رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی باشووری کوردستان و نزیک لە پەکەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، رێوڕەسمی چەکدانانی ئەمڕۆی ژمارەیەک لە گەریلای پەکەکە "بۆ نیەتپاکی بوو بۆ ئەو پڕۆسە ئاشتییەی لە تورکیادا هەیە."
محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت، رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ بۆ ئەوە بوو "لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بە هەموو جیهان و بە دەوڵەتی تورک بڵێن، داواکاریی ئێوە ئەوە بوو چەکەکان فڕێدەین، ئەوا ئێمەش لەسەر داواکاریی رێبەرەکەمان کە ئۆجەلانە و داوای لێکردووین چەکەکان فڕێ بدەین، پڕۆسەکەمان بەجێهێنا."
پێنجوێنی باسی لەوە کرد، "رۆڵی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ و بنچینەیی بوو لە پڕۆسەی ئاشتیی پێشووتر و ئێستاشدا." گوتیشی، لە پڕۆسەی ئاشتیی پێشوودا "گرێکوێرەیەک هەبوو کە خەریک بوو پڕۆسەکە تێکبدات، کاک نێچیرڤان رۆڵی لە چارەسەری ئەو کێشە و گرێکوێرەیەدا هەبوو."
هەر لەبارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەو سیاسەتڤانەی نزیک لە پەکەکە گوتی، "هەرکاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و دەسەڵاتدارانی تورکیای بینیبێ، چ ئەردۆغان بووبێ یان هاکان فیدان یان ئیبراهیم کاڵن، ئەوا لەبارەی کێشەی کورد و چارەسەری کێشەی کوردەوە قسەی کردووە."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی سەنگەر عەبدولڕەحمان و محەممەد ئەمین پێنجوێنی:
رووداو: بۆچوونتان لەسەر ئەم هەنگاوەی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چییە؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: ئەمڕۆ لە دەڤەری سلێمانی لە ئەشکەوتی جاسەنە؛ ئەو ئەشکەوتەی کە شێخ مەحموودی نەمر، پاشای کوردستان، یەکەم کابینەی پاشایەتیی کوردستانی لەوێ دامەزراند، ئەمڕۆ لەو ئەشکەوتە و لە بەردەمیدا، بڕێکی زۆر لە گەریلاکانی پەکەکە بە سەرۆکایەتیی هاوسەرۆکی کەجەکە، چەکەکانیان فڕیدا و سووتاندیان، ئەوەش بۆ نیەتپاکی بۆ ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی لە تورکیا هەیە، بۆ ئەوەی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بە هەموو جیهان و بە دەوڵەتی تورک بڵێن، هەروەها بۆ ئەوەی بە ئەردۆغان و باخچەلی بڵێن کە داواکاریی ئێوە ئەوەبوو چەکەکان فڕێدەین، ئەوا ئێمەش لەسەر داواکاریی رێبەرەکەمان کە ئۆجەلانە و داوای لێکردووین چەکەکان فڕێ بدەین، وا ئێمە پڕۆسەکەمان بەجێهێنا. ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمە کە سەرجەم نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستان لەوێ بوون، نوێنەری حکومەتی عێراقیش لەوێ بوو، بەتایبەتی نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە رێکخستن و بەڕێوەبردن و رێکوپێککردنی پڕۆسەکەدا، ئەمڕۆ ئەو کۆمەڵە چەکدارە گەریلایە بە تورکیا و جیهانیان گوت، ئەوە ئێمە هاتووینەتە پێشەوە بۆ بەرەوپیرچوونی بانگەوازی سەرۆک و رێبەرەکەمان ئۆجەلان.
رووداو: کاریگەری ئەم هەنگاوەی پەکەکە لەسەر پڕۆسەی ئاشتی چی دەبێت؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: بە باوەڕی من، کاریگەرییەکی زۆر باش و ئەرێنی دەبێت؛ کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئەقڵییەتی عەسکەرتارییەتی دەوڵەتی تورک و ئەو دەوڵەتەی ئێستا تورکیا دەبات بەڕێوە، ئەمە دوایین داوای دەوڵەتی تورک بوو لە ئۆجەلان و پەکەکە کە (داوای دەکرد) چەکەکانیان داماڵن بە بەرچاوی تورکیا و جیهانەوە. ئەوان لە گوتارەکەیاندا ئەوەیان گوت، ئامانج لە دروستکردنی هێزی چەکدار بەناوی هێزی گەریلا ئەوە بوو بە دەوڵەتی تورک و ئەقڵییەتی نەژادپەرستی تورکی بڵێن، گەلێک هەیە لە تورکیا و لە باکووری کوردستان، خاکەکە موڵکی ئەو خەڵکەیە کە پێشتر ئەوان نکۆڵییان دەکرد، بەڵام بە خەبات و خوێنی گەریلا سەلماندیان کورد هەیە. پێش ئەوەی تورکەکان لە مەنگۆلیاوە رووبکەنە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە کوردستانە، ئەوێ هەر کوردی تێدابووە و خاکی خۆیانە. ئێستا لە زمانی سیاسەتمەدارە گەورەکانی تورکیا خۆیان دەڵێن، کورد هەن و برامانن، دەبێت برایەتیی نێوان کورد و تورک زیندوو بکەینەوە.
رووداو: هیچ گرووپێکی دیکەی پەکەکە وەکو ئەمڕۆ چەکەکانیان دادەنێن؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: باوەڕناکەم، ئەمە دوایین داوای دەوڵەتی تورکە و بەجێهێندرا. ئیدی پێویست ناکات لە شوێنی دیکەش دووبارە بکرێتەوە.
رووداو: ئەمە شتێکی سیمبولی بوو بۆ هەموو گەریلاکانی دیکە؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: بەڵێ، بە کرداری وەڵامی داواکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو وڵاتانەش درایەوە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەدا بوون.
رووداو: رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا چۆن دەبینیت؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، زۆر گرنگ و ئەساسی بوو لە پڕۆسەی ئاشتی پێشووتر و ئێستاشدا. لە پڕۆسەی ئاشتی پێشوودا کە خۆم ئاگام لێبوو، نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگی خایاند و پەکەکە و تورکیا زۆر بە باشی هاتنەپێش بۆ فەراهەمکردنی پڕۆسەیەکی ئاشتی و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش ئەوەبوو کە لە قۆناخێکدا پڕۆسەکە راوەستا. ئەو کاتە مام جەلال هاوئاهەنگی لەگەڵم هەبوو و پێی گوتم بۆچی پڕۆسەکە راوەستا؟ گوتم لەبەر ئەوەی برادەرانی قەندیل کە دەمبینین، داوایان دەکرد ئەم پڕۆسەیە لە ئیمراڵییەوە لای ئۆجەلانەوە دەستپێبکات؛ دەوڵەتی تورکیاش دەیویست ئۆجەلان پەراوێز بخات. کاک نێچیرڤانیش لێی پرسیم و هەمان وەڵامم دایەوە، ئیدی گوتی من ئەوە چارەسەر دەکەم. ئەوە بوو چوو بۆ تورکیا، ئەردۆغانی بینی و (کێشەکە) چارەسەرکرا و ئەو گرێکوێرەیە کە خەریک بوو پڕۆسەکە تێک بدات، کاک نێچیرڤان رۆڵی هەبوو لە چارەسەری ئەو کێشە و گرێکوێرەیەدا. بەم دواییەش جەنابی کاک نێچیرڤانم بینی کە ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکرد، تەنانەت رۆژانی کۆنگرە و پێش کۆنگرە، پێی گوتم بە برادەرانی قەندیل بڵێ، من دەچم بۆ ئەنقەرە و ئەردۆغان، هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن دەبینم کە دۆسیەی کورد و پڕۆسەکە لای ئەوانە، چییان دەوێ، چ داواکاری و پێشنیازێکیان هەیە با پێیان بڵێم. منیش چوومە لای برادەرانی قەندیل و ئاگادارم کردنەوە کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەڵێت. ئەوانیش بۆچوونی خۆیان گوت و بە تەلەفۆن بە جەنابی سەرۆکی هەرێمم گوت و ئەویش کە چووە ئەنقەرە، هەموویانی بینیوە. خاڵێکی دیکە بۆ مێژوو دەیڵێم، هەرکاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و دەسەڵاتدارانی تورکیای بینیبێ، چ ئەردۆغان یان هاکان فیدان یان ئیبراهیم کاڵن بووبێ، ئەوا لەبارەی کێشەی کورد و چارەسەری کێشەی کورد قسەی کردووە، دواتریش منی ئاگادارکردوەتەوە و منیش برادەرانی قەندیلم ئاگادار کردوەتەوە. لە ماوەی پڕۆسەیەی پێشووی ئاشتی لە 2010 تاوەکو 2015 کە من جەنابی کاک نێچیرڤانم دەبینی، ئەوەی من تێگەیشتم لە فکرەی کاک نێچیرڤان ئەوەیە، ئەم جووڵانەوەیە کە ناوی پەکەکەیە، ئەم هێزە چەکدارەی گەریلا کە لە چیان و شەڕ دەکەن، بەرگری لە ناسنامەی 20 ملیۆن کورد دەکەن، ئەمە قسەی کاک نێچیرڤانە کە خۆم لێم بیستووە. ئێمەش کە کوردین و کوردایەتیمان کردووە، بنەماڵەی بارزانی کە هەزاران شەهیدی لە پێناوی کوردایەتی داوە، چۆن دەتوانین دژی ئەوانە ئیش بکەین یان دژیان بین؟ ئەوە چەندین جار کاک نێچیرڤان پێی گوتووم؛ جارێکیش جەنابی کاک مەسعودیش پێی گوتم، پێیان بڵێ کە دەستوەردان لە سیاسەتی باشووری کوردستان نەکەن، ئێمە هیچمان لەوان ناوێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم، هەرکاتێک کاک نێچیرڤان بەڕێز ئەردۆغانی بینیبێ، لەبارەی چارەسەری کێشەی کورد قسەی لەگەڵ کردووە و چی لەگەڵیان گوتبێت و ئەوانیش چییان گوتبێت بە منی گوتووە و منیش گەیاندوومەتە قەندیل. کاک نێچیرڤان لە هەردوو پڕۆسەی ئاشتی پێشوو و ئێستادا رۆڵی زۆر مرۆیی، کاریگەر و گەورەی هەبووە.
رووداو: ئەوەی من تێگەیشتم لە قسەکانت، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی نەبووایە زەحمەت بوو پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت لە تورکیا.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: وەکو گوتم، کاک نێچیرڤان رۆڵی هەبوو. لە پڕۆسەی ئاشتی کاک نێچیرڤان و خوالێخۆشبوو مام جەلال رۆڵیان هەبوو. ئەم پڕۆسەیەش کە لە مانگی چواری پار دەستیپێکرد، جاروبار کاک نێچیرڤان پەیوەندیی پێوە کردووم و هەر شتێکی بە باش زانیبێت بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە، بە منی گوتووە و منیش بە برادەرانی قەندیلم گوتووە. ئەمە راستییەکی مێژووییە و حەز دەکەم هەموو گەلی کورد بیزانێت.
رووداو: لەمەودوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات؟
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کوردانە و نیشتمانییە، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بەردەوام بێت لە پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە، هەوڵیش بدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کە لەم ماوەیەدا سەربەست دەبێت، چونکە وا بڕیارە هەر لە ئیمراڵی خانوویەکی بۆ بکەن و ستافێک لەوانەی کە لەدەوروبەرین لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و سزادراون بە لەسێدارەدان، کۆیان دەکاتەوە و نووسینگەیەک دروست دەکات، بڕیارە رێگەبدرێت خەڵک بچێتەلای و بتوانێت میدیاکان ببینێت، بۆیە داوام لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، پەیوەندی بە بەڕێز ئۆجەلانەوە بکات، چونکە لە تەلەفۆنەکەی پێشووی کە بۆ منی کرد، بەڕێز ئۆجەلان ئاگادارە، بۆیە حەز دەکەم خۆیشی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان قسە بکات و رۆڵی خۆی جارێکی دیکە ببینێتەوە؛ هەروەها داواکارم لەگەڵ ئەردۆغان، باخچەلی و هاکان فیدان قسە بکاتەوە کە دۆسیەکە لای ئەوانە، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمیسیۆنێکی فراوان لە سەرجەم لایەنەکانی پەرلەمانی تورکیا دروست بکرێت، دەم پارتی رۆڵی سەرەکی دەبێت و چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بۆ دەستکاریکردنی دەستوور و چارەسەری کۆتایی پرسی کورد، بۆیە حەزدەکەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمیسیۆنەش قسەبکات و پێشنیازەکانی بخاتەڕوو، ئەوەش رۆڵێکی مێژوویی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ