نێرگس محەممەدی لەبارەی درامای ستایش: ئەو رۆڵە خاڵی گۆڕانکاری بوو لە ژیانمدا

11-10-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
 نێرگس محەممەدی، خانمە ئەکتەری ئێران و ناسراو بە ستایش.
نێرگس محەممەدی، خانمە ئەکتەری ئێران و ناسراو بە ستایش.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خانمە ئەکتەری دیاری ئێران، نێرگس محەممەدی، کە بە رۆڵی "ستایش" ناسراوە، لە یەکەمین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و بە بۆنەی بەشداریکردنی لە پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، میوانی رووداو بوو و رایگەیاند، ئەو رۆڵە خاڵی گۆڕانکاری بووە لە ژیانیدا و ئەزموونی ناسراوبوونی بەدەست هێناوە، لەبارەی خەڵکی کوردستانیشەوە دەڵێت: "خەڵکی زۆر میهرەبانن و ئەو میهرەبانییە لە زۆر شوێنی کەم ئاوا دەبینرێت".
 
نێرگس محەممەدی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، کە لەسەرەتای گەیشتنی بە سلێمانی ئەنجامدرا، باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستاش خەڵک زۆربەی بە ناوی "ستایش"ـەوە بانگی دەکەن و ئەوەشی بە جێگەی شانازی دەزانێت کە بەرهەمێکیان لە کوردستان ئەوەندە بینەری هەبووە، بە جۆرێک کە لە فڕۆکەخانەش بەو ناوەوە پێشوازی لێکراوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری سەرکەوتنی گەورەی دراماکە، ئەکتەرە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەدا کە چیرۆکەکە لەسەر بنەمای "لەخۆبردوویی و قوربانیدانی دایک بۆ خێزانەکەی" نووسراوە و زۆربەی ژنانی کۆمەڵگە، چ لە ئێران و چ لە هەرێمەکەش، خاوەنی ئەو خەسڵەتەن. گوتیشی: "من لەو بڕوایەدام کە ژن بە لەخۆبوردەیی لەدایک دەبێت و بەخشندەیی بە دەوروبەری دەبەخشێت".
 
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، "ستایش" بۆ یەکەمجار باسی ژیانی هاوسەرگیریی کرد کە دوای چاوپێکەوتنێکی چەند ساڵ پێش ئێستا پێکیهێناوە و گوتی: "لە کاتی ناسین تاوەکو هاوسەرگیری تەنیا چوار مانگی خایاند". هەروەها نێرگس محەممەدی ئاشکرای کرد، لەگەڵ هاوسەرەکەی کە سینەماکارە پڕۆژەی هاوبەشیان لە بەردەستە و هیوای خواست بتوانێت کاری هونەری لەگەڵ سینەماکارە کوردەکانیش ئەنجام بدات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نێرگس محەممەدی، خانمە ئەکتەری ئێران:
 
رووداو، سڵاوتان لێبێت، کاتێک کە بڵێین ستایش یان دایە سەنا، کەم کەس هەیە یەکسەر بیری بۆ لایە درامای ستایش و ئەو خانمە ئەکتەرەی ناوی ستایش بوو لەنێو دراماکەدا نەچێت، بە تایبەت ئەوانەی عاشقی درامای فارسین دەیناسنەوە، ئەمجارە لێرە لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی؛ نێرگس محەممەدی، ئەو خانمە ئەکتەرەیە کە رۆلی ستایشی بینی لێرەیە و میوانی ئێمەیە و یەکەم چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێمە ئەنجام دەدات. زۆر بەخێربێیت، حەزدەکەیت، پێت بڵێم دایە سەنا، ستایش، یاخود نێرگس خانم؟
 
نێرگس محەممەدی: من لەسەرەتادا دەمەوێ سڵاو لە هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەم کە ئەم بەرنامەیە دەبینن، بە سەرجەم بینەرانی کورد زمان، زۆر دڵخۆشم لێرەم، هەرچۆن پێتان خۆشە بانگکم بکەن، ئیدی من راهاتووم، ماوەی 10 ساڵە راهاتووم لەسەر ناوی ستایش. 
 
رووداو: زۆربەی بە ستایش بانگت دەکەن  
 
نێرگس محەمەمدی: هەموویان نا، بەڵام لە شارەکان زۆربەیان بە ستایش بانگم دەکەن.  
 
 رووداو: لێرە لە هەرێمی کوردستان، وابزانم دوێنێ گەیشتوویە ئێرە، دڵنیام ئەگەر بەناو فێستیڤاڵدا بڕۆی هەموویان دەتبینن و یەکسەر دەڵێن، ستایش هاتووە، زۆر گوێت لەو ناوە دەبێ؟
 
نێرگس محەمەدی: زۆر بەلامەوە سەرنجراکێش بوو، هەر لە سەرەتاوە کە گەیشتمە فڕۆکەخانە، پۆلیسە خۆشەوستەکان کە لە فرۆکەخانە بوون، لە راستیدا بۆ خۆم جێگەی باوەڕ نییە ئەوەندە لێرە ستایشیان بینیوە، من نازانم چەند جار پەخش بووە، بەڵام زۆر سوپاسی خەڵک دەکەم، زۆر سوپاسیان دەکەم کە ئەم درامایەیان دیوە و حەزیان لێبووە و ئەمە بۆ من جێگەی شانازییە.  
 
رووداو: نێرگس خان ئەم درامایە چی لە ژیانی تۆدا گۆڕی، دەزانین کاری دیکەت کردووە، بەڵام ستایش بەراستی بۆمب بوو، چی لە ژیانی تۆ گۆڕی، بەڕاستی دەتوانین بڵێن خاڵێکی گۆڕانکاری بوو؟  
 
نێرگس محەممەدی: شتێکی کە گۆڕی، من زۆر بچووکتر بووم و ئەزموونی ئەوەی هەموو کەس من بناسێ نەمبووە، من بەو درامایە ناسرام، ئەزموونی ناسراوبوونم بەو درامایە بەدەست هێنا، بەڵام لە ژیانی خۆمدا ئەر رۆڵەی دەمگێرا، ئێستا دەتوانم بڵێم دوای 10 ساڵ هێشتا باسی ئەو فیلمنامەیە دەکرێت، نووسەرێکی بەهێز بوو، ئێستاش کە سەیری دەکەین نوێیە و کۆن نەبووە، بە گشتی دراما کە دواتر سەیری دەکەیت بۆ ئەو سەردەم و رۆژە نییە (ئابدەیت نییە) بۆ خودی خۆم ئەزموونێکی سەیر بوو، ژیانێکی دیکە ژیام لەگەڵ دوو منداڵ و هاوسەرێک، کە لەدەستم داوە، ئەو رووداوانەی کە لەگەڵ خەزوورم روویاندەدا، هەست دەکەم کە بەشێکی دیکە و شتێکی دیکە ژیاوم، ئەم نێرگس محەممەدییە نییە.  
 
رووداو:  باشە چی بووە هۆی ئەوەی ناوی ستایش ئاوا بەناوبانگ بێت، بەڕاستی نهێنییەکەت پێ بڵێم، جوانییەکەت یەک لە هۆکارەکان بوو، خەڵک دەیانگۆت ستایش خانمێکی زۆر جوانە، دەورەکەت زۆر جوان بوو لە دراماکەدا، خانمێکی میهرەبان...
 
نیرگس محەممەدی: ئەزیزەکەم لەبەرئەوە، بە بڕوای من ئێمە ژنانی ئێرانی و هەروەها بڕوادەکەم لەو هەرێمەی ئێوەش هەر وا بێت، ژنانی زۆر لە خۆبردوون و لە نەوەی رابردوو ئەمە زۆر زیاتر بووە، ئەم لەخۆبردووییە لە ژیان زۆر زۆر بووە و من لەو بڕوایەدام، زۆربەی خێزانەکان هۆگری ئەمە بوون، ئێوە لە وڵاتێکی دیکەدان حەزتان لەو درامایەیە، لە زۆر جێگەی دیکە، ئەم درامایە پەخش بووە و خەڵک پێشوازی لێکردووە، بەهۆی ئەو رووداوانەیە کە بەسەر ژنێک دێن و بەهۆی ئەو قوربانیدان (لە خۆبردووییە) دایک بۆ خێزانەکەی هەیەتی، بۆ باوکی هەیەتی، بۆ براکەی هەیەتی. دەزانن چیرۆکی ئێمە سەرەتا بەوە دەستیپێکرد کە براکەی دەیەوێت بڕوات و دەچێت زێڕەکانی بۆ براکەی دەفرۆشێت، دەزانن بە درێژایی چیرۆکەکە، وابزانم 150 ئەڵقەی ستایشمان بەرهەمهێنا و لەو 150 ئەلقەیە بەردەوام خەریکی قوربانیدان و لە خۆبوردەییە، تەنانەت لە وەرزی سێیەم کە ئامادە نییە دووبارە هاوژینی بکات لەبەرئەوەی منداڵەکانی گەورەبوون، من لەو بڕوایەدام کە زۆر لە ژنانی کۆمەڵگە، لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان ئەم لەخۆبوردەییەیان بەرامبەر بە خێزانەکانیان هەیە، راستە نەوە گۆڕاوە، بەڵام هێشتا زۆرن ئەوانە، من لەو بڕوایەدام کە ژن بە لەخۆبوردەیی لەدایک دەبێت، واتە ژن بەخشندەییەکی هەیە کە ئەو دەبەخشێتە کەسانی دەوروبەری، من وابزانم بەهۆی ئەمەیە خەڵک زۆر حەزیان لەو درامایەیە.  
 
رووداو: ئەمڕۆ لێرە دەتبینین، یەکەم جارە دێیە هەرێمی کوردستان و سلێمانی، سەردانی شارەکانی دیکەت کردووە؟
 
نێرگس محەممەدی : بەڵێ ئەوە یەکەمجارە و زۆریش دڵخۆشم 
 
رووداو: چەند رۆژ دەمێنییەوە و پلانت چییە؟
 
نێرگس محەممەدی: چەند رۆژ؟ وابزانم تاوەکو هەینی لێرە دەبین، واتە تاوەکو پێنج رۆژی دیکە.  
 
رووداو: کەواتە تاوەکو کۆتایی فێستیڤال لێرە دەبن؟ 
 
نێرگس محەممەدی: بەڵێ تاوەکو پێنج رۆژی دیکە لێرەین و ئەو بڕیارەی کە داومە، وەکو هەمیشە حەزدەم وەکو هەموو ئەو وڵاتانە کە دەڕۆم، سەردانی خەڵک و بازاڕ و شوێنە جیاوازەکان بکەم، لەبەرئەوی من لەو باوەڕەدام کە دەبێ بچمە ناو دڵی خەڵکەوە، نامەوێ هەر لە هۆتێل دانیشم، دەمەوێ بڕۆم ببینم بزانم لێرە چۆنە، کولتووریان چۆنە، چی دەکەن، خواردنگەکان، دەمەوێ زیاتر سلێمانی بگەڕێم و ببینم.
  
روودو: لێرە لەگەڵ سینەماکار و هونەرمەندە کوردەکان یەکدیتان بینیوە؟
 
نێرگس محەممەدی: تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکمان نەکردووە، بەڵام بە شانازییەوە بۆ نا؟، لەبەرئەوەی سینەمای کوردستان، سینەمایەکی گرنگە، ئەو چیرۆکانەی ئەوان دەگێڕنەوە جیاوازن لەگەڵ ناوچەکانی دیکە، لەبەرئەوەی چیرۆکی بە ئازارن و سەلیقەی منە. هیوادارم ئەمە روو بدات و هیوای لەشساخی دەخوازم بۆ ئەوانەی کە ئەم فێستیڤاڵەیان سازکردووە، ئیشاڵڵا هەر بمێنێ و ئێمەش بتوانین لە 50 ساڵەی فێستیڤاڵ بەشدار بین.  
 
رووداو: باشە لە شەوی رابردووەوە کە گەیشتووی، ئێرەت چۆن بینیوە، شارەکە چۆنە، کەشوهەوا چۆنە؟ 
 
نێرگس محەممەدی: هێشتا دەرفەتم نەبووە کە بەرهەمەکان ببینم، لەمڕۆوە دەستم پێکردووە کە بەرهەمە کورتەکان ببینم، چەند بەرهەمی درێژ ببینم. 
 
رووداو: مەبەستم شارەکەت چۆن بینی؟
 
نێرگس محەممەدی:  هێشتا هیچ شوێنێکم نەدیوە، بازارەک هەبوو دوێنێ سەردانمان کرد، ئەمڕۆش هاتووینەتە ئەم بەرە، هێشتا هیچ شوێنێکم نەدیوە ، هەر لێرەوە بەڵێن دەدەم کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئێوە تەواو بێ دەچم سلێمانی دەگەڕێم. 
 
رووداو: دڵنیام خەڵک دڵخۆش دەبن
 
نێرگس محەممەدی: بەڵام شتێکی زۆر گرنگی دیکە هەیە و لەوکاتەوە کە هاتووم سەرنجی منی راکێشاوە، خەڵکی زۆر میهرەبانن (بەرەحمن) و ئەو میهرەبانییە لە زۆر شوێنی کەم ئاوا دەبینرێت.  

 

رووداو:  چەند ساڵ بەر لە ئیستا چاوپێکەوتنێکی تۆم بینی، پرسیار لەبارەی پێکهێنای هاوژینی دەکەن، تۆش زۆرت بە راشکاوانە وەڵام دەدەیتەوە کە تاوەکو ئەوکاتە هاوسەرگیریت نەکردووە، پێم بڵێ هیچ گۆڕانکارییەک رووی داوە؟ 
 
نێرگس محەممەدی: من هاوسەرگیرم کردووە، هاوژینم بەڕێز ئۆجییە، کە ئێستا دوو فیلمی لێرە بەشدارن، من لەلایەن خۆشەوستم عەلی-یەوە هاتووم، عەلی دوو فیلمی لێرە هەیە کە یەکێکیان بە ناوی( 6ی بەیانی) و ئەوەی دیکەیان کاری بەڕێز کەلارییە بە ناوی (پیاوکوژ)، بەڵام وابزانم لە فیستیڤاڵی ئیوە بە ناوی (هاوینی هەمان ساڵ)ـە ، من بەڕێوەبەری یەکێک لە پڕۆژەکان بووم و لە لایەن عەلییەوە هاتووم.  
 
رووداو: مەبەستم ئەوەبوو، دوای ئەو چاوپێکەوتنە هاوسەرگیریت کرد؟ 
 
نێرگس محەممەدی:  پشتی ئەو چاوپێکەوتنە بوو هاوسەرگیریم کرد. 
 
رووداو: ئەوە چۆن بوو؟ 
 
نێرگس محەممەدی: ماوەیەکی درێژ بوو عەلیم دەناسی، لەبەر ئەوەی ئەویش سینەماکار بوو، لە سینەما کاری دەکرد، بەڵام پێکەوە لە پرۆژەیەک کارمان کرد، لەوێ یەکدیمان ناسی و زۆر زوو هاوسەرگیریمان کرد و هەر زۆر زوو هاوسەرگیریمانکرد، لە کاتی ناسین تاوەکو هاوسەرگیری چوار مانگی خایاند.  
 
رووداو: کەواتە زانیارییەکانم راست بوون، دوای ئەوەی چاوپێکەوتنەکەت کرد دوای ئەوە ژیانی هاوبەشت پێک هێنا؟
 
نێرگس محەممەدی: نا، من ئەو کات هاوسەرگیریم نەکردبوو، لە بەرنامەکەش گوتم ، تەنانەت کاتێک بێژەرەکە لێی پرسیم گوتم خوازبێنیم نییە هەموو کەس وا بیریان دەکرد من خوازبینییەکانم رەت دەکەمەوە، بەلام لەراستیدا خوازبێنیم نەبوو، مەبەستم ئەوە بوو کە کۆمەڵگە گۆڕاوە و وەکو پیشتر کەس خوازبێنی ناکات . 
 
رووداو: ئایا دوای چاوپێکەوتنەکە زۆر کەس نامەیان بۆ دەناردی؟ لەبەر ئەوەی هەر کە ئەو چاوپێکەوتنەم دەبینی خەڵک لە کۆمێنت زۆر کاردانەوەیان هەبێ، دەیانگۆت چۆن دەبێ خانمێکی وەکو ستایش هێشتا هاوسەرگیری نەکردبێت؟  
 
نێرگس محەممەدی: بۆ نا؟ هەر زۆر کورتەنامەیان دەنارد دەیانگوت بۆ گوتووتە خوازبێنیت نییە، زۆر زۆر ئەو شتە روویدا، ئەو بەرنامەیە زیاتر لایەنی گاڵتەئامێزی هەبوو، بەڵام بۆ من باشییەکەی ئەوەبوو کە عەلیم ناسی و شتێکی باش روویدا.  
 
رووداو: بە گشتی کار و پرۆژە چی لەبەردەستتدا هەیە، لەسەر چی کاردەکەیت؟  
 
نێرگس محەممەدی: من ئێستا کار لەسەر بەڵگەفیلمێک دەکەم بۆ تیمی وەرزشی تۆپی پێی پێرسپۆلیسە، هەروەها درامایەک هەیە کە بڕیارە لەگەل عەلی کاری لەسەر بکەین و فیلمێکی سینەماییش هەیە.  
 
رووداو: ئیستا دراما و سینەمای فارسی و ئێران لە چ دۆخێکیدایە، بە بەراورد بە 5-6 ساڵی رابردوو چۆنە و زەمینە بۆ خانمان چۆنە؟ 
 
نێرگس محەممەدی: سینەمای ئێرانی ئەگەر لە من بپرسی، من جگە لەوەی کە خۆم ئەکتەری سینەمام، لایەنگرێکی سەرسەختی ئەم سینەمایەم، لە راستیدا سینەمایەکی زۆر کاریگەرە لە جیهان و ساڵانە فیلمەکانی ئێمە لە فێستیڤاڵە جیاوازەکان بەشدار دەبن، لەگەڵ هەموو ئەوە رێگرییانەی کە هەمانە زۆر باش کار دەکەن، تەنانەت ئەکتەرەکانی ئێمە ئەگەر لەگەڵ باشترینەکانی هۆلیوود بەراورد بکرێن ، لەوبڕوایەدام کە لە رووی تەکنیک و ئەکتەری و دەربڕین هیچیان لەوان کەمتر نییە و لەو بڕوایەدام کە لەوانیش باشتر دەبن و هیوادارم ئەم گەشەکردنە بەردەوام بێت و هەر رۆژ پیشکەوتنی زیاتر بەدەست بێنن،  بە بڕاوی من دەتوانێ لە ئاستێکی زۆر باشتر بێت، بەڵام ئێستاش پێگەیەکی باشی هەیە.  
 
رووداو: دوایین پرسیارم، چ پەیامێکت هەیە بۆ هەوادارانت لە کوردستان؟
 
نیرگز محەممەدی: من هیوای خۆشی بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەخوازم، لەبەر ئەوەی تاکە شت، کە من دەخوازم ئەوەیە، کە ئەم خۆشەویستییەیان، ئەم دڵخۆشییەیان ، ئەم میواندۆستییەیان هەر بمێنێ و لە نێو نەچێ، لەبەر ئەوی من دەزانم کۆمەڵگە بێ ئەوەی خۆی هەستی پی بکات، هەرچەندە باشیش بیت کۆمەڵگە شتێکت هەر پێ دەدات،  من هیوادارام کە ساڵانی دوور و درێژ هەر بەم شێوەیە بە هێز و سەقامگیری و و ئەم خۆشی و خۆشەویستییە کە هەیانە بۆیان بمێنی.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە