردنەوەی ئەم پرۆژەیە؟
ئەحمەد سلێمان: ئێستا هیچ گفتوگۆ یان توێژینەوەیەک لەم بارەیەوە نییە، هەرچی هەبوو پڕۆژەیەکی کۆن بوو پێش شۆڕش، بەڵام تاوەکو ئێستا خەریکی رێکخستنی نێوماڵی خۆمانین و هیچ گفتوگۆیەک لەم بارەیەوە نییە.
رووداو: وەکو دەزانیت، رژێمی ئەسەد رێککەوتنی لەگەڵ رووسیاش واژۆ کرد سەبارەت بە گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە سووریا. ئایا ئەم رێککەوتنانە هێشتا کاریان پێدەکرێت؟
ئەحمەد سلێمان: هەموو رێککەوتن و گرێبەستەکانی سەردەمی رژێمی پێشوو دەدرێنەوە بە لیژنەی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە، ئەگەر لە رووی یاساییەوە باش یان رێکوپێک بن، هیچ کێشەیەک نابێت بەپشتیوانی خودا.
رووداو: تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانە نەکراون؟
ئەحمەد سلێمان: گرێبەستی زۆر هەن و تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و دەخرێنە بەردەم لیژنەی تایبەتمەند بەم بابەتە.
رووداو: لەوانە ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ رووسیا واژۆ کراون؟
ئەحمەد سلێمان: هەموو گرێبەستەکانی تایبەت بە بواری نەوت.
رووداو: چارەنووسی ئەو گرێبەستانە چی دەبێت کە لەگەڵ ئێران واژۆ کراون لە بواری وزە و سووتەمەنیدا؟
ئەحمەد سلێمان: هەمان شت، هەموو ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ رژێمی پێشوو واژۆ کراون دەخرێنە بەردەم لیژنەی تایبەتمەند و ئەوان بڕیاریان لەسەر دەدەن.
رووداو: با قسە لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی سووریا بکەین، گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریا کامانەن کە بەشی بەرهەمهێنانی رۆژانە دەکەن؟ بەرهەمی هەر یەکەیان چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: ئێستا داتای ورد لەم بارەیەوە نییە، چونکە کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر هەموو کێڵگەکانی خاکی سووریادا نییە. بێگومان پێشتر، پێش شۆڕش، داتا هەبوو کە بڕی بەرهەمهێنان بە 385 هەزار بەرمیل رۆژانە دەخەمڵێندرا لە کۆی گشتیی کێڵگەکانی سووریا، بەڵام ئێستا داتا لەسەر هەموو کێڵگەکان نییە، تەنیا لەسەر ئەو کێڵگانە هەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێدان.
رووداو: ئەم داتایانە چین؟
ئەحمەد سلێمان: دووبارە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردنەوە و...
رووداو: بەرهەمهێنان چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: بەرهەمهێنانی رۆژانە لەو کێڵگانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێدان نزیکەی 10 هەزار بەرمیلە، کە رێژەیەکی زۆر کەمە بەراورد بە کۆی بەرهەمهێنانی سووریا لە هەموو کێڵگەکاندا.
رووداو: ئەو کێڵگانە کامانەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێی سووریان؟
ئەحمەد سلێمان: چەند کێڵگەیەک هەن، وەکو کێڵگەی زەملە، کێڵگەی تەیم، و کێڵگەی شاعر بۆ گاز، لەگەڵ چەند کێڵگە و بیری دیکە، بەڵام بەرهەمیان زۆر کەمە.
رووداو: بەرهەمهێنان لە ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەوێ چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: هیچ داتایەکی راست و دروست لەم بارەیەوە نییە، چونکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێدایە. بەڵام بەگشتی، پێش 2011، بەرهەمهێنانی رۆژانە 385 هەزار بەرمیل بوو.
رووداو: ئایا پڕۆژە هەن بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی نوێ کە دەکرێت یارمەتیدەربن لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی گشتی وڵات؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان.. پشت بەخودا، ئێمە خەریکی ئامادەکردنی توێژینەوە و پلانین بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بیرانەی ئێستا هەن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی بیری دیکە. بەڵام تاوەکو ئێستا، خەریکی ئامادەکردنی پلان و توێژینەوەی گونجاوین بۆ ئەم بابەتە.
رووداو: ئەو ئاستەنگ و گرفتانە چین کە رووبەڕووتان دەبنەوە لەم بارەیەوە؟
ئەحمەد سلێمان: یەکەم و کاریگەرترین ئاستەنگ سزا دەرەکییەکانە لەسەر سووریا. ئەم سزایانە پشت بەخودا دوای لابردنیان لەسەر سووریا، وەبەرهێنانی زۆر دەبێت و کۆمپانیای وەبەرهێن دێن، ئەو کۆمپانیایانە دەگەڕێنەوە کە پێشتر لە سووریا کاریان دەکرد. ئەم کۆمپانیایانە هەموویان کێڵگەکان پەرەپێدەدەن و کێڵگەی نوێ دەدۆزنەوە. ئەمە گەورەترین ئاستەنگە و دوای لابردنییان، کارەکان دەگەڕێنەوە دۆخی جاران. ئاستەنگی دیکە...
رووداو: پێش ئەوەی باسی ئاستەنگەکانی دیکە بکەیت، ئەم سزایانە لە چ بوارێکدا کاریگەری گەورەتریان هەبووە.. مەبەستم لە کەرتی نەوتدا، لە هاوردەکردن یان هەناردەکردن، دابینکردنی پارچەکان یان چی؟
ئەحمەد سلێمان: سزاکان کاریگەری تەواویان لەسەر کەرتی نەوت هەیە، لە هاوردەکردنی نەوتی خاوی سووک و قورسەوە، هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، هەروەها هاوردەکردنی نەوت، هەموو ئەمانە و تەنانەت پارچەی یەدەگ بۆ پاڵاوگەکان و دامەزراوەکان هەموویان کاریگەری سزاکانیان لەسەرە.
رووداو: ئەو ئاستەنگانەی دیکە چین کە دەتویست باسیان بکەیت؟
ئەحمەد سلێمان: ئاستەنگێکی دیکە هەیە کە بریتییە لە نەبوونی کۆنترۆڵی دەوڵەتی نوێ بەسەر کێڵگەکانی دیکەدا، پشت بەخودا، ئەگەر کۆنترۆڵ کران، بەرهەمهێنان باشتر دەبێت و بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت.
رووداو: باست لەو کێڵگانە کرد کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێی سووریادان، دەمەوێت بپرسم دۆخی ئێستای کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چۆنە؟
ئەحمەد سلێمان: پێمگوتیت داتامان لەم بارەیەوە نییە لەبەر نادروستییان، ناتوانین داتا لەسەر ئەو کێڵگانە پەیدابکەین کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت یان ئیدارەی نوێدان.
رووداو: بەڵام گفتوگۆکانی دیمەشق لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان بەکوێ گەیشتوون؟
ئەحمەد سلێمان: ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئیدارەی سیاسییەوە هەیە و ئەوان گفتوگۆ دەکەن بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا. بەڵام پشت بەخودا دەستپێکردنی هێنانی گاز هەیە لە رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ چالاککردنی وزە و یەکە گەرمییەکانی ناوچەکانی سووریا بەتەواوی.
رووداو: لە قسەکانت تێدەگەم کە گفتوگۆ لە نێوان دیمەشق و قامشلۆ هەیە لەسەر ئەم دۆسیەیە؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان گفتوگۆ هەن، وەزارەتی دەرەوە و ئیدارەی نوێ رایانگەیاندووە کە گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی رۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت.
رووداو: گوتت دەستپێکردنی هاوردەکردنی گاز هەیە، لەم بارەیەوە لەسەر چی رێککەوتوون؟
ئەحمەد سلێمان: راستە سەبارەت بە گاز، تاوەکو ئێستا تەنیا گفتوگۆیە لەم بارەیەوە و پشت بەخودا لە قۆناخی رەزامەندیدایە بۆ هێنانی گاز لە رۆژهەڵاتی سووریاوە.
رووداو: ئەو بڕەی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەهێنرێت بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریا چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: تاوەکو ئێستا هیچ بڕێکی دیاریکراو نییە، لە قۆناخی گفتوگۆدایە بەڵام دەکرێت بڕێکی باش بێت.
رووداو: ئەم بڕە باشە بە پێی وەزارەتی نەوت چەندە یان داوای چەند دەکەن؟
ئەحمەد سلێمان: تاوەکو ئێستا هیچ ژمارەیەک نییە.. تاوەکو ئێستا هیچ ژمارەیەکی جێگیر نییە، داوای گەورەترین بڕ دەکەین کە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی ورد نییە.
رووداو: توانای بەرهەمهێنانی گاز لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: هیچ داتایەکی ورد لەم بارەیەوە نییە.
رووداو: ئێوە داوا دەکەن بەڕێوەبردنی نەوت بە تەواوی...
ئەحمەد سلێمان: لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتە.. هیچ داتایەک نییە.
رووداو: بەڵێ.. ئێوە داوا دەکەن بەڕێوەبردنی نەوت بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێوەدا بێت، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش داوای بەڕێوەبردنی هاوبەش دەکات، ئەمە راستە؟
ئەحمەد سلێمان: ئیدارەی نوێ لەم بارەیەوە گفتوگۆ دەکات، ئیدارەی سیاسی، ئێمە هیچ گفتوگۆیەکمان لەم بارەیەوە نییە.
رووداو: بەڵام ئێوە وەزارەتی نەوتن و تایبەتمەندن بەم کارە.
ئەحمەد سلێمان: بەڵێ، بەڵام بابەتەکە سیاسییە کەواتە لای ئیدارەی سیاسییە، زیاتر بابەتێکی سیاسییە لەوەی بابەتێک بێت تایبەت بە نەوت.
رووداو: ئایا حەلەب و ئیدلیب و ناوچەکانی دیکە ئێستا نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەردەگرن؟
ئەحمەد سلێمان: نەوت دەبێت رادەستی دەوڵەت بکرێت و ئەو دابەشی دەکات بەسەر هەموو ناوچەکاندا، نەوت لە پاڵاوگەکاندا کار دەکات پێویست ناکات بچێتە حەلەب یان ئیدلیب، پاڵاوگەکانی حومس و بانیاس کار دەکەن و ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لەو پاڵاگانە دەردەچن و سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی دیکە دابین دەکەن.
رووداو: ئەو بڕەی ئیدارەی سووریا رۆژانە لە نەوت وەریدەگرێت، مەبەستم لە کێڵگەکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، چەندە؟
ئەحمەد سلێمان: لە رۆژهەڵاتی سووریا...
رووداو: بەڵێ
ئەحمەد سلێمان: هیچ بڕێک لە رۆژهەڵاتی سووریاوە وەرناگیرێت.
رووداو: واتە ناوخۆی سووریا لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەوتی پێ ناگات؟
ئەحمەد سلێمان: نەخێر، هیچ دابینکردنێک نییە.
رووداو: تۆ دەزانیت لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پاڵاوگە نییە، بەپێی زانیارییەکانی ئێوە چارەنووسی ئەو نەوتە چییە کە رۆژانە لەو ناوچانە دەردەهێنرێت؟
ئەحمەد سلێمان: بەپێی زانیارییەکان لە سووتێنەری سەرەتاییدا کاری پێدەکەن و سووتەمەنی لێ دەردەهێنن و لەو ناوچانەدا بەکاری دەهێنن، ئەمە زانیاری گشتین کە دەیانزانم، بەڵام چی لە وردەکارییەکاندا روودەدات هیچ زانیارییەکمان نییە.
رووداو: ئایا گەشبینیت بە گەیشتن بە چارەسەر یان رێککەوتنێک لە نێوان دیمەشق و قامشلۆ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت؟
ئەحمەد سلێمان: ئێمە هیوا دەخوازین سووریا بە تەواوی لەژێر ئیدارەی نوێدا بێت، هیوا دەخوازین ئەمە ببێت پشت بەخودا و دوور بکەوینەوە لە جەنگ و دوور بکەوینەوە لە شەڕ و پێکەوە بژین و سووریا بە شێوەیەکی گونجاو بونیاتبنێینەوە و وڵاتەکەمان بە تەواوی پەرە پێبدەین بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سووریاوە.
رووداو: لە کۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا بەڕێز ئەحمەد، دەمەوێت بپرسم قەبارەی ئەو زیانانە چەندن کە بە ژێرخانی نەوتی سووریا کەوتووە بەهۆی ئەو جەنگەی زیاتر لە 13 ساڵە بەردەوامە؟
ئەحمەد سلێمان: بەڕاستی زیانی گەورە بەر بیرەکان کەوتووە، زیانن، پەرەپێدان نییە، نۆژەنکردنەوە بۆ ئەو بیرانە نییە، دەرهێنانی زیادەڕۆیانە یان بەرهەمهێنانی زیادەڕۆیانە بۆ ئەم بیرانە هەبووە. بیرەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی پلانین بۆ چاککردنی بیرەکان لە سەرەتادا و پەرەپێدانیان لە رۆژانی داهاتوودا.
رووداو: بەنزیکەیی ئەو زیانانە بە چەند دەخەمڵێنن؟
ئەحمەد سلێمان: بەڕاستی زیانی گەورەن و پێویستیان بە کاتێکی زۆرە تاوەکو دەگەڕێنەوە دۆخی پێش شۆڕشی سووریا، کاتێک دەگەڕێینەوە خاڵی سفر دەست دەکەین بە پەرەپێدانی ئەو بیرانە بە پشتیوانی خودا.
رووداو: چەند کاتتان دەوێت تاوەکو دەگەنە خاڵی سفر؟
ئەحمەد سلێمان: ناتوانین کاتێکی دیاریکراو دیاری بکەین، چونکە چەندین بیر هەن و بیری لە دەرەوەی کۆنترۆڵ هەن، ناتوانین کاتێکی دیاریکراو بۆ هەموو بیرەکان دیاری بکەین، بەڵام ئێمە پشت بەخودا هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی گونجاو و خێرا بۆ پەرەپێدانی ئەم بیرانە یان چاکسازییان بە شێوەیەکی گونجاو، ئەمەش پەیوەندی بە سزاکانی سەر سووریاوە هەیە کە کاریگەریی لەسەر فاکتەری کات هەیە.
رووداو: لە دیمەشقەوە بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی نەوتی سووریا بەڕێز ئەحمەد سولەیمان میوانم بوو، بەخێربێیت و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ