رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد دەڵێت، رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی "زۆر شکۆمەندانە" بوو. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بنێت، بەتایبەتی چاوەڕوانییەکی گەورە لە گوتارە "مێژووییەکەی" رۆژی شەممەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە.
چاندار هۆشداریش دەدات و دەڵێت، "ئەمە کۆتاییهاتنی خەباتی چەکدارییە، نەوەک چارەسەری کێشەی کورد. ئەگەر کێشە ریشەییەکە چارەسەر نەکرێت، هەڵگەڕانەوە بە شێوازێکی دیکە دەگەڕێتەوە."
جەنگیز چاندار، کە یەکێک بوو لە ئامادەبووانی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 11-07-2025 لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
چاندار رێوڕەسمی چەکدانانەکەی بە "زۆر کاریگەر" و "شکۆمەندانە" ناوبرد و گوتی، هەستی هەموو ئامادەبووانی جووڵاند، "شێوازی هاتنی گەریلاکان، وەستانیان، رۆیشتنیان، هەموو شتێک ئەوەندە شکۆمەندانە بوو کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو بینەران هەبوو. ئەوەی ئێمە شایەتحاڵی بووین زۆر جیدییە."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بە دیمەنی رۆیشتنی گەریلاکان دوای دانانی چەکەکانیان کرد و گوتی، "کاتێک بەرەو ئەشکەوتەکە دەڕۆیشتن، وەکو ئەوەی بەرەو نەمان بڕۆن. دیمەنێکی زۆر کاریگەر بوو بۆ هەموومان. بیرمان لەوە کردەوە کە ئەمانە منداڵانی وڵاتی ئێمەن. بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا لەدایکبوون."
جەنگیز چاندار جەختی کردەوە کە پەکەکە هەنگاوی خۆی ناوە و "ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیا هەنگاو بنێت" و گوتیشی، "ئەگەر کورد و تورک بە برایانە لە تورکیا بژین، ئەو کەسانەی وازیان لە چەکەکانیان هێناوە دەبێت بگەڕێنەوە تورکیا و لەنێو براکانیاندا بژین. بۆ ئەوەش، پێویستمان بە گۆڕینی یاسا و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان هەیە."
لەبارەی گوتارە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چاندار ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ گوتارەکە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، دەم پارتی ئەم پاییزە کۆنگرە دەبەستێت بۆ رێکخستنەوەی خۆی.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی:
رووداو: هەستتان چۆن بوو ئەمڕۆ؟ ئێوە لەوێ بوون، گەریلاکانتان بینی چەکەکانیان دادەنا.
جەنگیز چاندار: پێم وایە هەمان هەستی زۆرێک لەو کەسانەم هەبوو کە لەوێ بوون، چونکە لەبارەی هەستیان پرسیارم لێکردن و بۆم دەرکەوت کە هەستی من و هەستی ئەوان یەکانگیر بوو. رێوڕەسمێکی زۆر کاریگەر بوو بۆ هەموو ئەوانەی سەیریان دەکرد، زۆر کاریگەر بوو بەو مانایەی کە هەست و سۆزی خەڵکێکی زۆری جووڵاند. بۆچی؟ نەوەک لەبەر ئەوەی بۆ هەمیشە چەک دادەنێن، بەڵکو بەهۆی شێوازی ئەنجامدانییەوە، تەواوی رێوڕەسمەکە، زۆر شکۆمەندانە بوو. زۆر زۆر شکۆمەندانە، زۆر رێکخراو بوو. ئەو دەقەی کە بەسێ هۆزات خوێندییەوە، زۆر بە وردی نووسرابوو، باسی هەموو شتێکی کردبوو. شێوازی هاتنی گەریلاکانی پەکەکە بۆ شوێنی رێوڕەسمەکە، شێوازی وەستانیان، شێوازی رۆیشتنیان، هەموو شتێک ئەوەندە شکۆمەندانە بوو کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو بینەران هەبوو کە ئەوەی ئێمە شایەتحاڵی بووین زۆر جیدییە و ئەو شکۆمەندییە پەیامەکەی گەیاند کە داهاتوو گرنگ و بەردەوام و هەمیشەیی دەبێت. بۆیە ئومێد و گەشبینیی خستە دڵی هەموومانەوە کە رێگەی ئاشتی دەتوانێت بگاتە ئەنجام.
رووداو: هیچ دەرفەتێکتان هەبوو قسە بکەن؟
جەنگیز چاندار: نەخێر، نەخێر، نەخێر. لە سەرەتاوە زۆر تووند بوو. هیچ پەیوەندییەک، هیچ درووشمێک، هیچ شتێک نەبوو. ئەمەش بەشێکە لە جیدییەتی شکۆمەندانەی تەواوی بابەتەکە.
رووداو: بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، ئەمڕۆ پەیوەندی بە چەند هاوکارێکی ئێوەوە کرد، لەنێویاندا بەڕێز ئەحمەد تورک. ئایا دەزانن پەیامەکەی چی بووە و چی بە بەڕێز ئەحمەد تورک گوتووە؟
جەنگیز چاندار: ئەو پەیوەندی بە ئەحمەد تورکەوە کرد، بەڵام پێش ئەحمەد تورک، پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کرد، کە سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو، ئەو شوێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لێیە، لەگەڵ میتحەت سانجار کە لێرەیە. ئەو لەگەڵ من لە رێوڕەسمەکەدا بوو، هاوکارێکی زۆر نزیکمە. بۆیە بەڕێز باخچەلی پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کرد، پاشان دەوڵەت باخچەلی پیرۆزبایی لێکردوون لەسەر ئەو بەشدارییەی کردوویانە بۆ گەیشتن بەم خاڵە و بۆ هەڵوێست و هەوڵەکانی داهاتووی دەم پارتی کە هەموومان دەستمان پێکردووە.
رووداو: کاردانەوەکانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان و حکومەت لە تورکیا چۆن دەبینن؟
جەنگیز چاندار: تاوەکو ئێستا لە گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، لە وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و هەروەها لە سەرۆکی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن جەهەپە، ئۆزگور ئۆزێلمان بیستووە. هەموویان ئەرێنی بوون. من لەگەڵ وشەسازییەکەدا نیم، ئەو شێوازەی رستەکانیان پێ داڕشتووە.
رووداو: بەدیاریکراوی چی؟
جەنگیز چاندار: ئەمە هەڵوێستی منە. ئەوان زۆر جەختیان لەسەر کۆتاییهێنان بە تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی و شتی وەها دەکردەوە. بەڵام ئەو پەیامانەی کە دایان، دانیان بەوەدا نا کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بەرەو ئاشتی، سەرەتایەکی زۆر هیوابەخشە بۆ رێگەی ئاشتی لە تورکیا. بە گشتی، کاردانەوەکان زۆر ئەرێنین بەڵام وەک گوتم، من حەز ناکەم ئەم وشەی تیرۆر و تیرۆریزمە بەکاربێنم. من هەمیشە و بە ئاشکرا و هەروەها لە پەرلەمانی تورکیا، کاتێک مایکەکە لە پەرلەمان وەردەگرم، هەمیشە گوتوومە کە ئەمە هەڵگەڕانەوە بووە. ئێمە چەندین هەڵگەڕانەوەمان لە مێژووی کۆماری تورکیادا هەبووە. ئەو هەڵگەڕانەوەیە لەلایەن پەکەکەوە دەستی پێکرد و بەڕێوەچوو، دوایینیانە، دوایین هەڵگەڕانەوەیە. درێژترینیان بوو، 41 ساڵی خایاند. گاڵتە نییە، زۆر کەس چاویان بەمە کرایەوە، گەیشتنە 40ـەکان و لەگەڵیدا ژیان. بۆیە ماوەیەکی زۆر درێژە، چوار دەیە لە خەباتی چەکداری، بەڵام بۆ من، ئەمە هەڵگەڕانەوەی کوردییە، پێت خۆشبێ یان نا، لە رووی ئەکادیمی و زانستییەوە، من ناوی دەنێم هەڵگەڕانەوەی کوردی؛ درێژترین، بەهێزترین، فراوانترینی هەموو هەڵگەڕانەوەکانی سەرەتای کۆماری تورکیا لە 1920ـەکانەوە. ئێستا ئێمە دەگەینە کۆتاییەکەی. بۆیە رێوڕەسمی ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورە بوو بەرەو پێشەوە کە ئێمە شایەتحاڵی بووین، سووتاندنی چەکەکان، نەوەک خۆڕادەستکردن. هەڵوەشاندنەوە، سووتاندنیان، وازلێهێنانیان. پەیامێک بوو کە خەباتی چەکداری، هەڵگەڕانەوەکە کۆتایی هاتووە. وەک ئێوە منتان ناساند، پەرلەمانتاری دیاربەکرم، من نوێنەرایەتیی زۆرینەی گەلی کوردی تورکیا دەکەم، ئەوان زۆر هەستیارن بەرامبەر بەم وشەی تیرۆر و تیرۆریزمە و پێیان خۆش نییە. بۆیە من نوێنەرایەتیی هەستی بازنەی هەڵبژاردنەکەم دەکەم و پێم باشترە ناوی بنێم هەڵگەڕانەوەی کوردی نەوەک تیرۆریزم. بەڵام دواجار هەموومان هاوڕاین کە گەیشتووینەتە کۆتاییەکەی کە زۆر باشە.
رووداو: بەڵام ئێستا حکومەت پێویستە هەنگاوی هەبێت. ئەگەرچی سیمبوولیش بێت، بەڵام ئەوان [پەکەکە] هەنگاویان نا. ئێستا ئێمە چاوەڕێی چین لە دەوڵەت؟
جەنگیز چاندار: با شتێکی پڕسۆزت پێ بڵێم. کاتێک گەریلاکانی پەکەکە، دوای ئەوەی چەکەکانیان دانا و بە رێکوپێکی و بە شێوازێکی زۆر رێکخراو سووتاندیانن؛ کاتێک بەرەو دۆڵەکە، بەرەو ئەشکەوتەکە دەڕۆیشتن، وەک ئەوەی بەرەو نەمان بڕۆن. دیمەنێکی زۆر کاریگەر بوو بۆ هەموومان کە لە دواوە سەیرمان دەکردن. هەموومان، بیرمان لەوە کردەوە کە ئەمانە منداڵانی وڵاتی ئێمەن. ئەمانە بەشێکن لە گەلی ئێمە. بۆیە ئەوان دەڕۆن. بۆ کوێ دەڕۆن؟ بەبێ هیچ چەکێک، زۆر باشە، بەڵام بۆ کوێ دەڕۆن؟ بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە تێیدا لەدایکبوون و گەورە بوون. کاتێک ئێمە باس لەوە دەکەین، وەک بەڕێز باخچەلی زۆرجار باسی دەکات، برایەتیی نێوان کورد و تورک، ئینجا ئەگەر کورد و تورک بە برایانە لە تورکیا بژین، ئەو کەسانەی وازیان لە چەکەکانیان هێناوە دەبێت بگەڕێنەوە تورکیا و لەنێو براکانیاندا بژین. بۆ ئەوەش، ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی یاسایە، دەبێت لە تورکیا هەنگاو بنێین بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا و بەمەش ئاشتی بچەسپێنین. کاتێک دەڵێین 'ئێمە'، مەبەستمان ئێمە نییە وەک کەس بەڵکو دەوڵەتی تورکیا، حکومەتی تورکیا. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە تورکیا ئەو هەنگاوانە بنێت. سبەی، دەزانین و بیستوومانە کە سەرۆکی وڵات، بەڕێز تەیب ئەردۆغان، گوتارێکی مێژوویی دەبێ. جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە گوتارێکی مێژوویی دەبێت. بۆیە هیوادارین، منیش هیوادارم، کە پێشوازی بکات و هیوایەک بدات بۆ داهاتوو کە رەنگە یەکگرتنەوەیەک بۆ چەکدارەکان، چەکدارە کوردەکان هەبێت، تاوەکو بگەڕێنەوە تورکیا و لە کەشێکی برایانەدا بن، تاوەکو دووبارە ببنەوە بەشێک لە وڵاتەکەمان.
رووداو: ئێوە ناوتان نا هەڵگەڕانەوە، هەڵگەڕانەوەیەکی کوردی، بەڵام ئەگەر دەوڵەت هەنگاو نەنێت، ئایا پێت وا نییە کە ئەم هەڵگەڕانەوەیە جارێکی دیکە بە شێوازێکی جیاواز سەرهەڵبداتەوە ئەگەر کێشە ریشەییەکە چارەسەر نەکەن؟
جەنگیز چاندار: زۆر راستە، چونکە کاتێک قسەم دەکرد، تەنانەت لە پەرلەمان یان لەبەردەم خەڵکدا لە سێ چوار مانگی رابردوودا، گوتم کە ئەمە چارەسەری کێشەی کورد نییە. ئەمە کۆتاییهاتنی هەڵگەڕانەوەی کوردییە. ئەمە کۆتاییهاتنی خەباتی چەکدارییە، بەڵام چارەسەری کێشەی کورد نییە. رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد، کە دواتر دێت، بەڵام ئەگەر نەتوانین کێشەی کورد چارەسەر بکەین، وەک ئێوەش بەڕاستی لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێدا، ئەوا دەگەڕێتەوە. نەوەک لە مانگێک یان شەش مانگ یان ساڵێکدا، بەڵکو دوای پێنج ساڵ، دوای 10 ساڵ، دەگەڕێتەوە و دووبارە دەبێتەوە. ئێمە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا دەژین. رەنگە خەڵک نەبینین لە شاخەکان یان لە دۆڵەکاندا شەڕ بکەن. درۆنەکان، سەردەمی دیجیتاڵی، زۆر شتی جیاواز، تەنانەت لەوەش زیاتر کە بیری لێدەکەینەوە، دووبارە دەبێتەوە. بۆیە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێوشوێن بگرینەبەر، تاوەکو نەگەڕێتەوە.
رووداو: هەندێک زانیاری هەن کە دەم پارتی کۆنگرەیەک دەبەستێت، کۆنگرەی گشتیی پارتەکە بۆ رێکخستنەوەی پارتی سیاسی بەپێی دۆخە نوێیەکان لە پاییزدا. دەتوانن ئەمە پشتڕاست بکەنەوە یان رەتی بکەنەوە؟
جەنگیز چاندار: بەوریاییەوە پشتڕاستی دەکەمەوە. بەوریاییەوە پشتڕاستی دەکەمەوە چونکە هیچ روونکردنەوە و راگەیاندنێکی فەرمی لەسەر ئەمە نەبووە، بەڵام پشتڕاستی دەکەمەوە چونکە ئۆجەلان زیاتر لە جارێک گوتوویەتی کە دەم پارتی دەبێت رێکبخرێتەوە و رۆڵی پارتێک ببینێت کە توانای بەدەستهێنانی لانیکەم 20%ـی دەنگەکانی تورکیای هەبێت، کە رەنگە بیکاتە هاوبەشێکی دەسەڵاتی سیاسی لە داهاتوودا. ئینجا ئەگەر ئۆجەلان ئەم بیرکردنەوەیەی هەبێت و جەخت لەسەر ئەم پرسە بکاتەوە، دەتوانین چاوەڕێ بین کە لە هەفتە یان مانگەکانی داهاتوودا پارتەکە تووشی گۆڕانکارییەک بێت، بەتایبەتی کاتێک خەڵکێکی زۆر لە شاخ و لە دەرەوە لە تاراوگە دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا. ئەمانە لە کۆتاییدا کادری سیاسین، چونکە چیدیکە بە چەک شەڕ ناکەن یان لە تاراوگە ناژین. ئەگەر بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکەن، ئەوا دەبنە کادرە کۆن و نوێکانی دەم پارتی. بۆیە لەو رووەوە، بەڵێ، پشتڕاستی دەکەمەوە.
رووداو: جەنگیز چاندار، بەخێربێن بۆ رووداو، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
جەنگیز چاندار: من سوپاست دەکەم. جێی خۆشحاڵی بوو. زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ